Accessibility links

مەسرور بارزانی: داوا لە کوردستانیان بە تایبەت کەسانی بەتەمەن دەکەم خۆیان لەگەڵ تەکنەلۆجیا و ژیری دەستکرد بگونجێنن


سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ لە دهۆک ئاماژەیدا بەوەی حکومەتی هەرێم سەرقاڵی بونیادنانی "شێوازێکی ئابوورییە" کە پێویستی بە مامەڵەی جیاوازی هاوڵاتیان هەیە و داوای لە هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان کرد خۆیان لەگەڵ پێشکەوتنی تەکنەلۆجیا و ژیری دەستکرد بگونجێنن.

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، باسی لە ئاڵەنگارییەکانی بەردەم مرۆڤایەتی کرد بەهۆی پێشکەوتنی ژیری دەستکرد و ڕایگەیاند، "ئەم گۆڕانە خێرایەی لە جیهاندا هەیە، ئەگەرێک دەکاتەوە لەبەردەم ئەو کەسانەی ناتوانن لەگەڵ ئەم تەکنەلۆژیایە بەرەو پێشەوە بچن، ڕەنگە لە دواوە بمێننەوە. نابێت ڕێگە بەمە بدەین."

وتەکانی سەرۆکی حکومەت ڕۆژی 2ی شەشی 2024 لە میانی پێشکەشکردنی وتارێکیدا بوو لە ئاهەنگێکی دەرچوونی گەڕی شەشەمی خوێندکارانی زانکۆی ئەمەریکی کوردستان لە دهۆک.

وەک ئاماژەیەک بۆ پرۆسەی بەدیجیتاڵکردنی مووچەی کەرتی گشتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی سیستەمی هەژماری منەوە، مەسرور بارزانی ئاماژەیدا، "ئەو ئابوورییەی بنیادی دەنێین پێویستی بە شێوازێکی جیاوازی مامەڵەکردن لەلایەن هاونیشتیمانیانمانەوە هەیە. داوادەکەم کە هەموو کوردستانیان، بەتایبەت کەسانی بەتەمەن، هاوکارییان بکرێت تا لەگەڵ گۆڕانکارییەکان خۆ بگونجێنن. بانکی دیجیتاڵی بەتایبەت ئەگەری هەیە شۆڕشێک بەرپابکات لە چۆنیەتی هەڵگرتن و گواستنەوەی پارەکانمان. داوا لە خوێندکاران دەکەم لە کاتی خۆیان تەرخان بکەن بۆ ئەوەی ئەندامانی خێزانەکانیان فێربکەن."

حکومەتی هەرێم تا ئێستا سورە لەسەر ئەوەی پڕۆسەی جێگیرکردن یان "تەوتینکردنی" مووچەی کەرتی گشتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی هەژماری منەوە ئەنجامبدرێت.

دواکەوتنی مووچەی پێشمەرگە

ڕۆژی هەینی، 31ی پێنجی 2024، وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێم ڕایگەیاند 400 هەزار مووچەخۆر خۆیان لە پڕۆژەی هەژماری من تۆمارکردووە.

ڕۆژێک بەر لەمە، وەزارەتەکە ڕایگەیاندبوو کە لەماوەی سێ هەفتەی ڕابردودا بە سێ لیست کۆی گشتی داتا و زانیاری 3 هەزار و 378 فەرمانبەری حکومەتی هەرێمی کوردستانی ناردووە بۆ بانکی عێراقی بۆ بازرگانی (TBI) بە مەبەستی دروستکردنی هەژماری بانکی بۆیان.

مەسرور بارزانی کە ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو لە بەغدا بوو بۆ گفتوگۆ لەگەڵ بەرپرسانی باڵای عێراق، لە وتارەکەی ئەمڕۆیدا هیچ ئاماژەیەکی نەدا بە کێشەکانی نێوان هەردوو حکومەت تایبەت لەسەر پرسی بودجە و بەردەوامی دواکەوتنی مووچە.

لە کاتێکدا ئەمڕۆ وەزارەتی دارایی عێراق ڕایگەیاند دەستیکردووە بە دابەشکردنی مووچەی مانگی شەشی خانەنیشینانی مەدەنی و سەربازی عێراق، لە هەرێمی کوردستان تا ئێستا وەزارەتی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی تری هەرێم مووچەی مانگی چواریان وەرنەگرتووە.

هەروەها کاتی گەیشتنی مووچەی مانگی پێنجی تەواوی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێم ڕوون نییە.

لە ئاهەنگەکەی ئەمڕۆی زانکۆی ئەمەریکی لە دهۆک سەرۆککۆماری عێراق و سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بە وەکالەت و چەند بەرپرسێکی تر بەشداربوون.

ئاهەنگی دەرچوونی قوتابیانی زانکۆی ئەمەریکی کوردستان لە دهۆک ڕۆژی 2ی شەشی 2024.
ئاهەنگی دەرچوونی قوتابیانی زانکۆی ئەمەریکی کوردستان لە دهۆک ڕۆژی 2ی شەشی 2024.

سەرۆکی هەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی رایگەیاند لەگەڵ حکومەتى عێراق "لێکتێگەیشتن دروستبووە" بۆ چارەسەری بنەڕەتی کێشەکانی نێوان هەردوولا.

سەرۆکى هەرێمى کوردستان وتی، "ئێمە لە هەرێمى کوردستان بە پەرۆشەوە لە سەرکەوتنى هەوڵەکان بۆ رێککەوتن و چارەسەرکردنى بنەڕەتى کێشەکان دەڕوانین بەتایبەتى ئەوانەى کە پەیوەندییان بە ژیان و گوزەرانى مووچەخۆران و خەڵکەوە هەیە..خۆشحاڵم بە بەرەوپێشچوونى پەیوەندییەکانى هەرێم و بەغدا."

لەتیف رەشید، سەرۆککۆمارى عێراق، وتارێکى پێشکەش کرد و رایگەیاند، "کاردەکەین بۆ خەرجکردنى بەشەبودجەى هەرێمى کوردستان بەگوێرەى دەستوورى عێراق."

گوتیشى، "هەروەها بەدواداچوون بۆ خەرجکردنى بەشەبودجەى هەرێمى کوردستان و پارێزگاکانى تر و بەدیهێنانى دادپەروەریى، دەکەین".

XS
SM
MD
LG