فەوزییە ئەمین سەیدیۆ تەمەنی 10 ساڵ بوو ئەو کاتەی داعش لە مانگی 8ی ساڵی 2014 هێرشی کردە سەر شنگال و وەکو کۆیلەی سێکسی ڕفاندی بۆ سوریا؛ سەرەتای ئەم مانگە لە ئۆپەراسیۆنێکی ئاڵۆزی نێودەوڵەتیدا لە غەززە ڕزگارکرا.
وەکو یەکەم دەزگای ڕاگەیاندن، دەنگی ئەمەریکا دوای گەڕانەوەی فەوزییە بۆ باوەشی خێزانەکەی لە شنگال ڕۆژی 4-10-2024 چاوپێکەوتنێکی زیاتر لە 30 خولەکی لەگەڵ ئەنجامدا. چاوپێکەوتنەکە لەسەر داوای فەوزییە بە زمانی عەرەبی ئەنجامدراوە و زۆر وردەکاری چیرۆکە دڵتەزێنەکەی ئەم ژنە ئێزیدییەی تێدایە.
ئەمەی خوارەوە دەقەکەیەتی و لینکی تەواوی چاوپێکەوتنەکە لە بەشی خوارەوەی ڕاپۆرتەکە داندراوە.
فەوزییە: لە کاتی هێرشکردنە سەر شەنگال لەلایەن داعشەوە و کاتێک ئێمەیان ڕفاند و بەرەو سوریا بردیانین، دەستیان بە فرۆشتنی کچان و ژنان و منداڵەکان بە گەورە و بچوکەوە کرد، لەکاتێکدا پیاوەکانیان کوشت و تەنها کچان و ژنان مانەوە. ئیتر ئەوەی بەدڵیان ئەبوو گلیان ئەدایەوە و ئەوەی بەدڵیان نەبوو دەیانفرۆشت.
من پێنج جار فرۆشراوم. منیان بە پیاوێک دا بەناوی ئەبو محەمەدی عەدنانی. دوای ئەوەی ئەو کوژرا، سێ جاری تر منیان فرۆشتەوە و لەدواییدا بڕیاریان دا بمدەن بە شوو. ئیتر شووم بەو پیاوە فەلەستینیە کرد لە سوریا، کە نزیکەی ساڵێک و هەشت مانگ لەگەڵیدا مامەوە.
سەرەتا من 9 مانگ لە گرتووخانەیکدا بووم لە شوێنێک لە ژێر زەمینێکدا. لەو ماوەیەدا ڕووناکی ڕۆژمان نەبینی. جاری وا هەبوو بە حەوت ڕۆژ نان و ئاومان نەدەخوارد . لە پاشاندا بەرەو گرتووخانەیەکی تر ئێمەیان برد، ناوی نازانم، لە پارێزگای ڕەقە.
بۆ ماوەی 72 ڕۆژ لەو گرتووخانەیە کە هەموو ڕۆژێکی وامان دەزانی ئازادمان دەکەن، بەڵام بەداخەوە هیچ هیوایەک نەبوو. دەمەویست پەیوەندی بە خێزانەکەمەوە بکەم، وە دوو برای خۆمم لەگەڵدا بوو لەوێ. تەنها ئەوەمان دەویست گوێمان لە دەنگی دایکمان بێت، بەڵام ئەوان نەیاندەهیشت تەنانەت تەلەفۆن بەدەستمانەوە بێت. نەماندەتوانی زۆر شت بکەین؛ لێیان قەدەغە کردبووین بچینە دەرەوە یان هیچ شتێک بکەین.
لەدوای ئەو ماوەیە، چەند داعشێک هاتن بۆ گرتووخانەکە کە بریتی بوون لە ئەبو محەمەدی عەدنانی و ئەبو بەراقی جزراوی و ئەبو یەحیای عێراقی. ئەو داعشانە چوار کچیان لە گرتووخانەکە برد کە یەکێکیان من بووم. ئێمەیان برد بۆ بازاری فرۆشتنی کەنیزەکان.
