Accessibility links

باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە عێراق گرووپەکانی سەر بە ئێران بۆ هێرشەکەی سەر دامەزراوەیەکی دیپلۆماسی لە بەغدا تۆمەتبار دەکات


باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە عێراق ڕۆژی هەینی، گروپەکانی سەر بە ئێرانی بە هۆکاری هێرشی ئەم هەفتەیە بۆ سەر دامەزراوەیەکی دیپلۆماسی ئەمەریکا لە فڕۆکەخانەی بەغدا زانی و هۆشداریشیدا مافی بەرگریکردن لە خۆی هێشتووەتەوە.

درەنگانی شەوی سێشەممە تەقینەوەیەک ئەو دامەزراوەیەی هەژاند کە دەکەوێتە سنوری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغداوە. بەرپرسێکی باڵای سەربازی ڕایگەیاندووە کە هۆکارەکەی دوو موشەک لە جۆری کاتیۆشا بووە.

باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە بەغدا لە بەیاننامەیەکدا کە ئەمڕۆ هەینی ڕایگەیاندووە، هێرشەکە "دەستپێشخەری گروپە میلیشیاکانی سەر بە ئێران بووە کە بە ئازادانە لە عێراق کاردەکەن".

ئاماژەی بەوەشکردووە، هیچ زیانێکی گیانی لە هێرشەکەی سەر ئەو دامەزراوەیەدا نەبووە، کە پەیوەستە بە باڵیۆزخانەی ئەمەریکاوە و پاڵپشتی لۆجستی و خزمەتگوزاری پزیشکی و چەندین شتی دیکە پێشکەش دەکات.

ئەم هێرشە لە کاتێکدایە کە گرژی و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە لەسەر شەڕی غەززە زیادیکردووە و ماوەیەکی کەم پێش سەردانەکەی مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران بۆ عێراق ڕوویداوە.

باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە بەیاننامەکەیدا جەختی لەوە کردەوە کە عێراق بەردەوام بەڵێنی پاراستنی نوێنەرایەتییە دیپلۆماسییەکان و کارمەندە سەربازییەکانی ئەمەریکا لەو وڵاتەدا داوە کە لەسەر بانگهێشتی حکومەتی عێراق لەوێن.

ئاماژەی بەوەشکردووە، "دیسانەوە داوا لە حکومەتی عێراق دەکەین، وەک لە زۆر بۆنەدا کردومانە، کە دیپلۆماتان و هاوبەشەکانی هاوپەیمانان و دامەودەزگاکان بپارێزێت."

دووپاتی دەکەینەوە کە مافی بەرگریکردن لە خۆمان و پاراستنی کارمەندەکانمان لە هەر شوێنێکی جیهاندا هەیە.

بەرپرسێکی باڵای سەربازی کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، ڕۆژی چوارشەممە بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاندووە، "دوو موشەک لە جۆری کاتیۆشا" هۆکاری تەقینەوەکە بوون.

ژەنەڕاڵ تەحسین ئەلخەفاجی، وتەبێژی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق، ڕۆژی چوارشەممە لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، هێزە ئەمنییەکانی عێراق "نەیانتوانیوە سەرچاوەی تەقینەوەکە دیاری بکەن".

دامەزراوە سەربازی و مەدەنییەکانی ئەمەریکا لە عێراق چەندین جار لەلایەن توندڕەوانی سوننە و گروپە شیعەکانی سەر بە ئێرانەوە هێرشیان کراوەتە سەر.

دامەزراوەی دیپلۆماسی فڕۆکەخانەی بەغدا لە مانگی یەکی ساڵی 2022 کرایە ئامانج، زستانی ڕابردووش بنکەکانی ئەمەریکا ڕووبەڕووی هێرشی موشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بوونەتەوە لەلایەن گروپەکانی سەر بە ئێرانەوە، ئەمەش بووە هۆی هێرشی ئاسمانی ئەمەریکا بۆ سەر عێراق و سوریا.

ئەم گرووپانە بانگەشەی ئەوە دەکەن کە هاوسۆزن لەگەڵ غەززە و داوای کشانەوەی هێزە بیانییەکان لە عێراق دەکەن.

لە بەرامبەردا حکومەتی عێراق گفتوگۆی لەگەڵ ئەمەریکا دەستپێکردووە سەبارەت بە دوورخستنەوەی ئەو سەربازانەی کە لە چوارچێوەی شەڕی داعش لە عێراق ماونەتەوە.

دوای هێرشەکەی ڕۆژی سێشەممە، لیواکانی حزبوڵا کە گروپێکی چەکداری سەر بە ئێرانە، هێرشەکەی شەرمەزار کرد و گوتی هەوڵی تێکدانی سەردانەکەی پزیشکیان دراوە داوای لە هێزە ئەمنییەکانی عێراق کرد ئەو کەسانە بدۆزنەوە کە بەرپرسیارن.



XS
SM
MD
LG