بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە واشنتن لەگەڵ ستیڤ ویتکاف، نێردەی تایبەتی ئەمەریکا بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و مایکل واڵتز، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی کۆبووەوەیەوە بۆ ئەوەی قۆناغی داهاتووی ئاگربەستی غەززە و ئازادکردنی بارمتەکان تاوتوێ بکەن.
دوابەدوای کۆبوونەوەکەی ئەو بەرپرسە باڵایانە، نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی ئیسرئیل ڕایگەیاند ئەو وڵاتە ئامادەکاری دەکات بۆ ناردنی تیمێک بۆ قەتەر لە کۆتایی ئەم هەفتەیەدا بۆ دانوستان لەسەر وردەکاری تەکنیکی پەیوەست بە بەردەوامی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکەی لەگەڵ حەماس.
نووسینگەی نەتانیاهۆ دیدارەکەی لەگەڵ نێردەی تایبەتی حکومەتی ئەمەریکا بە "ئەرێنی و دۆستانە" ناودێر کردووە.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند دۆحە هیوادارە دانۆڵد ترامپ سەرۆکی ئەمەریکا لە میانەی دیدارەکەی لەگەڵ بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، پشتیوانی هەوڵەکانی گەیشتن بە قۆناغی دووەمی ئاگربەستی غەززە بکات.
ماجد ئەلئەنساری لە چاوپێکەوتنێکدا ڕایگەیاند "ئێمە چاوەڕوانی ئەوە دەکەین سەرۆک ترامپ و ئیدارەکەی پەیامێکی ڕوون بنێرن کە پشتگیری لە دانوستانەکان و قۆناغی دووەمی ئاگربەست و ئاڵوگۆڕی دیلەکان بکەن، هەروەها بەردەوام بن لەم پرۆسەیە تا ئاشتییەکی تەواو بەدی دێت."
هەروەها هیوای خواست کە بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، لەگەڵ گەڕانەوەی بۆ ئیسرائیل، دەستبەجێ تیمی دانوستانکاری خۆی ڕەوانەی دۆحە بکات بۆ دەستپێکردنی قۆناغی دووەمی دانوستانەکان بە ئامادەبوونی ستیڤ ویتکاف، نێردەی تایبەتی ئەمەریکا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
بنیامین ناتانیاهۆ کە لە واشنتنە، بڕیارە لەگەڵ دانۆڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمەریکا کۆببێتەوە و پرسی غەززە و درێژەدان بە ئاگربەست یەکێک لە تەوەرە سەرەکییەکانی گفتوگۆی هەردوو سەرکردەکە بێت.
پێشتریش ڕاگەیەندرابوو کە ڕۆڵی حکوومەتی ئێران و هێزەکانی سەر بە حکوومەتی ئێران لە ململانێکانی ناوچەکەشدا بەشێک دەبێت لە وتووێژەکانی هەردوولا.
ڕێککەوتنی ئاگربەستی غەززە لە نێوان ئیسرائیل و حەماس لە ڕێگەی نێوەندگیری سێ وڵاتی قەتەر و میسر و ئەمەریکاوە گەیشتە ئەنجام و لەسەر بنەمای ئەو ڕێککەوتنە پێویستە قۆناغی دووەمی دانوستانەکان لە مانگی دووەوە دەست پێبکاتەوە.
قۆناغی دووەمی ئاگربەستی غەززە بریتییە لە ئازادکردنی هەموو بارمتە زیندووەکان و دامەزراندنی ئاگربەستی هەمیشەیی و کشانەوەی تەواوەتی هێزەکانی ئیسرائیل لە غەززە.
تاقمی فەلەستینی حەماس کە لە لایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێت و لەلایەن وڵاتانی جۆربەجۆری جیهانەوە لەوانە ئەمەریکا، یەکێتی ئەورووپا و کەنەدا وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی ناسراوە،لانیکەم هەزار و 200 کەسی کوشت و زیاتر لە 250 کەسی دیکەشیان لەزنجیرەیەک هێرشی تیرۆریستی بۆ سەر ئیسرائیل لە 15ی مانگی دەی ساڵی 2023. بە بارمتە گرت.
دوابەدوای ئەو هێرشە تیرۆریستییانە، سوپای ئیسرائیل هێرشێکی سەربازیی بۆ سەر غەززە کە لەلایەن هێزەکانی حەماسەوە کۆنترۆڵکرابوو، دەستپێکرد.
دوای کۆبوونەوەی ناتانیاهۆ لەگەڵ نێردەی تایبەتی ئەمەریکا، ئیسرائیل تیمێک ڕەوانەی قەتەر دەکات
