سوپای ئیسرائیل ڕۆژی پێنجشەممە،4ی مانگی حەوت بۆ ماوەی چەندین کاتژمێر ئامانجەکانی حزبوڵڵای لە باشووری لوبنان بۆردومان کرد. هێرشەکانی ئیسرائیل دوای ئەوە هات کە دەیان مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی حزبوڵلا ڕۆژی پێنجشەممە بە ئاراستەی باکووری ئیسرائیل هەڵدران.
میدیا ئیسرائیلییەکان لە میانی بەرنامە ڕاستەوخۆکاندا بۆ ماوەی چەندین کاتژمێر هۆشدارییان لەبارەی مەترسییەکانی هێرشی موشەک و دزەکردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە ناوچە جیاجیاکانی باکووری ئەو وڵاتە بڵاوکردەوە.
بە پێی ئەو ڕاپۆرتە میدیایانە، لە هێرشەکانی ئەمڕۆی حزبوڵڵا بۆ سەر ئیسرائیل، لانیکەم دوو ئیسرائیلی بریندار بوون.
گرووپی حزبوڵلا ڕۆژی پێنجشەممە ڕایگەیاند کە زیاتر لە 200 موشەک و ژمارەیەکی زۆر فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بۆ سەر لانیکەم 10 بنکەی سەربازیی ئیسرائیلیان هەڵداوە، ئەمەش لە کاردانەوە بە کوژرانی فەرماندەیەکی باڵای ئەو گرووپە چەکدارە لە باشووری لوبنان لە هێرشێکی سوپای ئیسرائیلدا لە ڕۆژی چوارشەممەدا.
ئەو گرووپە چەکدارە ڕایگەیاندووە کە 100 مووشەکی کاتیۆشایان ئاراستەی بنکەیەکی سەربازیی ئیسرائیل کردووە لە جۆلان و ژمارەیەکی زۆر مووشەکی فەلەقی دروستکراوی ئێرانیانیشی ئاراستەی بنکەیەکی دیکەی شاری کێریات شێمۆنە لە نزیک سنووری ئیسرائیل و لوبنان کردووە.
لە هێرشێکی ڕۆژی چوارشەممەی ئیسرائیل بۆ سەر باشووری لوبنان فەرماندەیەکی باڵای دیکەی حزبوڵڵای لوبنان بەناوی محەمەد نەعمە ناسر کە سەرۆکی یەکەی عەزیز بووە لەناو حزبوڵڵادا، کوژرا.
بەگوێرەی سەرچاوە ئەمنییەکان ئەو فەرماندەیەی حزبوڵڵا یەکێک بووە لە فەرماندە باڵاکانی ئەو گرووپە کە شوێنی متمانەی ئێران بووە و هاوشانی تالیب عەبدوڵڵا فەرماندەی دیکەی گرووپەکە بووە کە لە مانگی ڕابردوو لە هێرشێکی ئیسرائیلدا کوژرا.
لە سەرەتای شەڕی غەززەوە، ئیسرائیل لەگەڵ حزبوڵڵا ڕۆژانە لە ناوچە سنوورییەکانی ئەو دوو وڵاتە تەقە و پێکدادانیان هەیە و حزبوڵڵای لوبنان ڕایگەیاندووە تا شەڕی غەززە کۆتایی نەیەت، بەردەوام دەبن لە هێرشەکانی بۆ سەر ئیسرائیل.
لە چەند هەفتەی ڕابردوودا نیگەرانییەکان لەمەڕ شەڕێکی تەواو لە نێوان ئیسرائیل و حزبوڵڵا توندتر بووە و پێشتریش ئەمەریکا نیگەرانی خۆی لە ئەگەری کاردانەوەی ئێران لە ئەگەری ڕوودانی شەڕێکی لەو شێوەیە دەربڕیوە.
سەرچاوە/AP/al jazeera
ئیسرائیل لەکاردانەوە بە هێرشە مووشەکییەکانی حزبوڵڵا، پێگەکانی ئەو گرووپە لە باشووری لوبنان بۆردومان دەکات
