شێهباز شەریف سەرۆک وەزیرانی پاکستان ڕۆژی دووشەممە بەبۆنەی دووبارە هەڵبژاردنەوەی نرێندر مۆدی سەرۆک وەزیرانی هیندستان پاش هەفتەیەک لە ئەنجامەکانی دەنگدان، پیرۆزباییەکی کورتی ئاراستە کرد.
لە دوای دابەشبوونی ئەو وڵاتانە لە ساڵی 1947وە، دوو جار جەنگ لە نێوانیان لەسەر ناوچەی مشتومڕلەسەری کشمیر ڕوویداوە.
شەریف لە پۆستەکەی تویتەریدا بە کورتی نوسیویەتی " پیرۆزبایی لە نرێندر مۆدی دەکەم بەبۆنەی سوێندخواردنی وەکو سەرۆک وەزیرانی هیندستان." ئەمەش یەکەم هەڵوێستی فەرمی پاکستان بوو لەسەر ئەم بابەتە.
مۆدی ڕۆژی یەکشەممە لە مەراسیمێکدا سوێندی یاسایی خوارد کە سەرکردەکانی باشووری ئاسیا لە بەنگلادیش و ماڵدیڤ و سریلانکاوە تیایدا ئامادەبوون، بەڵام ڕکابەرەکانی دراوسێی وەکو چین و پاکستان ئامادە نەبوون.
نەواز شەریف برای شێهباز شەریف و سەرۆک وەزیرانی پێشووی پاکستان لە ساڵی 2014 بەشداری لە مەراسیمی دەستبەکاربوونی مۆدی کرد، ئەمەش یەکەمجار بوو لە مێژووی ئەو دوو وڵاتەی خاوەن چەکی ئەتۆمییەدا.
بەڵام هەردوو وڵاتی دراوسێ لە ئێستادا کەمترین پەیوەندییان هەیە و پەیوەندییەکانی نێوانیان لە ماوەی دە ساڵی دەسەڵاتی مۆدیدا خراپتر بووە، کە ئەجێندای ناسیۆنالیستی هیندۆسی خۆی بەرەو پێش بردووە.
پاکستان لە ساڵی 2019دا بازرگانی دوو قۆڵی ڕاگرت و پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی لەگەڵ نیودەلهی کەمکردەوە، دوای ئەوەی مۆدی ئۆتۆنۆمییە سنووردارەکەی کشمیری هەڵوەشاندەوە کە لەلایەن هیندستانەوە بەڕێوەدەبرێت، ئەمەش لە هەنگاوێکدا کە بە شێوەیەکی بەرفراوان لە سەرانسەری هیندستان پێشوازی لێکرا.
ڕکابەرە سەرەکییەکان بەردەوام تۆمەتی سیخوڕی و وروژاندنی شەڕانگێزی لە خاکی یەکتردا دەخەنە پاڵ یەکتر.
سەرۆک وەزیرانی پاکستان کە بەم دواییە هەڵبژێردرابوو، پێشتر ئاماژەی بەوە کردبوو دەیەوێت پەیوەندییەکانی لەگەڵ هیندستان باشتر بکات.
بەڵام شرۆڤەکاران دەڵێن پاکستان کە یەک لەسەر شەشی قەبارەی هیندستانە، هێزی کەمتری هەیە بۆ ئەم پەیوەندییە.
سەرچاوە: فرانس پرێس