Accessibility links

بەرپرسانی ئەمەریکا: ئێران بە نهێنی خەریکی پەرەپێدانی ڕێگەیەکی خێرایە بۆ دروستکردنی چەکی ئەتۆمی


ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز بە پشت بەستن بە چەند سەرچاوەیەکی ئەمەریکایی لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاندووە کۆماری ئیسلامی ئێران بە کەڵک وەرگرتن لە ڕێگا کورت و خێراکان هەوڵی دروستکردنی چەکێکی ئەتۆمی سەرەتایی دەدات.

ڕاپۆرتەکەی نیویۆرک تایمز لە سەروبەندی دیداری سەرۆک کۆماری ئەمەریکا لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە کۆشکی سپی بڵاوکراوەتەوە کە ڕووبەڕووبوونەوەی بەرنامەی ئەتۆمی ئێران یەکێکە لە تەوەرە سەرەکییەکانی دانوستانەکانیان.

ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز ڕۆژی دووشەممە، 3ی مانگی دوو بە پشتبەستن بە لێدوانی ژمارەیەک بەرپرسی ئێستا و پێشووی ئەمەریکا ڕایگەیاند کە زانیارییە تازەکان سەبارەت بە بەرنامەی ئەتۆمی تاران، بەرپرسانی ئەمەریکایی گەیاندووەتە ئەو بڕوایە کە "تیمێکی نهێنی زانایانی ئێرانی بەدواداچوون بۆ ڕێگا خێراکان دەکەن بۆ دروستکردنی چەکێکی ناوکی، تەنانەت ئەگەر چەکەکە لە جۆرێکی سەرەتایش بێت."

بەگوێرەی ڕۆژنامەکە زانیارییەکان لەو بارەیەوە لە مانگەکانی کۆتایی بەڕێوبەرایەتی جۆو بایدن کۆکراونەتەوە و لەکاتی گواستنەوەی دەسەڵاتیشدا خراونەتە بەرچاوی تیمی ئاسایشی نیشتمانی دانۆڵد ترامپ.

لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە "تیمێکی نهێنی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران، بە لێکۆڵینەوە لە بژاردە نوێیەکانی پەرەپێدان، دەیەوێت لە ماوەی کەمتر لە ساڵێکدا و ئەگەر بکرێت لە ماوەی چەند مانگێکدا، ئەو ماددانەی کۆیکردووەتەوە، بیکاتە چەکێکی ناوکی."

ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوەشکردووە ئەو هەواڵە نوێیانە ئەمەریکا دەستی کەوتووە، ئاماژە بەوە دەکەن کۆماری ئیسلامی ئێران کە بەهۆی هێرشەکانی ئەم دواییەی ئیسرائیل "لاواز" بووە و هەروەها هێزە بە وەکالەتیشەکانیشی لەدەستداوە، بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی بە ڕێگەیەک بۆ گەڕاندنەوەی هێزی خۆی لە دژی ئەمەریکا و هێرشەکانی ئیسرائیل دەزانێت.

بەرپرسانی ئەمەریکا و ئیسرائیل پێیان وایە کە ئێران هەرگیز وەک ئێستا "لاواز" نەبووە؛ لەبەرئەوەی تاقمی توندڕەوی حەماس و ڕێکخراوی حزبوڵا کە بودجە و چەکەکانیان بەندە بە ئێرانەوە، دەسەڵاتی هێرشکردنە سەر ئیسرائیلیان لەدەستداوە، بەشار ئەسەد بەرەو مۆسکۆ هەڵاتووە، سوریاش چیتر ڕێگەیەکی ئاسان نییە بۆ گواستنەوەی چەکەکانی ئێران لەهەرێمەکەدا.

گرووپە توندڕەوەکانی حەماس و حزبوڵا لە لیستی تیرۆریستی ئەمەریکادان.

ڕاپۆرتەکە ئاماژەی بەوەش داوە لە کاتێکدا سوپای پاسداران "بەرپرسە لە پێشخستنی" پرۆگرامی ئەتۆمی ئێران و "بەدەستهێنانی ڕێگا کورت و خێراکان بۆ بەرهەمهێنانی بۆمبی ئەتۆمی"، حکومەتی مەسعود پزشکیان و سیاسەتمەدارانی سەر بە حکومەتەکەی کە پشتیوانی لە ئەگەری دانوستان لەگەڵ دانۆڵد ترامپ دەکەن، ئاگایان لە پلانە ڕاستەقینەکانی سوپای پاسداران بۆ پێشکەوتن بەرەو بەرهەمهێنانی چەکی ئەتۆمی لە ماوەیەکی کورتتر نییە.

