ئاژانسی هەواڵی ئەسۆشیەیتد پرێس لە ڕاپۆرتێکدا بڵاویکردووەتەوە کە ڕووسیا ژنانی گەنجی ئەفریقا بە بەڵێنی گەشتی خۆڕایی و پارە و خوێندنی بێبەرامبەر ڕادەکێشێت بۆ ئەو وڵاتە، بەڵام دواتر لەبری کار و خوێندن، دەیانباتە کارگەکانی دروستکردنی چەک بۆ بەرهەمهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان.
هەندێک لەو ژنانە لە چاوپێکەوتنەکانیدا لەگەڵ ئاژانسی ئەسۆشێتد پرێس، گلەیییان لە کاتژمێرە درێژەکانی کارکردن لە ژێر چاودێری بەردەوام و شکاندنی بەڵێنەکان سەبارەت بە بوارەکانی کار و خوێندن و کارکردن لەگەڵ ماددە کیمیاییە سووتێنەرەکان کردووە.
کرێملین بۆ قەرەبووکردنەوەی کەمیی هێزی کار لە ڕووسیا، ژنانی تەمەن 18بۆ 22 ساڵ لە شوێنەکانی وەک ئۆگاندا، ڕواندا، کینیا، باشووری سودان، سیرالیۆن و نەیجیریا و هەروەها وڵاتی سریلانکای باشووری ئاسیا وەرگرتووە و بڕیارە ئەم هەڵمەتەش بۆ شوێنەکانی دیکەی ئاسیا و هەروەها ئەمریکای لاتین فراوانتر بکرێت.
ڕووسیا و ئێران لە ساڵی 2022 ڕێککەوتنێکی یەک ملیار و 700 ملیۆن دۆلاریان واژۆکرد، ئەمەش دوای ئەوەی ڤلادیمێر پوتین سەرۆک کۆماری ڕووسیا ئۆکرانیای دراوسێی داگیرکرد. مۆسکۆش لە کۆتاییەکانی هەمان ساڵدا دەستیکرد بە بەکارهێنانی هاوردەکردنی ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانانەی ئێران بۆ بەکارهێنانی لە شەڕەکەیدا دژی ئۆکرانیا.
سەرچاوە/AP