Accessibility links

پوتن دەڵێت چاوەڕوان دەکات ئەردۆغان بەشداری لە کۆبونەوەی بریکسدا بکات


ڕۆژی چوارشەممە ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا ڕایگەیاند، پێشبینی دەکات ڕەجەب تەیب ئەردۆغانلە مانگی داهاتوودا بەشداری لە کۆبوونەوەی لوتکەی بریکس لە ڕووسیا بکات، ئەمەش دوای ئەوەی تورکیا داوای کرد بەشداری بکات لەو گرووپەی وڵاتانی ئابوری نوێ.

پوتین ڕایگەیاند، بڕیارە ڕۆژی 23ی ئۆکتۆبەر چاوی بە ئەردۆغان بکەوێت، ئەمەش ڕۆژێک دوای دەستپێکردنی لوتکەکە لە شاری کازان لە ڕووسیا.

وتەبێژی پارتی داد و گەشەپێدانی دەسەڵاتداری تورکیا لە سەرەتای ئەم مانگەدا ڕایگەیاند "سەرۆکمان چەندین جار ڕایگەیاندووە کە دەمانەوێت ببینە ئەندامی بریکس، ئێستا پرۆسەکە لە ئارادایە."

ئەگەر پەسەند بکرێت، تورکیا دەبێتە یەکەم ئەندامی ناتۆ لەو گروپەدا کە خۆی وەک بەرپەرچدانەوەی هاوپەیمانی وڵاتانی ڕۆژئاوا لە جیهاندا دادەنرێت.

پوتین لە میانی چاوپێکەوتن لەگەڵ نومان کورتولموس سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا گوتی "لە مانگی دەدا لە کازان لە لوتکەی بریکس یەکتر دەبینینەوە، پلانی کۆبونەوەیەکی تایبەتم لەگەڵیدا داناوە."

دوای ئەوەی لە سەرەتای ساڵانی 2000ەکاندا وەک کورتکراوەی وەبەرهێنەر بۆ وڵاتانی تازەپێگەیشتووی بەرازیل، ڕووسیا، هیندستان و چین دەستیان پێکرد، ئەو چوار وڵاتە لە ساڵی 2009دا کۆڕبەندی نێودەوڵەتی بریکیان دروستکرد.

ئافریکای باشوور دوای ساڵێک پەیوەندی بە بریکسەوە کرد و سعودیە، ئەرجەنتین، میسر، ئیثیوپیا، ئێران و میرنشینە یەکگرتووەکانی عەرەبیش لە سەرەتای ئەمساڵدا پەیوەندییان پێوە کرد.

تورکیا لە ساڵی 2018 لە لوتکەی بریکس لە باشووری ئافریکا بەشداری کرد.

پوتین لەم مانگەدا ڕایگەیاند، بڕیارە شی جین پینگ، سەرۆکی چین بەشداری لە کۆبوونەوەی لوتکەی بریکس بکات لە مانگی دە.

سەرچاوە: فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG