میدیاکانی دەوڵەتی ئێران ڕادەگەیەنن ڕۆژی چوارشەممە پەرلەمانی ئێران ڕێگری لە دانانی سیاسەتمەدارێکی کەمینەی کوردی سوننە وەک جێگری سەرۆک کۆماری ئێران کردووە.
لە مانگی هەشتدا، مەسعود پزیشکیان، سەرۆکی ئێران، ئاماژەی بەوە کرد عەبدولکەریم حوسێنزادە وەک جێگری سەرۆک بۆ کاروباری گەشەپێدانی گوندەکان و ناوچە بێبەشەکان دەستنیشان دەکات و ئاماژەی بە " ئەزمونە بەنرخەکانی" کرد.
بەڵام ئاژانسی ئرنا ڕایگەیاند، ئەمڕۆ چوارشەممە پەرلەمانتاران دەنگیان دژ بەوە دا لە پەرلەمان دەستلەکاربکێشێتەوە بۆ وەرگرتنی پۆستی جێگری سەرۆک.
ئاماژەی بەوەشکردووە، "ئەندامانی پەرلەمان لە کۆی 247 نوێنەری ئامادەبوو، 107 پەرلەمانتار دەنگیان بە بەڵێ و 129 دەنگی نەخێر داوە و پێنج دەنگیش نەدراوە".
دوابەدوای دەنگدانەکە، مێهرداد لاهوتی، ئەندامی پەرلەمان ڕایگەیاند، دەنگدانەکە بە مەبەستی مانەوەی حوسێنزادە بووە لە دەسەڵاتی یاسادانان، بەهۆی "توانا و ئەزموونەکانی"ەوە.
لاهوتی لە لێدوانێکیدا کە ئاژانسی هەواڵی ئیکانای پەرلەمان بڵاوی کردووەتەوە دەڵێت "پەرلەمانتاران پێیان وایە ئامادەبوونی لە پەرلەمان کاریگەرتر و بەسوودتر دەبێت."
ئاماژەی بەوەشکرد، بڕیاری قەدەغەکردنی دەستلەکارکێشانەوەی حوسێنزادە "بەتەواوی پەیوەندی بە سوننەبوونی ئەوەوە نییە".
موسڵمانانی سوننە نزیکەی لەسەدا 10ی دانیشتوانی ئێران پێکدەهێنن، کە زۆرینەی ڕەهایان شیعەن و ئەو ئاینزایەش ئاینی فەرمی دەوڵەتە.
سوننەکان دوای شۆڕشی ئیسلامی لە ساڵی 1979ەوە زۆر بە دەگمەن پۆستی سەرەکی دەسەڵاتیان بەدەستەوە بووە.
ئێران ژمارەیەکی زۆر جێگری سەرۆک کۆماری هەیە، کە ئەرکی پێشەنگایەتیکردنی ڕێکخراوەکانی پەیوەست بە کاروباری سەرۆکایەتی لەو وڵاتەیان پێسپێردراوە.
حوسێنزادەی تەمەن 44 ساڵ، ڕیفۆرمخوازە، لە ساڵی 2012ەوە نوێنەرایەتی شارەکانی نەغەدە و شنۆ دەکات لە پەرلەمانی ئێراندا.
ناوبراو لە چەندین بۆنەدا بە ئاشکرا قسەی کردووە بۆ داکۆکی لە مافی سوننەکانی ئێران.
پزیشکیان لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردنەکانیدا کە خۆی چاکسازیخوازە، ڕەخنەی لە نەبوونی نوێنەرایەتی بۆ کەمینە نەتەوەیی و ئایینییەکان و بەتایبەتی کوردی سوننە لە پۆستە گرنگەکاندا گرت.
سەرچاوە: فرانس پرێس