کۆمیتەی پاراستنی ڕۆژنامەنووسان داوای لە بەرپرسانی ئیسڕائیل کرد بێزارکردن و بەربەست دانان لەبەردەم کارەکانی ئەلجەزیرە ڕابگرێت دوای ئەوەی هێزەکانی ئیسڕائیل هەڵیانکوتایە سەر ئۆفیسی کەناڵە قەتەڕییەکە لە شاری ڕامەڵای کەناری ڕۆژئاوا، ئەمەش لە ماوەی پەخشێکی ڕاستەوخۆی بەیانی ڕۆژی یەکشەممەدا بوو. هەروەها هێزەکان فەرمانییان کردووە ئۆفیسەکە بۆ ماوەی 45 ڕۆژ دابخرێت و کارمەندەکانییان ناچار کردووە چۆڵی بکەن.
بەڕێوبەری پڕۆگرامی کۆمیتەی پاراستنی ڕۆژنامەنووسان کارلۆس مارتینێز دی لا سێرنا لە نیویۆرک وتی " ڕێکخراوی پاراستنی ڕۆژنامەنووسان زۆر نیگەرانە سەبارەت بە داخستنی ئۆفیسی ئەلجەزیرە لە کەناری ڕۆژئاوا لەلایەن ئیسڕائیلەوە، ئەمە تەنها چەند مانگێک دوای ئەوەی کارەکانی ئەلجەزیرەی لە ئیسڕائیل ڕاگرت دوای ئەوەی وەکو مەترسی بۆ سەر ئاسایشی نیشتیمانی لە قەڵەمیدا."
وتیشی " هەوڵەکانی ئیسڕائیل بۆ سانسۆڕکردنی ئەلجەزیرە بە توندی زیان بە مافی گشتی دەگەیەنێت بۆ وەرگرتنی زانیارییەکان سەبارەت بە جەنگێک کە کۆتایی بە ژیانی زۆرێک هێناوە لە ناوچەکەدا. دەبێت ڕێگە بدرێت ڕۆژنامەنووسانی ئەلجەزیرە ڕووماڵ بکەن لەم کاتە هەستیارە و هەموو کاتێکیشدا."
ئەلجەزیرە گرتە ڤیدیۆیەکی هێرشەکەی ئیسڕائیلی بڵاوکردەوە، کە تێیدا سەربازەکان نوسراو و ئامێری ناو ئۆفیسەکە دەبەن. سەربازەکان دەستییان بەسەر مایکرۆفۆنی سەرۆکی ئۆفیسی ئەلجەزیرە لە کەناری ڕۆژئاوا وەلید ئەلعومەریدا گرت لە کاتێکدا کە عومەری لە پەخشێکی ڕاستەوخۆدا بوو. ئەلجەزیرە وتیشی هێزەکان وێنەی ڕۆژنامەنووس شیرین ئەبو عەقلەشییان لێکردووەتەوە کە ڕۆژنامەنووسێکی فەلەستینی ئەمەریکایی بوو لە ساڵی 2022 دا بە فیشەکی هێزەکانی ئیسڕائیل کوژرا.
وەزیری ڕاگەیاندنی ئیسڕائیل شلۆمۆ کارهی هەڵکوتانە سەر ئۆفیسەکەی ئەلجەزیرەی پشتڕاست کردەوە و بە ڕۆیتەرزی وت فەرمانە سەربازییەکەی 22 ی مانگ کارەکانی کەناڵەکەی لە کەناری ڕۆژئاوا تۆمەتبار کردووە بە تۆمەتی " وروژاندن و پشتیوانیکردن لە تیرۆر." ئەلجەزیرەی بە " دەمی " حەماس و حزبوڵای لوبنان ناوبرد. وتی " ئێمە بەردەوام دەبین لە شەڕکردن لەگەڵ کەناڵەکانی دوژمندا و دڵنیابوونەوە لە پارێزراویی چەکدارە پاڵەوانەکانمان."