Accessibility links

سەرۆک ترامپ و سەرۆکی ڕووسیا باس لە پرسی شەڕی ئۆکرانیا دەکەن


سەرۆک دانۆڵد ترامپ ڕادەگەیەنێت وتووێژێکی تێروتەسەل و بەبەرهەمی بە تەلەفۆن لەگەڵ سەرۆکی ڕووسیا ڤلادمیر پوتن، ئەنەنجام داوە.

لە ڕاگەیاندێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی خۆی سەرۆک ترامپ ئاماژەی بەوە کرد لە گفتوگۆکەدا باسیان لە ئۆکرانیا، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، وزە، ژیریی دەستکرد، هێزی دۆلاری ئەمەریکایی و چەندین بابەتی تریش کردووە.

سەرۆک ترامپ دەشڵێت " هەردووکمان باسمان لە مێژووی گەورەی نەتەوەکانمان کرد، و ئەو ڕاستییەی کە لە جەنگی جیهانی دووهەمدا پێکەوە زۆر سەرکەوتووانە شەڕمان کرد. ئەوەمان بیرهێنایەوە کە ڕووسیا دەیان ملیۆن کەسی لەدەستدا، ئێمەش، بە هەمان شێوە، ئەوەندە زۆرمان لەدەستدا! هەریەکەمان باسمان لە خاڵە بەهێزەکانی نەتەوەکانمان کرد، و ئەو سوودە گەورەیەی کە ڕۆژێک دێت لە کارکردنی پێکەوەییدا دەمانبێت."

بەڵام گوتیشی سەرەتا وەک هەردووکمان ڕێککەوتین، دەمانەوێت ئەو ملیۆنان مەرگە بوەستێنین کە لە شەڕی ڕووسیا/ئۆکرانیادا ڕوودەدەن " ئێمە ڕێککەوتین کە پێکەوە کار بکەین، زۆر لە نزیکەوە، لەنێویاندا سەردانی وڵاتەکانی یەکتریش."

دواین جار کە سەرۆکێکی ئەمەریکا سەردانی ڕووسیای کردبێت سەرۆکی پێشوو باراک ئۆباما بوو کە لە مانگی حەوتی ساڵی 2009 سەردانەکەی و لەگەڵ سەرۆک دمێتری مدڤدێڤ و سەرۆک وەزیرانی ئەوکات ڤلامێر پوتن کۆبووەوە.

دواین جاریش کە سەرۆکێکی ڕووسیا سەردانی ئەمەریکای کردبێت لە مانگی هەشتی 2015 بوو لە سەروەختی خولی دووهەمی سەرۆکایەتی ئۆباما، سەرۆکی ڕووسیا ڤلادمێر پوتن لە پەراوێزی کۆبونەوەی ئەنجومەنی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان چاوی بە ئۆباما کەوت.

ئەم ڕاگەیاندنەی سەرۆک ترامپ لە کاتێکدایە هەر ئەمڕۆ چوارشەممە کۆبونەوەی هاوپەیمانانی لەشکری ئۆکرانیا لە بروکسڵ بەڕێوە چوو و وەزیری بەرگری ئەمەریکا پیت هێگسەت لەوێ بەشداری کرد.

وەزیری بەرگری ڕوونترین لێدوانی گشتی تا ئێستا سەبارەت بە ڕێبازی بەڕێوەبەرایەتی نوێی ئەمەریکا بۆ شەڕی نزیکەی سێ ساڵەی ئۆکرانیا پێشکەش کرد.

هەروەها بە هاوپەیمانەکانی ناتۆی ڕاگەیاندووە کە دەبێت هەنگاو بنێن و بەرپرسیارێتی زیاتر لە ئاسایشی ئەوروپا لە ئەستۆ بگرن و گوتی "ئێمەش وەک ئێوە ئۆکرانیایەکی خاوەن سەروەر و خۆشگوزەرانمان دەوێت."

سەرۆک ترامپ لە ڕاگەیاندنەکەی دا دەشڵێت "ڕێککەوتووین کە تیمەکانی خۆمان دەستبەجێ دەست بە دانوستانەکان بکەن، و بە پەیوەندیکردن بە سەرۆک زێلێنسکی، ئۆکرانیا، دەست پێدەکەین بۆ ئەوەی لە گفتوگۆکە ئاگاداری بکەینەوە، شتێک کە من لە ئێستادا ئەنجامی دەدەم."

گوتیشی داوای لە وەزیری دەرەوە مارکۆ ڕوبیۆ، بەڕێوەبەری سی ئای ئەی جۆن ڕاتکلیف، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی مایکل والتز و باڵیۆز و نێردەی تایبەت ستیڤ ویتکۆف کردووە، کە " سەرکردایەتی ئەو دانوستاندنانە بکەن کە هەستێکی بەهێزم هەیە سەرکەوتوو دەبن."

کرملنیش ڕایگەیاندووە ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا بە هاوشانە ئەمەریکاییەکەی گوتووە "دانوستانی ئاشتی" سەبارەت بە کۆتاییهێنان بە کێشەی ئۆکرانیا شیانی هەیە.

XS
SM
MD
LG