لە ناو بازاڕی فرۆشتنی کەنیزەکان، داعشەکان دەهاتن بە ڕیز دادەنیشتن و کچێکیان دەهێنا، بۆ نمونە سینی چاییان پێدەگێرا بۆ ئەوەی پێشکەشی ئامادەبوانی بکات، هەتا لەم ڕێگەیەوە داعشەکان کچەکە لە پێشەوە و دواوە و لەهەموو لایەکەوە ببینن. یان لە شوێنێک وێنەیەکیان دادەنا و بە کچ و ژنەکانیان دەگوت، “سەیری ئەم وێنەیە بکەن.” ئەمە بۆ ئەوە بوو دەمووچاویان ببینن. بەم جۆرە فرۆشتنی کەنیزەکان نمایش دەکرا.
ئیتر لەو بازاڕەدا ئەبو محەمەدی عەدنانی هات و منی کڕی. منی نەکڕی بەڵکو وەکو دیارییەک بۆ خۆی بردم. من و سێ کچی تری برد. ئەو ئێمەی بردە شوقەیەک کە لەوێش پێنج کچی تری ئێزدی لێبوو. بەڕاستی دڵمان ئارامبووەوە کە چاومان بەکچانی ئێزدی تری وەک خۆمان کەوتەوە. ئیتر سێ مانگ لەو شوێنە لەگەڵیاندا ژیاین کە لەو ماوەیەدا فێری ئیسلامیان کردین. من لەو کاتەدا هیچ تێنەدەگەیشتم چونکە منداڵبووم و تەمەنم تەنها نۆ ساڵبوو، ئیتر قەناعەتم کرد بە ئاینی ئیسلام.
دوای سێ مانگ ئەبو محەمەد ئەلعەدنانی بڕیاری دا ئێمە بگوازرێینەوە بۆ شوێنێکی تر. لەو شوێنە پیاوێکی لێبوو بەناوی ئەبو بەراقی جەزراوی کە دەیویست ئەو شتەم لەگەڵ بکات، واتا دەستدرێژی سێکسی. ئەو کەسە، بەراقی جەزراوی، پیاوێکی ئێجگار خرابوو، بە کچەکانی ڕاگەیاندبوو کە دەبێت منی بۆ ساز و ئامادەبکەن و جلوبەرگی تایبەتم بکەنە بەر کە ئەو هەڵیبژاردبوون هەتا لەکاتژمێر 10ی شەودا دەستدرێژیم بکاتەسەر. من منداڵبووم نەمدەزانی باسی چێ ئەکەن و ئەو کارە واتای چییە و هەروەها زمانی عەرەبیم نەدەزانی کە ئەوان قسەیان پێی ئەکرد. لەدواییدا فەرمانێک هات کە ئەو پیاوە نابێت نزیکم بکەوێتەوە.
لە پاشاندا پیاوێکی فەلەستینی هات، ئەو پیاوە نا کە منیان دا بە شوو پێی. بڕیاریان دا کە جارێکی تر بمبەنەوە بۆ بازاڕی فرۆشتنی کەنیزەکان. من دەستمکرد بە گریان و زۆر ئەترسام، هەر ئەگریام و دەمگوت ئەمەم ناوێت بمبەنەوە بۆ دایکم بەڵام بەداخەوە کەس بەدەنگمەوە نەهات.
لەو ماوەیەدا 15 کچی تری ئێزدیم لەگەڵدا بوو. هەر دەمەی ئەهاتن یەکێکیان دەبرد و یەکێکی تریان دەهێنا. ئەو کەسەی منی بردە بازاری کەنیزەکان بۆ فرۆشتنم ناوی ئەبو ماجدی مەقدیسی بوو. ئیتر لەماوی سێ ڕۆژدا پیاوێکی بەرپرسیان هات بەناوی ئەبو عەبدولڕەحمانی لازقی کە منی برد بۆ لای ژنەکەی کە ئەویش ئافرەتێکی ئێزدی بوو ، وە بڕیاری دا وەک کچی خۆی ئاگای لێمبێت.