کەریم سەجادپوور، شارەزا لە کاروباری ئێران لە دامەزراوەی کارنێگی بۆ ئاشتی نێودەوڵەتی لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز ڕایگەیاندووە "کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ دەیان ساڵە دۆخێکی هەیە کە تیایدا سوپای پاسداران کۆنترۆڵی بەرنامە ئەتۆمییەکەی و هێزە بەوەکالەتەکانی لە ناوچەکەدا دەکات و هەروەها دەست دەداتە سەرکوتکردنی ناوخۆیی وبە بارمتەگرتن و تیرۆرکردن."

بە گوتەی سەجادپوور، ئەمە لە کاتێکدایە کە ئەو دیپلۆماتکار و سیاسەتمەدارانەی کە ڕێگەیان پێدراوە قسە لەگەڵ میدیا و بەرپرسانی ڕۆژئاوا بکەن، "بێ ئاگان" لە ڕاستییەکانی بەرنامە ئەتۆمییەکەی وڵاتەکەیان و "ئەرکیان لەسەرە کە ئینکاری بەرنامە ناوکییەکان" بکەن بەرامبەر بە بیانییەکان.

بەرپرسانی ڕۆژئاوا و ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی لە مێژە ڕایانگەیاندووە کە پیتاندنی یۆرانیۆم لە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران کە لە ئێستادا لە ئاستی 60 لەسەد پیتێن دەکرێت، دەتوانرێت تەنها لە ماوەی چەند ڕۆژێکدا بۆ بەرهەمهێنانی بۆمب بەرز بکرێتەوە و ئەو یۆرانیۆمەش ئێران هەتا ئێستا کۆی کردووەتەوە، بەشی بەرهەمهێنانی 4 بۆ 5 بۆمبی ناوکی دەکات.

بەرپرسەکانی ئەمەریکا پێیان وایە ئەو چەکەی ئێران کە لە ڕێگە کورت و خێراکانەوە بەرهەمی دەهێنێت، نابێتە هۆی "مەترسی هێرشکردنی دەستبەجێ" و بەکارهێنانی لە دژی ئیسرائیل ئاسان نابێت، بەڵام ڕێگە بە تاران دەدات جیهان ئاگادار بکاتەوە لەوەی کە بۆمبێکی ئەتۆمی لەو شێوەیەی هەیە، بۆ ئەوەی ئەو وڵاتانەی دەیانەوێت هێرش بکەنە سەر ئێران، بەە وریاییەوە هەنگاو هەڵبگرن.

دانۆڵد ترامپ لە هەفتەی یەکەمی گەڕانەوەی بۆ سەر دەسەڵات ڕایگەیاند، ئەگەر پرسی ئەتۆمی ئێران بەبێ هێرشی ئیسرائیل چارەسەر بکرێت، باش دەبێت.

لە هەمان کاتدا مارکۆ ڕوبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا سەبارەت بە ئەگەری گەڕانەوەی سیاسەتی "زۆرترین فشار"ی بەڕێوبەرایەتی ترامپ بۆ سەر تاران بە فاکس نیوزی ڕاگەیاند ئێران هێشتا هەوڵی بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی دەدات.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی نیویۆرک تایمز ئەم زانیارییە نوێیان سەبارەت بە هەوڵەکانی سوپای ئێران بۆ گەیشتن بە ڕێگایەکی خێراتر بۆ دروستکردنی چەکی ئەتۆمی لە کاتێکدا گواسترایەوە بۆ تیمی دانۆڵد ترامپ کە مەسعود پزشکیان لە وتارەکانی ئەم دواییەیدا، چەندین جار بە شێوەی ناڕاستەوخۆ پەیامی بۆ دانوستان لەگەڵ بەڕێوبەرایەتی ترامپ ناردووە.

سەرچاوە/رادیۆ فەردا

XS
SM
MD
LG