میدیا ئیسرائیلییەکان ڕایدەگەیەنن، هێزەکانی ئیسرائیل لە هێرشێکی ئاسمانیدا لە غەززە سێ کوڕی ئیسماعیل هەنیە، سەرۆکی بزووتنەوەی حەماسیان کوشتووە بەبێ ئەوەی ڕاوێژ بە فەرماندە باڵاکان یان سەرکردە سیاسییەکان لەنێویاندا بنیامین نەتەنیاهو، سەرۆک وەزیرانی وڵاتەکەش بکەن.
ئاژانسی ھەواڵی واڵا لە زاری بەرپرسانی باڵای ئیسرائیلەوە ڕایگەیاندووە، نە نەتەنیاهۆ و نە یۆاڤ گالانت، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل کەسیان پێشوەخت لەو هێرشە ئاگادار نەکراونەتەوە کە بە هاوئاهەنگی لەلایەن سوپای ئیسرائیل و دەزگای ھەواڵگری شین بێتەوە ڕێکخراوە.
ڕاپۆرتەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەمیر و محەمەد و حازم هەنیە وەک چەکدار کراونەتە ئامانج نەک لەبەرئەوەی کوڕی سەرکردەی سیاسی حەماس بوون. سوپای ئیسرائیل هیچ لێدوانێکی لەبارەی ئەو هەواڵانەوە نەداوە کە باس لەوە دەکەن چوار لە نەوەکانی هەنیەش بە هەمان شێوە کوژراون.
هەتا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە نە ئۆفیسی سەرۆک وەزیران و نە سوپای ئیسرائیل هیچیان لەسەر ڕاپۆرتەکەی ئاژانسی واڵا نەگوتووە.
کوشتنی کەسوکاری هەنیە شیانی ئاڵۆزی بۆ دانوستانەکان زیاد کردووە کە ئامانج لێی دەستەبەرکردنی وەستانی شەڕەکانی غەززەیە لە بەرامبەر گەڕانەوەی ئەو 133بارمتە ئیسرائیلییەی کە هێشتا پێدەچێت لە ناوچە گەمارۆدراوەکەدا ڕاگیرابێتن.
ئسماعیل هەنیە گوتی حەماس داواکارییەکی "ڕوون و دیاریکراوی" هەیە بۆ ڕازیبوون بە هەر جۆرە وەستانێکی شەڕەکە.
ڕۆژی چوارشەممە گوتی " دوژمن خەیاڵی خاوە ئەگەر پێی وابێت بە ئامانجگرتنی ڕۆڵەکانم، لە لوتکەی دانوستانەکان و پێش ئەوەی بزووتنەوەکە وەڵامی خۆی بنێرێت، فشار دەخاتە سەر حەماس هەڵوێستی خۆی بگۆڕێت."
داواکاری بۆ ئاگربەست لە ئاستی جیهانی لە زیادبووندایە لە کاتێکدا شەڕەکە پێی ناوەتە حەوتهەمین مانگییەوە، بەڵام نیشانەیەکی کەمی پێشکەوتن لە دانوستانەکاندا بەدی دەکرێت.
حەماس داوای کۆتاییهێنان بە هێرشی ئیسرائیل و کشانەوەی هێزەکانی ئیسرائیل و مۆڵەتدان بە گەڕانەوەی فەلەستینییە ئاوارەبووەکانی غەززە بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان دەکات.
ئیسرائیل دەیەوێت گەڕانەوەی بارمتەکان مسۆگەر بکات بەڵام دەڵێت تا حەماس وەک هێزێکی سەربازی لەناونەچێت کۆتایی بە شەڕەکە ناهێنێت، هەروەها هێشتا پلانی هەیە هێرش بکاتە سەر شاری ڕەفەح لە باشوور، کە زیاتر لە ملیۆنێک هاووڵاتی سڤیل ڕوویان تێکردووە.