دەنگی ئەمەریکا: هەتا ئەم ساتەش کەس دەستدرێژی کردبووە سەرت؟
فەوزییە: نەخێر، چونکە پێگەیشتوو نەبووم. کەسانی تر هەبوون کە پێگەیشتووش نەبوون کەچی دەستدرێژییان دەکرایە سەر. بەڵام بۆ من ئەوان قەناعەتیان کردبوو کە بوومەتە ئیسلام بۆیە بۆ ئەم ماوەیە کەسیان لێم نزیکنەبوونەوە. هەروەها فەرمانێک هاتبوو لەلایەن ئەبو محەمەدی عەدنانییەوە کە کەس دەستم لێنەدات چونکە ئەو دەیویست بۆ خۆیم بەریت کە کەمێك گەورەترببم و سووری مانگانەم بۆبێت. بەداخەوە پێش گەورەبوونم ئەو کوژرا. نزیکەی 15 ڕۆژ دوای مردنی، منیان دا بە شوو بە پیاوە فەلەستینییەکە کە ناوی ئەبۆ عومەری مەقدیسی بوو. بەلام نەك بەشێوەیەکی فەرمی شووم پێیکرد بەڵکو هەر ڕاگەیەندرا کە ئەو منی هێناوە.
من کچەخاڵێکم هەبوو کە دوام لێکرد چاوم پێیبکەوێت، و تەنها یەک جار بینیم. ویستم لەو ڕێگەیەوە، بە بینینی کەسێکی خزمم تا ڕادەیەک دەروونم ئارامبێتەوە. یەک خاو ئەو کچەخاڵەم بینی و ئیتر نەمبینییەوە.
ئیتر کاتی هاوسەرگیری من لەگەڵ ئەو پیاوە فەلەستینیە هات، منی بردە شوقەیەک. هاوسەرگیرییەکە هیچ بۆنەیەکی فەرمی نەبوو، بەڵکو بەشێوەیەکی ئاسایی منی لە خانوێکەوە گواستەوە بۆ یەکێکی تر. منیش منداڵبووم نەمدەزانی شووکردن مانای چییە و لەو شوێنە چی ڕوودەدات. چوینە ماڵەکە، ئیتر شەو داهات و ویستی لێم نزیکبێتەوە. منیش زۆر دەترسام و نەمدەزانی چی ڕوودەدات. بڕیارم دا بچمە حەمام و پێم وت دەمەوێت بچمە حەمام. من پێویستم بە چوونە حەمام نەبوو بەڵام ئەوەم بە بیانوو هێنایەوە بۆ ئەوەی ئەو شتەم لەگەڵ نەکات. ئیتر چوومە حەمام و هەتا دوو کاتژمێر نەهاتمە دەرەوە، بۆ ئەوەی ئەو بخەوێت و من بچمە ژوورێکی تر.
کە هاتمە دەرەوە ئەو خەوتبوو منیش چووم بۆ ژورێکی تر. چارەگێک دوای ئەمە ئەو هەڵسا لە خەو و هات بۆ ئەو ژورەی من لێی بووم. بەڵام لێم نزیک نەبووەوە چونکە من دەترسام و وام دەرخست کە خەوتووم. هەروەها شەوی دووهەمیش لێم نزیکنەبووەوە. بەڵام لە شەوی سێهەمدا لێم نزیکبووەوە، بەبێ ڕەزامەندی من. ئەو فەرمانی بۆ هاتبوو کە لێم نزیکببێتەوە بە بێ ڕەزامەندی منیش بێت. واتا ئەگەر منیش ڕازی نەبووم، ئەو دەبوایە ئەم ڕۆژە ئەوکارەی دەستدرێژیم لەگەڵ بکات. من منداڵ بووم و بەرگەی ئەو شتەم نەدەگرت، هەر بۆیە بڕیاریدا دەرمانی بێهۆشیم بداتی. من دەرمانی بێهۆشیم خوارد. کاتێک خەبەرم بووەوە، خۆم بینییەوە کە دەسترێژیم کراوەتە سەر.
