Accessibility links

مایکڵ کۆریڵا دەڵێت هێزەکانی هاوپەیمانان بە سەرۆکایەتی ئەمەریکا لەمساڵدا 94 ئۆپەراسیۆنیان لە دژی داعش ئەنجامداوە


ژەنەراڵ مایکڵ کۆریڵا، سەرۆکی فەرماندەیی ناوەندی ئەمەریکا(سێنتکام) ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند هێزەکانی هاوپەیمانان بە سەرۆکایەتی ئەمەریکا لە سێ مانگی یەکەمی ئەمساڵدا 94 ئۆپەراسیۆنی هاوبەشیان لە دژی داعش لە عێراق و سوریا ئەنجامداوە کە لە ئەنجامدا 18 ئەندامی داعش کوژراون و 63 کەسیش دەستگیرکراون.

بەگوێرەی زانیارییەکانی سێنتکام، لەو ئۆپەراسیۆنانەدا کە 66 ئۆپەراسیۆنییان لە عێراق و 28 ئۆپراسیۆنیش لە سوریا ئەنجامدراون، 11 ئەندامی داعش لە عێراق و 7ی دیکەش لە سوریا کوژراون. هەروەها 36 ئەندامی داعش له عێراق و 27 کەسی دیکەش له سوریا دەستگیرکراون.

سەرۆکی فەرماندەیی ناوەندی ئەمەریکا هەروەها جەختی له هەوڵە نێودەوڵەتییەکان کردەوە بۆ گەڕانەوەی زیاتر له 9 هەزار دیلی داعش له ناوەندەکانی دەستبەسەرکردنی سوریا و چاککردنەوە و یەکخستنەوەی زیاتر له 45 هەزار کەس و خێزان له کەمپەکانی ئەلهۆڵ و ئەلروج.

ژەنەڕاڵ کوریڵا بە ئاماژەدان بە پابەندبوونی ئەمەریکا بە شکستی هەمیشەیی داعش، جەختی لەسەر پێویستی هاوکاری بەردەوامی هاوبەشەکانی هاوپەیمانان بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەم مەترسییە کردەوە و وتی "بەردەوامین لە چڕکردنەوەی هەوڵەکانمان لەسەر بەئامانجگرتنی ئەندامانی داعش کە هەوڵدەدەن ئۆپەراسیۆنەکانیان لە دەرەوەی عێراق و سوریا ئەنجام بدەن.

ڕاگەیەندراوەکەی سێنتکام جەخت لەسەر هەوڵە بەردەوامەکانی هاوپەیمانان بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشە بەردەوامەکانی داعش و ڕۆڵی گرنگی هاوکاری نێودەوڵەتی لە گەیشتن بە ئاشتی و سەقامگیری بەردەوام لە ناوچەکەدا دەکاتەوە.

بڵاوبوونەوەی ڕاگەیەندراوەکەی سێنتکام لە کاتێکدایە کە بەرپرسانی عێراق لە نێویاندا محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، چەندین جار ڕایانگەیاندووە داعش چیتر هەڕەشە نییە لە عێراق.

بەڵام باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق لەم دواییانەدا ڕایگەیاند کە داعش هێشتا وەک هەڕەشەیەک لە عێراقدا ماوەتەوە و هاوکاریی هاوپەیمانی سەربازی بە سەرۆکایەتی ئەمەریکا لەگەڵ عێراق بۆ تێکشکاندنی تەواوەتی ئەو گرووپە کۆتایی نەهاتووە.

سەرچاوە/دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG