Accessibility links

وەزیری بەرگری ئەمەریکا دەڵێت وڵاتەکەی پێشبینی زیادبوونی هێرشەکان بۆ سەر سەربازەکانی لە عێراق و سوریا ناکات


سەرەڕای زیادبوونی گرژییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگری ئەمەریکا ڕایگەیاند، لە ئێستادا پێشبینی ناکات گرووپە چەکدارەکانی سەر بە ئێران، هێرشەکانیان بۆ سەر هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق و سوریا وەک ڕابردوو زیاد بکەن.

بەپێی سەرچاوەکان ئەمەریکا ڕۆژی سێشەممە هێرشێکی بۆ سەر بنکەیەکی سەربازی گرووپی چەکداری حەشدی شەعبی هاوپەیمانی ئێران لە عێراق ئەنجامدا کە بەرپرسانی ئەمەریکا بە بەرگریکردن لەخۆیان وەسفیان کرد، هێرشەکە هاوکاتە لەگەڵ هێرشێکی ئاسمانی ئیسرائیل لە بەیروت کە بووە هۆی کوژرانی فەرماندەیەکی باڵای حزبوڵا بە ناوی فوئاد شوکر کە بە سەید موحسن ناسرابوو.

لە نێوان 7ی مانگی دەی ڕابردوو هەتا مانگی دووی ئەمساڵ زیاتر لە 160 جار لە ڕێگەی موشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە هێرش کراوەتە سەر هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق و سوریا و ئوردن، ئەمەش وایکردووە ئەمەریکا چەندین هێرشی تۆڵەسەندنەوە ئەنجام بدات.

کوشندەترین هێرش لە کۆتایی مانگی یەکدا بوو، کە بەهۆی هێرشی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی دروستکراوی ئێران لە ئوردن سێ سەربازی ئەمەریکایی کوژران و دەیان سەربازی دیکەش برینداربوون.

لەو کاتەوە هێرشەکان بۆ سەر هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق و سوریا کەمبوونەتەوە. بەڵام سەرچاوە ئەمەریکایی و عێراقییەکان ڕایانگەیاندووە، هەفتەی ڕابردوو چەند مووشەکێک ئاڕاستەی بنکەی ئاسمانی عەین ئەسەد لە عێراق کراوە، کە هێزەکانی هاوپەیمان بە سەرۆکایەتی ئەمەریکا لەوێ جێگیرکراون. بەرپرسانی ئەمەریکا دەڵێن هیچ کام لە مووشەکەکان بەر بنکەکە نەکەوتوون و هیچ زیانێکی گیانیشی نەبووە.

سەرچاوە: ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG