Accessibility links

ئێران نکوڵی لەوە دەکات هاوکاری ڕووسیای لە شەڕی ئۆکرانیادا کردبێت


وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕۆژی دووشەممە تۆمەتەکانی وڵاتانی ڕۆژئاوای سەبارەت بە ناردنی چەک لەلایەن ئێرانەوە بۆ ڕووسیاسی هاوپەیمانی ڕەتکردەوە.

ناسر کەنعانی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە میانەی کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانی هەفتانەیدا ڕایگەیاند" ئێمە بە توندی ئەو ئیدیعایانە ڕەتدەکەینەوە کە باس لە ڕۆڵی ئێران لە هەناردەکردنی چەک بۆ لایەنێکی شەڕ دەکەن."

کەنعانی گوتیشی "ئەوانەی ئێران تۆمەتبار دەکەن خۆیان لە گەورەترین هەناردەکارانی چەکن بۆ لایەنێکی شەڕەکە" و دووپاتی کردەوە کە تاران "بەشێک نییە لە شەڕ" لە ئۆکرانیا.

یەکێتیی ئەورووپا ڕایگەیاندووە کە هاوپەیمانەکانیان زانیاری هەواڵگریان هاوبەش کردووە سەبارەت بەوەی ئێران مووشەکی بالیستیکی بۆ ڕووسیا دابین کردووە. هۆشداریشیدا لەوەی ئەگەر زانیارییەکان پشتڕاست بکرێنەوە، ئەگەری هەیە سزای نوێ بەسەر کۆماری ئیسلامیدا بسەپێندرێت.

میدیاکانی ئێران ڕایانگەیاند فەرماندەیەکی باڵای سوپای پاسدارانی ئێران ئەو هەواڵانەی ڕەتکردەوە کە باس لەوە دەکەن ئێران مووشەکی گواستووەتەوە بۆ ڕووسیا.

سی ئێن ئێن و وۆڵ ستریت جۆرناڵ هەفتەی ڕابردوو لە زاری سەرچاوەیەکی نەناسراوەوە بڵاویانکردەوە کە ئێران مووشەکی بالستیکی کورت مەودای بۆ ڕووسیا گواستووەتەوە.

ئاژانسی هەواڵی کار لە زاری عەمید فەزڵوڵڵا نوزاری، جێگری فەرماندەی بارەگای ناوەندیی خاتەم ئەلئەنبیا بڵاوی کردەوە و گوتی" هیچ مووشەکێک بۆ ڕووسیا نەنێردراوە و ئەم بانگەشەیە جۆرێکە لە شەڕی دەروونی".

نوزاری گوتی ئێران پشتگیری هیچ لایەنێک ناکات لە ململانێی نێوان ئۆکرانیا و ڕووسیا.

ڕووسیا و ئێران هەردووکیان لەژێر گەمارۆ نێودەوڵەتییەکاندان کە ئاڵوگۆڕی بازرگانی بەرتەسک دەکەنەوە، بەڵام پەیوەندییەکی بەهێزیان لە کەرتە جیاوازەکاندا دروستکردووە، لەنێویاندا هاوکاری سەربازی.

ئۆکرانیا هەفتەی ڕابردوو ڕایگەیاند قووڵکردنەوەی هاوکاری سەربازی نێوان تاران و مۆسکۆ هەڕەشەیە بۆ سەر ئۆکرانیا و ئەوروپا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد گوشارەکان بۆ سەر ئێران و ڕووسیا زیاتر بکەن.

ئێران چەندین جار ئەو تۆمەتانەی ڕەتکردووەتەوە.

لە مانگی هەشتدا، سێرگی شۆیگو، بەرپرسی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی ڕووسیا، سەرۆکایەتیی شاندێکی کرد بۆ تاران بۆ دیدار لەگەڵ هاوتا ئێرانییەکەی عەلی ئەکبەر ئەحمەدیان، و مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران.

بە گوێرەی ئاژانسی دەنگوباسی تەسنیمی ئێران سەردانەکە بە مەبەستی " پەتەوکردنی پەیوەندییەکان، پێداچوونەوە بەسەر پرسە هەرێمی و نێونەتەوەییەکان و پەیوەندییە ئاسایشییە دوولایەنەکان بووە."

سەرچاوە: ڕۆیتەرز, فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG