Accessibility links

ئەمەریکا کار لەسەر "رێککەوتنێکی دیپلۆماسی" لە نێوان ئیسرائیل و حزبوڵڵای لوبنان دەکات


لەمیانەی پەرەسەندنی گرژییەکانی نێوان گروپی حزبوڵڵای لوبنان و ئیسرائیل، وەزیری بەرگری ئەمەریکا ڕایگەیاند وڵاتەکەی بەپەلە کار لەسەر "رێککەوتنێکی دیپلۆماسی" دەکات کە ڕێگە بە هاووڵاتیانی مەدەنی ئیسرائیل و لوبنانی لە هەردوو دیوی سنوورەکە دەدات بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان بۆ وڵاتەکانیان.

لۆید ئۆستین ڕۆژی سێشەممە 25ی مانگی شەش پێش دەستپێکردنی دانوستان لەگەڵ هاوتا ئیسرائیلییەکەی لە واشنتن رایگەیاند و وتی "جموجوڵەکانی حزبوڵڵا هەڕەشەیە بۆ ڕاکێشانی خەڵکی ئیسرائیل و لوبنان بۆ ناو شەڕێک کە خوازیاری نین."

بە گوتەی ئۆستین، شەڕێکی لەو شێوەیە بۆ لوبنان "کارەسات" دەبێت و بۆ هاووڵاتیانی مەدەنی بێتاوان لە ئیسرائیل و لوبنانیش "وێرانکەر" دەبێت.

لە هەمان کاتدا یۆئاڤ گالانت وەزیری بەرگری ئیسرائیل لە پنتاگۆن ڕایگەیاند کە "دیپلۆماسی" باشترین ڕێگایە بۆ ڕێگریکردن لە پەرەسەندنی زیاتری ململانێکان.

گالانت جەختی لەوە کردەوە کە وڵاتەکەی بەپەلە بەدوای ڕێککەوتنێکی دیپلۆماسیدایە بۆ گەڕاندنەوەی "ئاشتی بەردەوام" بۆ سنوورەکانی باکووری ئیسرائیل بۆ ئەوەی خەڵکی مەدەنی بتوانن بگەڕێنەوە بۆ ماڵەکانیان لە هەردوو دیوی سنووری ئیسرائیل و لوبنان.

ئەو بەرپرسە باڵایەی حکومەتی ئیسرائیل جەختی لەوە کردەوە کە لە نزیکەوە لەگەڵ واشنتن کاردەکات بۆ گەیشتن بە "ڕێککەوتن" و وتی "بەڵام دەبێت باس لە ئامادەکارییەکانیش بکەین بۆ هەر سیناریۆیەک".

هەروەها ساخی هەناگبی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ئیسرائیل دەڵێت هەفتەکانی داهاتوو تەرخانکراوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لەگەڵ حزبوڵڵای لوبنان کە لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێت.

هەناگبی جه ختی کردەوە که ئیسرائیل لەگەل بەرپرسانی ئەمەریکا دانوستان دەکات لەبارەی ئەگەری کۆتایی هێنان به گرژییەکان له گه ڵ حیزبوڵڵادا و وتیشی "چارەسەری دیپلۆماسی" لە شەڕ باشترە.

بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ڕۆژی یەکشەممە ڕایگەیاند لەگەڵ کۆتایی هاتنی قۆناغی ئێستای شەڕی غەززە، ئیسرائیل دەتوانێت هێزی زیاتر لە سنوورەکانی باکووری وڵاتەکەی لەگەڵ لوبنان جێگیر بکات، بڕیارێک کە دەتوانێت مەترسی پەرەسەندنی شەڕ لە لوبنان بەرزتر بکاتەوە.

لە میانی شەڕی هەشت مانگی نێوان ئیسرائیل و حزبوڵڵای لوبنان کە هاوتەریب لەگەڵ شەڕی غەززە دەستی پێکردووە، زیاتر لە 400 کەس لە لوبنان کوژراون کە 70 کەسیان خەڵکی مەدەنی بوون. لە ئیسرائیلیش تا ئێستا 26 کەسیان کوژراوە کە 10 کەسیان خەڵکی مەدەنی بوون.

سەرچاوە/ڕۆیتەرز/ تایمزی ئیسرائیل

XS
SM
MD
LG