بەپێی زانیارییەکانی گرووپێکی چاودێری شەڕ و سەرچاوە ناوخۆییەکان، سەرهەڵداوانی سووریا ڕۆژی هەینی چەند گەڕەکێکیان لە شاری حەلەب کۆنترۆڵکردووە، لە کاتێکدا شەڕ و پێکدادانەکان لەگەڵ هێزەکانی حکومەت بەردەوامە.
ڕوانگەی سوریا بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕایگەیاندووە، لە ئێستادا پێنج گەڕەک لە کەناری ڕۆژئاوای حەلەب لەلایەن هێزە چەکدارەکانی سەر بە تورکیا و ملیتانەکانی هەیئەت تەحریر ئەلشام، کە پێشتر سەر بە ئەلقاعیدە بوو، دەستیبەسەردا گیراوە.
شایەتحاڵێک لە شاری حەلەب کە بەهۆی ئاسیشی نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، بۆ دەنگی ئەمەریکا پشتڕاستکردەوە هێزەکانی یاخیبووان لانیکەم لە پێنج گەڕەکی شارەکەدا پێشڕەوییان کردووە، دوای پێکدادانەکانیان لەگەڵ هێزەکانی سەر بە بەشار ئەلئەسەد.
ئەمە یەکەم هێرشی گەورە بوو بۆ سەر حەلەب لە دوای ساڵی 2016ەوە، کاتێک هێزەکانی حکومەتی سوریا بە پشتیوانی میلیشیاکانی سەر بە ئێران و هێزی ئاسمانی ڕووسیا، لە کاتی لوتکەی شەڕی ناوخۆی سوریادا، لایەنە یاخیبووەکانیان لە بەشەکانی ڕۆژهەڵاتی شارەکەوە دەرکرد.
شایەتحاڵێکی دیکەی شاری حەلەب کە ئەوەیش داوای کردووە ناوی ئاشکرا نەکرێت، وتی شەڕەکە هەزاران دانیشتووی ناچارکردووە بەرەو ناوچە سەلامەتەکانی شارەکە هەڵبێن. ئەو ژنە شایەتحاڵە، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاندووە، بە چاوی خۆی هەندێک پێکدادانی لە لە گەڕەکەکەی لە بەشی ڕۆژهەڵاتی شارەکە بینیوە. ئاماژەی بەوەشکردووە، هێزەکانی حکومەتی سوریا لە کۆتاییدا لە ناوچەکە کشاونەتەوە.
ڕووداوەکانی ڕۆژی هەینی لە حەلەب بەشێکە لە هێرشێکی گەورە کە لەلایەن یاخیبووانی سوریا و هاوپەیمانەکانیانەوە لە ڕۆژی چوارشەممەوە دەستیپێکردووە. هێزەکانی یاخیبووان ڕایانگەیاندووە، لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا دەیان شارۆچکە و گوندی پارێزگاکانی حەلەب و ئیدلبیان کۆنترۆڵکردووە.
سوپای سوریا ڕۆژی هەینی لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند "هێزە چەکدارەکانی کە لە هێڵەکانی پێشەوە لە لادێکانی حەلەب و ئیدلب چالاکی دەکەن، بەردەوامن لە بەرپەرچدانەوەی ئەو هێرشە گەورەیەی کە لەلایەن ڕێکخراوە تیرۆریستییەکانەوە ئەنجامدراوە."
سوپای سوریا هیچ لێدوانێکی لەسەر دۆخی بەردەوامی شاری حەلەب نەداوە.
شارەزایان دوایین پێشهاتەکانی حەلەبیان بەستووەتەوە بە گۆڕانکارییەکانی تر لە شوێنەکانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ڕوویانداوە.
ئەحمەد ڕەحال، ژەنەراڵێکی پێشووی سەربازی سوریا کە لە ساڵی 2012 لە سوپا کشاوەتەوە و ئێستا شرۆڤەکاری سەربازیە لە ئەستەنبوڵ، دەڵێت "لە ساڵی 2016ەوە ئەوانەی بەرگرییان لە حەلەب دەکرد ئێران و [گرووپی چەکداری لوبنانی] حزبوڵڵا بوون، بەڵام ئێستا هەردووکیان لە بارودۆخێکی زۆر جیاوازدان."
ڕەحال لە لێدوانەکەیدا بۆ دەنگی ئەمەریکا گوتیشی " ئێران لە ئێستادا سەرقاڵی ململانێکانی لەگەڵ ئیسرائیلدایە و حزبوڵا نزیکە لە لەناوچوون [لەلایەن ئیسرائیلەوە]." گوتیشی " ڕژێم ناتوانێت بەرگری لە حەلەب بکات، بەتایبەتی دوای ڕووخانی تەواوەتی ڕۆژی هەینی لە پێنج گەڕەکی شارەکەدا."
لە کاتێکدا کە ڕووسیا یەکێکە لە پشتیوانە سەرەکییەکانی حکومەتی ئەسەد، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا هێرشی ئاسمانی بۆ سەر هێزەکانی یاخیبووان ئەنجامداوە، بەڵام چەکدارەکانی کە پێشڕەوییان کردووە بۆ ناو شاری حەلەب نەکردووەتە ئامانج. بەپێی ڕاپۆرتی ڕوانگەی سوریا، فڕۆکە جەنگییەکانی ڕوسیا ڕۆژی هەینی لانیکەم 20 هێرشی ئاسمانییان لە پارێزگای ئیدلب لە باکوری ڕۆژئاوای سوریا ئەنجامداوە.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا، ئۆنجو کیچەلی، ئەمڕۆ هەینی لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، " پێکدادانەکانی ئەم دواییە بووەتە هۆی پەرەسەندنی نەخوازراوی گرژییەکان لە ناوچەکەدا"، داوای لە لایەنە شەڕکەرەکان کرد ڕێز لە ڕێککەوتننامەکانی پێشووی کەمکردنەوەی پەرەسەندن بگرن کە لەلایەن تورکیا و ڕووسیا پشتیوانی کراوە.
نیکۆلاس هێراس، پسپۆڕی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ئینستیتیوتی نیو لاینز، کە گروپێکی توێژینەوەیە و بنکەکەی لە واشنتنە، ڕایگەیاندووە، تورکیا لە مێژە ناڕازییە لە بێتوانایی ڕووسیا لە گەیاندنی ڕێککەوتنێک بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی ئانکەرە لەگەڵ حکومەتی ئەسەد، ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەم هێرشەی ئێستا دەکرێت لە چوارچێوەی ئەو ستراتیژییەدا دابنرێت."
هێراس بەدەنگی ئەمەریکای ڕاشگەیاند "نە ڕوسیا و نە ئێران هیچ بەرژەوەندییەکیان نییە کە شاری حەلەب بکەوێتە دەست یاخیبووانی سوریا و ئەمەش بەو مانایەیە کە مەترسی ڕاستەقینە هەیە ڕەوشەکە بگۆڕێت بۆ قەیرانێکی گەورەتر."
گوتیشی "مۆسکۆ و تاران ناخوازن ئەسەد بخەنە مەترسی لە دەستدانی حەلەبەوە، چونکە تێڕوانینێک لە سەرانسەری ناوچەکەدا هەیە کە [ئەو میحوەرەی بەرخۆدان کە ئێران خۆی وەسفی دەکات] لە مترسیدایە، دوای ئەوەی حزبوڵڵا و حەماس زیانێکی گەورەیان لە هەڵمەتە سەربازییەکانی ئیسرائیل لە غەززە و لوبنان پێگەیشتووە.