ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان ڕۆژی هەینی لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە ئەندامێکی باڵای داعشی بە ناوی "سوقرات خەلیل" دەستگیر کردووە .
بە گوێرەی بەیاننامەکەی ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان، سوقرات خەلیل ئەندامێکی متمانەپێکراوی ڕێبەری کوژراوی دەوڵەتی ئیسلامی ئەبوبەکر بەغدادی بووە کە دوای پێنج ساڵ مانەوە لە تورکیا، بە پاسپۆرتێکی ساختە گەڕاوەتەوە بۆ کوردستان و بە خێرایی دەستگیرکراوە.
سوقرات خەلیل بۆمبی بۆ گروپی دەوڵەتی ئیسلامی دروستدەکردووە و لەلایەن بەغدادییەوە سەرپەرشتی ئۆپەراسیۆنی گەورەی جۆراوجۆری پێ سپاردبوو.
لە بەیاننامەکەدا ئاماژەی بەوەشکردووە کە لە ساڵی 2014 دا کاتێک دەوڵەتی ئیسلامی دەستی بەسەر موسڵدا گرت، ناوبراو رۆڵێکی گرنگی هەبوو و هەروەها بەشداری لە زۆرێک لە شەڕەکانی دژ بە هێزەکانی عێراق و هێزی پێشمەرگەی کردووە.
ساڵی 2017 دوای سێ ساڵ شەڕ، عێراق سەرکەوتنی بەسەر تاقمی تیرۆریستی داعش ڕاگەیاند، بەڵام توخمە پەرشوبڵاوەکانی ئەم گروپە تیرۆریستییە هێشتا لە هەندێک ناوچە وەک پارێزگاکانی دیالە، کەرکوک، نەینەوا، سەڵاحەدین، ئەنبار و بەغدا چالاکن.
سەرچاوە/ڕۆیتەرز