Accessibility links

یەکەم هەڵسەنگاندن لەسەر مەترسیەکانی کەشوهەوا لە ئەوروپا دەریدەخات کیشوەرەکە ئامادە نیە بۆ بەرەنگاربوونەوە


ئاژانسی ژینگەیی ئەوروپا لە یەکەم هەڵسەنگاندنیدا کە هەتا ئێستا ئەنجامی دابێت سەبارەت بە مەترسییەکان بۆ سەر وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا ڕایگەیاند ئەوروپا ڕووبەڕووی مەترسییە ڕوو لە زیادبووەکانی کەشوهەوا بووەتەوە و بۆ بەرەنگاربوونەوشی ئامادە نیە.

ئاژانسەکە ئاماژەی بەوەشکرد ئەوروپا زیاتر شیانی ڕووبەڕووبوونەوەی کەشوهەوای زیانبەخشی هەیە، لەوانە زیادبوونی ئاگرکەوتنەوەی دارستانەکان، وشکەساڵی و شێوازی بارانبارینی نائاسای و هەروەها لافاو، سەرجەم ئەمانە پێویستیان بە چارەسەرکردنی دەستبەجێ هەیە بۆ پاراستنی وزە و ئاسایشی خۆراک و ئاو و تەندروستی.

“لینا یلا- مۆنۆنێن" بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ئاژانسی کاروباری ژینگەی ئەوروپا لە ڕاگەیەندراوێکدا گوتی مەترسییەکانی کەشوهەوا "خێراتر لە ئامادەکاری کۆمەڵایەتیمان گەشە دەکەن".

لە ڕاپۆرتەکەدا 36 مەترسی سەرەکی کەشوهەوای بۆ کیشوەرەکە دەستنیشان کردووە، وەک هەڕەشەکان بۆ سەر سیستەمی ژینگە و ئابووری و سیستەمی تەندروستی و خۆراک و هەروەها بۆی دەرکەوتووە کە زیاتر لە نیوەی مەترسییەکان ئێستا داوای کاری زیاتر دەکەن. ڕاپۆرتەکە هەشت شتی پۆلێن کردووە کە پێویستیان بە گرنگیدانی بەپەلە هەیە لەوانە پاراستنی سیستمەکانی ژینگەیی و پاراستنی خەڵک لە گەرما و پاراستنی ژێرخان لە لافاو و ئاگرکەوتنەوەی دارستانەکان و مسۆگەرکردنی پارەی فریاگوزاری بۆ کارەساتەکان.

لە ڕاپۆرتەکەشدا هاتووە کە ئەوروپا خێراترین کیشوەری جیهانە کە گەرم دەبێت و لە ساڵانی هەشتاکانی سەدەی ڕابردووەوە دوو هێندە خێراتر لە ناوچەکانی دیکە گەرم بووە. گەرماکە پەیوەندی بە بارانبارینی چڕتر و لافاوەوە هەیە ، ڕاپۆرتەکە پێشبینی کەمبوونەوەی بارانبارین و وشکەساڵی توندتر لە باشووری ئەوروپا دەکات.

راپۆرتەکە هۆشداری دەدات و دەڵێت بەبێ گرتنەبەری ڕێوشوێنی بەپەلە و یەکلاکەرەوە، زۆرێک لەو مەترسیانەی کەشوهەوا کە راپۆرتەکە دەستنیشانیانی کردووە، دەشێت ببنە کارەساتبار. بەمەبەستی کەمکردنەوەی مەترسییەکانی کەشوهەوا و باشترکردنی گونجان لەگەڵ گەرمبوون ، راپۆرتەکە پێشنیاری ئەوە دەکات کە یەکێتی ئەوروپا و وڵاتانی ئەندامی هاوکاری لەگەڵ ئۆرگانەکانی هەرێمی و ناوخۆیی بکەن.

“مانۆن دوفۆر" بەڕێوەبەری دامەزراوەی کۆمەڵەی پسپۆڕانی کەشوهەوای “E3G" لە برۆکسل وتی ڕاپۆرتەکە "بانگەوازێکی گەورەیە بۆ بەئاگاهێنانەوە" بۆ کیشوەرەکە ودەشێت لێکەوتەی لەسەر سیاسەتی کەشوهەوا هەبێت لەسەر ئاستی ئەوروپا و هەروەها نیشتمانی.

لەسەر ئاستی ئەوروپا " مانۆن دوفۆر" وتی ئەم ڕاپۆرتە دەشێت "چاوی" سەرکردەکانی ئەوروپا بکاتەوە کە لە ئێستادا زۆرترین سەنگیان لەسەر پرسە ئاسایشیەکانە ، هاوکات کەشوهەوا دەکرێت کاریگەری لەسەر ئاسایشی ئابووری و وزە هەبێت.

لەسەر ئاستی نیشتمانی" دوفۆر" وتی پێویستە وەزیرانی دارایی بەهۆی ڕاپۆرتەکەوە هانبدرێن "بۆ ئەوەی خۆڕاگری ئابووری و کۆمەڵایەتی بکەنە سەرتۆپی سەرەکیان." هاوکات "دوفۆر" ئاماژەی بەوەشکرد کە زیانەکانی ئابووری بەهۆی شەپۆلەکانی گەرما و لافاوەوە هەتا کۆتایی ئەم سەدەیە رەنگە ساڵانە بگاتە یەک تریلیۆن یۆرۆ کە یەکسانە بە 1.1 تریلیۆن دۆلار لە ساڵێکدا.

"مارتن ڤان ئاڵست" بەڕێوەبەری گشتی لە پەیمانگەی کەشناسی شاهانەی هۆڵەندا وتی: “بە ڕوونی لەوپەڕی بەرژەوەندیماندایە کە خۆمان لەگەڵ گۆڕانی مەترسییەکان بگونجێنین کە چیتر ناتوانین خۆمانی لێ لابدەین، لەوانەش ئامادەکاری بۆسەختی و دژواری زیاتر و سەرسوڕهێنەرە گەورەکان و خۆلادان لە مەترسییەکان لە زیاتر لەدەست دەرچوون ئەوەش لەڕێی کەمکردنەوەی دەرهاوێژە گازییەکانی مایەی گەرمبوونی کەشوهەوان.

سەرۆکی کاروباری کەشوهەوا سڤێن هارمیلینگ لە تۆڕی چالاکیی کەشوهەوا ئەوروپا داوای کرد کە هەر هەوڵێک بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی گەرمبوون "دەبێت ئەمە بە شێوەیەک بەدی بهێنرێت کە سوودی کۆمەڵایەتی و ئابووری بۆ هەموان دابین بکات."

سەرچاوە: ئەسۆسییەتد پرێس

XS
SM
MD
LG