پاش 15 ڕۆژ بڕیاریدا بگوێزینەوە بۆ شوێنێکی تر چونکە هێزەکانی ڕژێمی سوریا هێرشیان کردە سەر ڕەقە. بۆیە بەرەو شوێنەکانی تر ڕۆیشتین، وەکو ولایەتی خەیر و دیرەزور و ئەوانی تر. لەو شوێنانە چەند ڕۆژێک ماینەوە کە لەو دەمەدا دووگیان بووم بە کوڕەکەم. وە پاش ماوەیەک کوڕەکەم بوو.
دەنگی ئەمەریکا: ناوی کوڕەکەت چییە؟
فەوزییە: کوڕەکەم دوو ناوی هەیە، هەرچەندە نازانم ناوەکەی لە ناسنامە چییە. ناوی خەتاب و ئالانە. ئەو ناوی لێی نا.
لەو کاتەدا لە پارێزگای باغوس بووین کە زۆر نارەحەتیمان چەشت چونکە بارودۆخەکە لەوێ زۆر سەخت بوو هەتا ئەو رادەیەی کە نەمان دەزانی دەمرین یان لە ژیاندا ئەمێنینەوە. هەر بۆیە داعشەکان بڕیاریاندا ژنەکان پارێزگاکە بەجێبهێڵن و تەنها پیاوەکان بمێننەوە. منیش لەگەڵ ژنەکاندا بەرەو کامپی هۆل رۆیشتین و لەوێ ماینەوە بۆ ماوەی دوو مانگ. لەودەمەدا بەکچەکەم دووگیان بووم. واتا دوای لەدایکبوونی کوڕەکەم، دووگیان بووم بە کچەکەم.
لە کامپی هۆل نزیکەی سێ مانگ مامەوە. لەو ماوەیەدا دەترسام لەوەی بگەڕێمەوە لای خێزانەکەم چونکە دەترسام بمکوژن. ئێمەیان ترساندبوو بەوەی ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ ناو خێزانەکانمان ئەوا دەمانکوژن، هەروەهات ئەگەر هەڵبگەڕێینەوە لە ئاینی ئیسلام دەچینە جەهەنم. بۆیە من لەو ماوەیەدا دەترسام لەوەی بگەڕێمەوە بۆ ناو خێزانەکەم.
لە کامپی هۆل دەرچووم. لەوکاتەدا 9 مانگبوو دووگیان بووم بە کچەکەم. لە ڕێگاوە بووم کە ژانی منداڵبوون گرتمی. بەداخەوە ناوچەکە بیابان بوو و نەخۆشخانەی لی نەبوو.
دەنگی ئەمەریکا: تۆ بە تەنیا لە کامپی هۆل ڕۆیشتیت؟
فەوزییە: نەخێر، بڕیارێک هاتبوو لە داعشەوە کە من لەگەڵیان بڕۆم. ئێمە خەڵکێکی زۆر و ژنی زۆربووین کە هاتینە دەرەوە لەو شوێنە بەڵام ئەوانەی لەگەڵم مانەوە تەنها سێ ژن بوون. لەناو ئۆتۆمبێلەکە نەمتوانی زیاتر بەرگە بگرم و کچەکەم لەدایکبوو. زۆر ماندوو و هیلاکبووم و پێویستم بە نەخۆشخانە هەبوو. بەڵام بەداخەوە بایەخێکیان پێی نەدام کە تازە منداڵم بووە. ئیتر بەرەو پارێزگای ئیدلیب کەوتینە ڕی و گەیشتینە ئەوێ.
لە ئیدلیب ماوەیەک ماینەوە لەبیرم نەماوە ڕەنگە 19 ڕۆژ یان زیاتر بووبێت. دەمێکە، زۆر باش بیرم نەماوە. ئیتر بەرەو تورکیا بە قاچاخ و بە ڕێگەی پیادە ڕۆیشتین بۆ ماوەی 31 کاتژمێر هەتا لە سنووری سوریا بەرەو تورکیا دەربازبین؛ گەیشتینە پارێزگای ئەنتاڵیا.
دەنگی ئەمەریکا: کێ ئێوەی برد؟ فەرمانت بۆ هات بچیت بۆ تورکیا؟
فەوزییە: ئەمە هەمووی لەڕێگەی بەناو دەوڵەتی ئیسلامییەوە بوو. ئەوان منیان لە هیچ شتێک ئاگادارنەکردەوە، چونکە لەو کاتەدا من مۆبایلم نەبوو و قەدەغە بوو مۆبایل هەڵبگرم. ئەوان لە نێو خۆیان پەیوەندییان دەکرد. من تەنها ئەوەم لەسەر بوو لەگەڵیان بڕۆم.
لە پاش 31 کاتژمێر ڕۆیشتن گەیشتین بە پارێزگای ئەنتاڵیا لە تورکیا...ڕێگایەکی زۆر سەخت بوو، وە منیش تازە دایک بووم، بارودۆخێکی زۆر قورس بوو.
ئیتر دیاربوو بۆ دەربازبوونمان بۆ تورکیا پارەیان دابوو، ئەو ناوچانە بەدەستی جەیشی حورەوە بوون. لە ئەنتاڵیا ڕۆژێک ماینەوە، بۆ ڕۆژی دوایی سەر لە بەیان چووین بۆ پارێزگای بۆلۆ لە تورکیا. هەتا شەش مانگ لەگەڵ خێزانەکانی داعش لەو شوێنەدا ماینەوە. من لەگەڵ خێزانی ئەبو زوبەیدەی ڕاوی مامەوە کە عێراقی بوو و پەیوەندیان بە خێزانی هاوسەرەکەمەوە هەبوو.
دوای شەش مانگ مانەوەم لە تورکیا دایکی هاوسەرەکەم هات بۆلامان و ڕۆژێک دوای ئەمە بەیەکەوە چووین بۆ ئیستەنبوڵ کە لەوێ چوار مانگ ماینەوە. نازانم، لەم شوێنە هەواڵگری فەڵەستینی هەبوو سەرقاڵی ئەوە بوون ناسنامەی گەشتکردنم بۆ دەربکەن هەتا بتوانن لەو ڕێگەیەوە بمگوازنەوە. ئەمە ئیشی ئەوان بوو و من ئاگاداری نەبووم؛ تەنها ئەوەم لەسەر بوو سەفەر بکەم. ئیتر پێموابوو فەڵەستین زۆر نزیکە، هێچم نەئەزانی چونکە تەلەفۆنیشم پێی نەبوو پەیوەندی بە خێزانەکەمەوە بکەم. ئەوان ترسیان لەوە هەبوو من پەیوەندی بە خێزانەکەمەوە بکەم و داوای ڕزگارکردنم بکەم، بۆیەش مۆبایلیان نەدەدا پێم.
لەوێوە بەڕێگەی فڕۆکەوە بەرەو میسڕ ڕۆیشتین. ناسنامەیەکیان بۆ کردم گوایە من کچێکی فەڵەستینی بووم. لە میسڕ بۆ نزیکەی هەفتەیەک ماینەوە و لەوێوە بە ڕێگەی ئۆتۆمبێل بەدەروازەی ڕەفەح ڕەتبووین و پەرینەوە بۆ غەززە. شتێکی سەیر بوو بۆ من و نەمدەزانی چیم بەسەردێت. ئیتر بەدوای دایکی خێزانەکەم کەوتم و لەگەڵ هەواڵگری فەڵەستینی چووین بۆ ئەو شوێنە، غەززە، لە پارێزگای ڕەفەح.
کە گەیشتینە پارێزگای ڕەفەح، هەتا ساڵێک لەگەڵ خیزانی هاوسەرەکەم مامەوە. بەڵام لەوێ ئارام نەبووم، بۆیە بڕیارم دا بچمە ماڵێک بە تەنیا بژیم. ئیتر ڕێکخراوێکی خێرخواز یارمەتیان دام و خێزانێکی فەلەستینی منیان گرتەخۆ و شوێنێکیان لە نهۆمی سەرەوەی ماڵەکەیان دامی و چاویان لێمبوو. ئەوان خێزانێکی باشبوون. ئەو خێزانە چەند مانگێکی کەم لەگەڵم مانەوە. ئەو کاتەی لەگەڵ ئەو خێزانە بووم، حەماس ماوە ماوە منیان دەبرد.
دەنگی ئەمەریکا: ئەی هاوسەرەکەت چی بەسەرهات؟ ئەویش گەڕایەوە بۆ فەڵەستین؟
فەوزییە: نەخێر، من لە ساڵی 2019 وە هیچ زانیارییەکم لەسەر هاوسەرەکەم نەماوە. تەنها ئەوە دەزانم وتیان لە گرتووخانەیەکی سوریا گیرابوو و هەتا ئیستا هیچ هەواڵێکی نازانم.
ئیتر حەماس منی برد. لەڕاستیدا بەهۆی ئەو بەسەرهاتە ناخۆشانەی ژیانم، چەندەها جار ویستم خۆم بکوژم. جاری وا هەبوو 50 دەنک حەبم دەخوارد کە حەبی زۆر بەهێزبوون هەر کەسێکی تر بیخواردایە یەکسەر دەیکوشت.
من 21 جار هەوڵی خۆکوشتنم دا، بەڵام سەرکەوتوو نەبووم. کاتێک حەماس زانی من هەوڵی خۆکوشتن دەدەم، بڕیاریان دا بمخەنە نەخۆشخانەوە. لەوێوە منیان خستە نەخۆشخانەی دەروونییەوە کە من پێویستیم پێی نەبوو. لەو نەخۆشخانەیە باری دەروونیم زۆر خراپتر بوو لە کاتێکدا دەبوایە باشتر ببم، چونکە ئەو شوێنە بۆ من گونجاو نەبوو. نزیکەی 19 بۆ 20 ڕۆژ لەو شوێنە مامەوە. پەیوەندیم بە خەڵکی زۆر دەکرد بۆ ئەوە لەوێ بمخەنە دەرەوە. ئەوان دەیانوت، “نەخێر تۆ دەبێ بمێنیتەوە و چارەسەری وەرگریت.” بەڵام ئەم دەرمانانە بۆ من گونجاو نەبوون، بۆ کەسانی شێت بوو. بۆچی دەبوایە من ئەو دەمانانە بخۆم؟ دواتر پزیشکێکی دەروونی هات و منیش پێموت کەسێکی ئاسایم و پێویستیم بەم دەرمانانە نییە، ئەو منی لە شوێنە هێنایە دەرەوە.
سوپاس بۆ خوا لەو شوێنە چوومە دەرەوە و گەڕامەوە ماڵەوە. ئەو کات پۆلیس هات و منیان برد، ئەوان حەماس بوون. بۆ ماوەی 5 کاتژمێر منیان برد و لێکۆڵینەوەیان لەگەڵم کرد.
دەنگی ئەمەریکا: ئەوان دەیانزانی تۆ ئێزدی؟
فەوزییە: بەڵێ دەیانزانی. من داوام دەکرد بمگەڕێننەوە بۆ خێزانەکەم و ئەوێ جێبهێڵم. بەڵام ئەوان دەیانگوت، نەخێر ڕۆیشتنت سودی نییە، لێرە دەمێنیتەوە. ئەوان دۆسییە منیان دەیانزانی وە بەم شێوەیە.
ئەو گروپەی کە پێی دەوترێت حەماس، کە هاتمە دەرەوە تەلەفۆنم پێبوو بەڵام لێیان وەرگرتم، ئیتر دووبارە هیچ پەیوەندییەکم بە خێزانەکەمەوە نەما. تەلەفۆنەکەیان لێی سەندم چونکە پەیوەندیم بەخێزاکەمە لە دەرەوە دەکرد ، ئەوانیش وایاندەزانێ ئەو کەسە سیخوڕە ئەگەر پەیوەندی بەدەرەوە بکات و تۆمەتباریان ئەکردم بەوەی کار بۆ ئیسرائیل ئەکەم.
