دانۆڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمەریکا ڕۆژی پێنجشەممە 13ی مانگی دوو ڕایگەیاند و وتی ئەگەر و دەرفەتی باش هاتوەتە ئاراوە بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی نێوان ئۆکرانیا و ڕووسیا.
سەرۆک ترامپ لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "تروث سوشاڵ" نووسیویەتی "دوێنێ گفتوگۆی باشم لەگەڵ ڕووسیا و ئۆکرانیا ئەنجامدا. ئەگەرێکی باش هەیە بۆ کۆتاییهێنان بەو شەڕە زۆر خوێناوی و ترسناکە."
دانۆڵد ترامپ ڕۆژی چوارشەممە لەگەڵ ڤلادیمێر پوتن سەرۆکی ڕووسیا و ڤلۆدیمیر زێلێنسکی سەرۆکی ئۆکرانیا قسەی کردووە.
سەرۆکی ئەمەریکا لە پۆستێکی دیکەدا هەر لەو تۆرە نووسیوێتی گفتوگۆیەکی زۆر باشی لەگەڵ ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی سەرۆکی ئۆکرانیا کردووە و ئەویش وەک پوتن خوازیاری ئاشتی بووە.
سەرۆک ترامپ ئاماژەی بەوەشکرد ئەم گفتوگۆیە لە ڕۆژی هەینی 14ی مانگی دوو لە کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن بەردەوام دەبێت کە تێیدا جێگری سەرۆکی ئەمەریکا جەی دی ڤەنس و وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا مارکۆ ڕوبیۆ ئامادە دەبن.
سەرۆکی ئەمەریکا بە دەربڕینی هیوا بۆ دەرئەنجامە "ئەرێنییەکان" لە کۆبوونەوەکەدا، جەختی لەوە کردەوە "کاتی ئەوە هاتووە ئەم شەڕە گاڵتەجاڕانە بوەستێنرێت کە تێیدا مردن و وێرانکارییەکی بەرفراوان و تەواو ناپێویست ڕوویداوە".
ڕووسیا لە مانگی دووی ساڵی 2022 هێرشی کردە سەر ئۆکرانیا و تا ئێستا توانیویەتی نزیکەی 20%ی خاکی ئەو وڵاتە بگرێت.