Accessibility links

ئاژانسی ڕۆیتەرز دەڵێت ڕێبازی ئەمەریکا بەرامبەر بە شەڕی ئیسرائیل لەگەڵ حزبوڵا گۆڕاوە


ئاژانسی ڕۆیتەرز لە راپۆرتێکدا بڵاویکردووەتەوە کە ئەمەریکا دوای چەند هەفتەیەک لە دیپلۆماسی چڕ بە ئامانجی دەستەبەرکردنی ئاگربەست لە نێوان ئیسرائیل و چەکدارانی حزبوڵا، لەئێستادا هەوڵەکانی بۆ ئاگربەست کەمکردووەتەوە و ڕێبازەکەی بەرامبەر بەو گرژییانە گۆڕیوە.

پێشتر ئەمریکا و فەرەنسا پێشنیازی ئاگربەستی سێ هەفتەی نێوان ئیسرائیل و حزبوڵایان کردبوو، بەڵام ئێستا داواکارییەکانی ئەمەریکا بۆ ئاگربەست کەمبوونەتەوە.

بە پێی ڕاپۆرتێکی ئاژانسی ڕۆیتەرز، ئەمەریکا لە لاوازبوونی حیزبوڵا کە لە لایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێت، سوودمەندە و لاوازبوونی ئەم گرووپە بە کەمبوونەوەی کاریگەربوونی ئێران لە ناوچەکەدا دەزانێت.

حزبوڵا گرووپێکی چەکداری و پارتێکی سیاسییە لە لوبنان کە بەشێکی زۆری باشووری لوبنانی بەدەستەوەیە و لەلایەن ئەمەریکاوە وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی دەستنیشان کراوە.

ئاژانسی ڕۆیتەرز ڕایدەگەیەنێت زیانە سەربازییە بەرچاوەکانی ئیسرائیل بە حزبوڵا، هیوای ئەوە دەوروژێنێت کە ئەو گروپە چەکدارە ڕازیبن بە چەکداماڵین و ڕێگە خۆشبکەن بۆ هەڵبژاردنی حکومەتی نوێ لە لوبنان.

مەتیۆ میلەر وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لەم هەفتەیەدا بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند کە ئەمەریکا پشتیوانی لە لەناوبردنی ژێرخانی سەربازیی حزبوڵا دەکات "بۆ ئەوەی بتوانین بگەینە چارەسەرێکی دیپلۆماسی".

ئەو ڕاپۆرتە هەروەها دەشڵێت واشنتن درکی بەوە کردووە کە ناتوانن بەر بە ئیسرائیل بگرن بۆ لەناوبردنی حزبوڵا و لەلایەکی دیکەشەوە نیگەرانن لەوەی هێرشە بەرفراوانەکانی ئیسرائیل ببێتە مەترسی تەشەنەسەندنی شەڕەکە بۆ ناوچەکە.

جان ئاڵتەرمان، بەرپرسێکی باڵای پێشووی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا دەڵێت، ئەگەر نەتوانین ڕێبازی ئیسرائیل بگۆڕین، پێویستە هەوڵبدەین بە شێوەیەکی بنیاتنەر ئاڕاستەی بکەین.

هەروەها ئێرین دەیڤد میلەر، دانوستانکاری پێشووی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ڕایگەیاندووە کە چانسی سنووردارکردنی ئیسرائیل کەمە و لە لایەکی دیکەشەوە هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر حزبوڵا سوودی بۆ ئەمەریکا هەیە.

بەشێک لە سەرچاوە ئەوروپییەکان بە ئاژانسی ڕۆیتەرزیان ڕاگەیاندووە، ئەمەریکا چیتر هەنگاوی مانادار بۆ دامەزراندنی ئاگربەست لە نێوان ئیسرائیل و حزبوڵا هەڵناگریت و دەشێت ئەم شەڕە بۆ چەند هەفتەیەک بەردەوام بێت.

سەرچاوە/ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG