Accessibility links

دادوەر دوایین داواکاری ترامپ ڕەتدەکاتەوە بۆ خۆدوورخستنەوە لە دۆسێی تاوانکاری پێدانی پارە بۆ بێدەنگکردن


Trump Hush Money
Trump Hush Money

دانۆڵد ترامپ لە دوایین هەوڵی خۆیدا دۆڕا بۆ دانانی دادوەرێکی نوێ لە دۆسیە تاوانکارییەکەیدا لە نیویۆرک، لەکاتێکدا دۆسییەکەی پێدانی پارە بۆ بێدەنگکردن، بەرەو بڕیارێکی سەرەکی دەڕوات کە ڕەنگە لە مانگی داهاتوودا سزا بدرێت.

لە بڕیارێکدا کە ئەمڕۆ چوارشەممە بڵاویکردەوە، دادوەر خوان ئێم مێرچن ڕەتیکردەوە بکشێتەوە و ڕایگەیاندووە، داواکارییەکەی ترامپ دووبارەکردنەوەیەک بووە "پڕ لە نادروستی و ئیدیعای بێ بەڵگە" سەبارەت بە پەیوەندییە سیاسییەکانی کچەکەی مێرچن و توانای دادگاییکردنی دادپەروەرانە و بێلایەنانەی کەیسە مێژووییەکە.

ئەوە سێیەم جارە کە دادوەر داواکارییەکی لەو شێوەیەی پارێزەرانی سەرۆکی پێشوو و کاندیدی ئێستای کۆمارییەکان ڕەتدەکاتەوە.

هەر سێ جارەکە ئاماژەیان بەوە کردووە کە مێرچن، دادوەری دادگای ئاستی ویلایەت لە مەنهاتنی نیویۆرک، بێلایەن نییە و بەرژەوەندی هەیە بەهۆی کاری کچەکەیەوە وەک ڕاوێژکاری سیاسی بۆ دیموکراتە دیارەکان و بانگەشەکانی هەڵبژاردن. لەنێویاندا کامالا هاریس جێگری سەرۆکی ئەمەریکا بوو کاتێک لە ساڵی 2020 خۆی بۆ پۆستی سەرۆکایەتی کاندید کرد، ئێستا کاندیدی پارتەکەیە بۆ سەرۆکایەتی هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2024.

پانێڵێکی ئەخلاقی دادگای ویلایەتەکە ساڵی ڕابردوو ڕایگەیاندبوو کە مێرچن دەتوانێت بەردەوام بێت لەسەر ئەو دۆسیەیە و نووسیویەتی چالاکییە سیاسییە سەربەخۆکانی کەسێکی نزیکی "بنەمایەکی گونجاو نییە بۆ پرسیارکردن لە بێلایەنی دادوەر".

مێرچن چەندین جار ڕایگەیاندووە کە دڵنیایە بەردەوام دەبێت لەوەی بڕیارەکانی "بەبێ ترس و لایەنگری و کاریگەریی ناڕەوا " بدات.

مێرچن لە بڕیارە سێ لاپەڕەیییەکەیدا نووسیویەتی "بە لەبەرچاوگرتنی ئەم بنەما بنەڕەتییانە، ئەم دادگایە ئێستا بۆ جاری سێهەم دووپاتی دەکاتەوە، کە دەبوو تا ئێستا بە تەواوەتی ڕوون بوایە، تەنها لەبەر ئەوەی لێکدانەوەی هەڵەهەیە ئەمە ناکۆکی دروست ناکەن."

دەشڵێت " لەبەرئەمانە خۆدوورخستنەوەی (دادوەر) هەر پێویستیش نییە."

بەڵام لەگەڵ ئەوەی ئێستا هێرس نەیاری دیموکراتەکانی ترامپە لە هەڵبژاردنەکانی ئەمساڵی کۆشکی سپیدا، تۆد بلانچ پارێزەری ترامپ مانگی ڕابردوو لە نامەیەکدا بۆ دادوەر نووسیبووی نیگەرانییەکانی بەرگریکردن "هێندەی تر تۆکمە" بوون.

داواکارانی گشتی ئەو ئیدیعایانەیان بە "هەوڵێکی بێزارکەر و بێمانا بۆ دووبارە دادگاییکردنەوە" ناوبردووە.

پەیامەکانی داوای لێدوان لەسەر بڕیارەکە بۆ بلانچ بەجێهێڵران. نووسینگەی داواکاری گشتی ناوچەی مەنهاتن کە داواکاری گشتی دۆسیەکەیە، ئامادەنەبوو هیچ لێدوانێک بدات.

ترامپ لە مانگی پێنجدا بە تۆمەتی ساختەکردنی تۆمارە بازرگانییەکانی بۆ شاردنەوەی گرێبەستێکی ساڵی 2016 بۆ پارەدان بە ئەکتەری فیلمە سێکسییەکان ستۆرمی دانیێڵز بۆ ئەوەی بێدەنگ بێت سەبارەت بە ڕووبەڕووبوونەوەی سێکسی گوماناوی لەگەڵیدا لە ساڵی 2006 تاوانبار کرا. داواکارانی گشتی ئەم پارە دانەیان وەک بەشێک لە هەوڵەکانی ترامپ دانا بۆ ئەوەی دەنگدەران لە یەکەم هەڵمەتی هەڵبژاردنەکانیدا چیرۆکی خراپ لەبارەیەوە نەبیستن.

ترامپ دەڵێت هەموو ئەو چیرۆکانە درۆ بوون، تۆمارە بازرگانییەکان درۆ نەبوون و دۆسیەکەش مانۆڕێکی سیاسی بووە کە مەبەست لێی زیانگەیاندن بە هەڵمەتی هەڵبژاردنی ئێستای بووە. ئەو داواکاری گشتیەی کە تۆمەتەکانی هێنایە ئاراوە، پارێزەری ناوچەی مانهاتن ئەلڤین براگ، دیموکراتە.

ترامپ بەڵێنی داوە داوای پێداچوونەوە بکات. لە ڕووی یاساییەوە پێش ئەوەی تۆمەتبارێک سزا بدرێت، ئەوە ئەم کارە ناکرێت.

لەم نێوەندەدا پارێزەرەکانی هەنگاوی دیکەیان ناوە بۆ شێواندنی دۆسێکە. جگە لە داواکاری بۆ وەلاوەنانی دادوەرەکە، داوایان لە مێرچن کردووە بڕیارەکە هەڵبوەشێنێتەوە و دۆسیەکە بە تەواوی ڕەت بکاتەوە بەهۆی بڕیارەکەی دادگای باڵای ئەمەریکا لە مانگی حەوت سەبارەت بە پارێزبەندی سەرۆکایەتی.

ئەو بڕیارە بەربەست دروست دەکات لە لێپێچینەوە لە سەرۆک کۆمارەکانی پێشوو بەهۆی کردەوە فەرمییەکان لە کاتی سەرۆکایەتییاندا، داواکاری گشتی سنووردار دەکات لە ئاماژەدان بە کردەوە فەرمییەکان وەک بەڵگەیەک بۆ ئەوەی کارە نافەرمیەکانی سەرۆکێک نایاسایی بووە. پارێزەرانی ترامپ دەڵێن لە ژێر ڕۆشنایی بڕیارەکەدا، نەدەبوو دەستەی سوێندخواردن لە دۆسیەی پێدانی پارە بۆ بێدەنگکردن بەڵگەی لەو جۆرە ببیستن وەک ئەوەی کارمەندانی پێشووی کۆشکی سپی باسیان لەوە کردووە کە چۆن سەرۆکی ئەوکاتە کاردانەوەی هەبووە بەرامبەر بە ڕووماڵکردنی هەواڵەکانی گرێبەستی دانیاڵز.

سەرەتای ئەم مانگە، مێرچن ڕێککەوتنی 16ی مانگی نۆی بۆ بڕیاردان لەسەر داواکاریی پارێزبەندی، و 18ی نۆی بۆ "سەپاندنی سزا یان ڕێوشوێنی دیکە بەپێی پێویست"، دیاری کرد

دۆسیەی پێدانی پارە بۆ بێدەنگکردن یەکێکە لەو چوار لێپێچینەوەیە تاوانکارییەی کە ساڵی ڕابردوو لە دژی ترامپ دەستی پێکرد.

یەکێک لە دۆسیە فیدراڵیەکان کە ترامپ تۆمەتبار دەکرد بە کۆکردنەوەی بەڵگەنامەی نهێنی بە شێوەیەکی نایاسایی لە ماڵەکەی لە مار ئا لاگۆ لە فلۆریدا، مانگی ڕابردوو ڕەتکرایەوە. وەزارەتی داوای پێداچوونەوە دەکات.

ئەوانی دیکە - کەیسەکانی فیدراڵی و ویلایەتی جۆرجیا سەبارەت بە هەوڵەکانی ترامپ بۆ هەڵوەشاندنەوەی دۆڕانەکەی لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2020- لە دۆخێکدا نین کە پێش هەڵبژاردنەکانی مانگی یازدە دادگایی بکرێت.

سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا، ئەی پی

XS
SM
MD
LG