من پێنج کاتژمێر لای ئەوان مامەوە و ئەوان لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ دەکردم و چیرۆکیان بۆ دروستدەکردم. یەکێکیان دەویست لێمبدات چونکە من داوای مۆبایلەکەمم دەکرد. پاشان ژنێکی بەرپرس لە نێوانیان هات و وتی، "بۆ منی جێبهێڵن، من بەرپرسیارێتی هەڵدەگرم.”
دوای ئەوەی ئەو ژنە منی بردە دەرەوە، دادوەری دادگای شەرعی داوای کردم. من لە ڕێگەی پۆلیسەوە چووم بۆ لای دادوەرەکە و بەرامبەری وەستام. دادوەرەکە وتی، "سزای دوو ساڵ زیندانیکردنت بۆ دەردەکەم." پرسیم بۆ؟ وتی، "چونکە دەتەوێت خۆت بکوژیت. بۆچی دەتەوێت خۆت بکوژیت؟” منیش وتم، “لەم شوێنە بمکەنە دەرەوە. دەمەوێت بگەڕێمەوە بۆ ناو خێزانەکەم.” دادوەرەکە وتی، “جا کێ بە تۆی وتووە بێیت بۆ ئێرە [غەززە]؟” ئەو بەدەردی منی نەدەزانی و نەمدەتوانی باسی بکەم چونکە حەماس هەڕەشەی لێی ئەکردم چیرۆکەکەم بۆ کەس باسنەکەم.
ىەڵام دراوسێیەکەم هەبوو لەگەڵم باش بوو. یارمەتی دام و پێی وتن، "تەواو من بەرپرسیارێتی هەڵدەگرم. بەڵێن بێت، ئەگەر جارێکی تر هەوڵی خۆکوشتن بدات، من خۆم دێم داواتان لێدەکەم دەستگیری بکەن." دراوسێکەم منی لە دەستی دادوەرەکە ڕزگارکرد.
دوایی شەڕ دەستیپێکرد و ئیتر ئەو ناوەی کە پێیدەڵێن حەماس وون بوو. چونکە خۆیان لە حەشارگە و ماڵەکانی ژێر زەمین دەشاردەوە. بۆیە من توانیم لەرێ تۆڕی کۆمەڵایەتییەوە داوای یارمەتی بکەم. چالاکوانێکی زۆر پەیوەندییان پێوەکردم لە ڕێگەی تۆڕەکانی وەکو وەتسئاپ و دەیانوت یارمەتیم دەدەن. بەڵام بەداخەوە بارودۆخەکە زۆر سەختبوو و کەس نەیتوانی بەهانامەوە بێت.
ئیتر مانگێک بە شەڕی غەززەدا تێپەڕبوو و ئێمە بەهۆیەوە دەربەدەربووین، هەردەمەی لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی تر هەڵدەهاتم بەهۆی بوردومانکردن و شەڕەوە. منداڵ و ژن لەبەرچاومان گیانیان لەدەستدەدا. ئێمە ئومێدمان بەوە نەبوو ئەمڕۆ و بەیانی بتوانین بژین. منیش هەوڵەکانم چڕکردەوە بۆ دەربازبوون، چونکە شایەنی ئەوە نەبووم لەو شوێنە بمرم.
دەنگی ئەمەریکا: لەوکاتەدا لە غەززە چۆن پێداویستییەکانت دابین دەکرد؟
فەوزییە: هیچ شوێنێک نییە کە کەسی خێرکەری تێدانەبێت. لێرە و لەوێ خەڵک یارمەتییان دەدام و خۆم هاوڕێم هەبوو، یەکێکیان کچێکی کووەیتی و ئەوی تریان کچێکی فەڵەستینی بوو. ئەوان لەگەڵم وەستانەوە لەو ماوەیەدا.
چووم لە نەخۆشخانەیەک مامەوە بە ناوی نەخۆشخانەی ئەقسا. نزیکەی مانگێک لەوێ مامەوە. لەو ماوەیەدا هەموو شتێکم لە حەماس بینی. ماندوو بووم لەو ئەشکەنجە و هەراسانکردنەی ئەوان، ئیتر بڕیامدا لەو شوێنە بێمە دەرەوە و چوومە لای دوو هاوڕێیەکەم. لای ئەوان پەیوەندیم کرد بە دەرەوە و داوای ڕزگارکردنم کرد. پەیوەندیم کرد بە ئیسرائیلییەکان و ئەمەریکییەکان و پەیوەندیم کرد بە کەنەداش، لەوێ چەند کەسێکی کەنەدی هەبوون کە یارمەتیدەری ڕزگارکردنم بوون.
هەژمارێکم هەبوو لە تیکتۆک، لەو ڕێگەیەوە پەیامم ئەدا و داوام دەکرد خەڵکی بەهانامەوە بێن.لە ڕێگەی ئەو ڤدیۆییەوە خەڵکانێکی زۆر پەیوەندییان پێوەکردم، ژمارەیان ئەنارد ، و پەیوەندیم پێوە ئەکردن. پەیوەندییان دەکرد و ژمارەیان بۆم دەنارد، دەیانوت، بۆ نمونە، "من لە فڵان ڕێکخراو پەیوەندی دەکەم..من لە باڵوێزخانەی ئەمەریکاوە، ڕۆژنامەنووسێک لە ئیسرائیل.." ئیتر بەم شێوەیە. ئەگەر ناوێکی دیار بوایە، من ژمارەکەیم وەردەگرت و پەیوەندیم پیوە دەکرد. یەکێکی کەنەدی پەیوەندی پێوەکردم ناوی داوود بوو ، کە لە هەموو ئەوانەی تر زیاتر یارمەتی دام، کەزۆر سوپاسی ئەکەم.
منداڵەکانم هەر لەسەرەتای شەڕەکەوە دا بە دەستی داپیرەیان چونکە لەشوێنێکەوە بۆ شوێنێکی تر دەربەدەر دەبووم و نەمدەتوانی لەگەڵ خۆما بیانبەم. بۆیە بڕیارم دا بیاندەم بە دەستی ئەو."
دەنگی ئەمەریکا: منداڵەکان هەتا ئێستا لەلای داپیرەیانن؟
فەوزییە: بەڵێ، لەگەڵ ئەون.
بەڕاستی کارێکی زۆر قورسبوو کە بتوانم لەوێ بێمە دەرەوە . هیچ کەسێک نییە، تەنانەت ئەگەر ناسنامەی فەڵەستینی یان ئیسرائیلییان هەبێت لەو دەوڵەتە بێنە دەرەوە. بەڵام هەمیشە ئومێدم بە خوا هەبوو، دەموت ئیشەڵا دەربازم دەبێت لەو شوێنە. لە ڕێگەی باڵیۆزخانەی ئەمەریکا و ئیسرائیلییەکان و کەنەدا و هەواڵگری عێراقی منیان هێنایە دەرەوە.
لە ڕێی دەروازەی کەرەم ئەبو سالم ئۆتۆمبێلێکی نەتەوە یەکگرتووەکانیان هێنا و منیان هەڵگرت. کەس بەمەی نەدەزانی. دوای ئەوەی لە دەروازەی کەرەم ئەبو سالم تێپەڕ بووین، لەو دیوەوە کارمەندانی باڵیۆزخانەی ئەمەریکام بینی و سوپاس بۆ خوا پێشوازیان لێکردم. لە باڵیۆزخانەی ئەمەریکا زیاتر لە لایەنێک پێشوازییان لێکردم و سوپاس بۆ خوا لە ڕێگەی ئیسرائیلەوە گەیشتمە ئوردون. لە ئوردنیش کارمەندانی هەواڵگری پێشوازییان لێکردم و هەموو شتەکان بە تەنسیق کرابوون و نەخرامە هیچ ڕێگەیەکی نا ئارامەوە.
ئەم چاوپێکەوتنە لە لایەن کاوە عومەر، پەیامنێری دەنگی ئەمەریکا، لە شنگال ئەنجامدراوە.