پۆلیسی سوید ڕۆژی چوارشەممە، 5 ی مانگی دوو ڕایگەیاند بەدواداچوون بۆ هۆکارەکانی کوشندەترین ڕووداوی تەقەکردن لە مێژووی وڵاتەکەدا دەکەن کە 11 کەسی تێدا کوژراون و دەڵێت تا ئێستا هیچ بەڵگەیەک نییە کە ئاماژە بەوە بکات هێرشبەرەکە لە ژێر کاریگەری بیروباوەڕی ئایینیدا بووە یان نا.
پۆلیس هۆشداری داوە لەوەی ژمارەی کوژراوان ڕەنگە بەرزبێتەوە بەهۆی برینداربوونی ژمارەیەک کەسی دیکەوە و دەڵێت ژمارەی بریندارەکان نادیارە.
سوید کە وڵاتێکە توندوتیژی بە چەک لە قوتابخانەکاندا تێیدا دەگمەنە، بەهۆی هێرشێکی ئاوا خوێناوییەوە تووشی شۆک بووە.
ئەو قوتابخانەیەی تییدا تەقە کراوە، شوێنی وانەی فێرکارییە بۆ ئاستی سەرەتایی و ناوەندی بۆ گەورەساڵانی سەروو تەمەنی بیست ساڵ.
سەنتەرەکە نزیکەی 200 کیلۆمەتر لە ڕۆژئاوای ستۆکهۆڵمەوە دوورە و هەروەها خولی زمانی سویدی تێیدا بۆ کۆچبەران وتراوەتەوە و ڕاهێنانی تەکنیکی و پیشەیی و پرۆگرامی تایبەت بە خاوەن پێداویستییە تایبەتەکانی پێشکەش کردووە.
بەڕێوەبەری پۆلیسی ناوچەکە بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاندووە، تۆمەتباری سەرەکی تەقەکردنەکەش کوژراوە.
سەرچاوە/رۆیتەرز