Accessibility links

بەریتانیا نزیکەی 4 هەزار دۆلار دەداتە هەر پەناخوازێک کە بییەوێت بڕواتە ڕواندا


حکومەتی بەریتانیا بەنیازە پلانێک جێبەجێ بکات کە لەسەر بنەمای ئەو پلانە تا 3 هەزار پاوند ($3,836) بدرێت بەو پەناخوازانەی داواکاری پەنابەرییان ڕەتکراوەتەوە بۆ ئەوەی خۆبەخشانە وڵاتەکە بەجێبهێڵن و بچنە وڵاتی ڕواندا.

لە بەریتانیا دەیان هەزار پەناخواز هەن کە داواکاری پەنابەرییان ڕەتکراوەتەوە، بەڵام بەهۆی قەدەغەکردنی یاساییەوە ڕێگەپێدراو نییە بگەڕێندرێنەوە بۆ ئەو وڵاتەی لێی هەڵاتوون.

حکومەتی بەریتانیا پلانەکەی وەک باشتر بەکارهێنانی سامانی گشتی ناوبردووە و ئاماژەی بەوەداوە کە تێچووی هێشتنەوەی ئەو پەنابەرانە لە خاکی بەریتانیادان، زۆر زیاترە لە ناردنیان بۆ ڕواندا بە بڕی 3 هەزار پاوند.

حکومەتی بەریتانیا ڕایگەیاندووە لە ئێستادا ڕواندا توانای وەرگرتنی چەند سەد پەنابەری لە بەریتانیا هەیە لە ساڵێکدا و ئاماژەی بەوەشکردووە دەکرێت ئەم توانایە زیادیش بکرێت.

پلانە نوێیەکەی بەریتانیا هەمان پلانی پێشووی حکومەتە کە تێیدا هاوکاری داراییان پێشکەشی پەناخوازان دەکرت بۆ ئەوەی بەریتانیا بەجێبهێڵن و بگەڕینەوە بۆ وڵاتەکەی خۆیان، بەڵام بەپێی پلانە نوێیەکە ئەگەر خەڵک ڕازی بن لە ڕوانداش بژین و نەگەڕێنەوە بۆ وڵاتی خۆیان، ئەوا ئەو پارەیان پێدەدرێت.

ڕیشی سوناک سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا بە شێوەیەکی چڕ و پڕ لەهەوڵدایە بۆ ڕێگریکردنی لەو پەناخوازانەی کە بەبێ مۆڵەت بە بەلەمی بچووک دەگەنە کەنارەکانی باشووری بەریتانیا و هەر بۆیەش بە پێی پلانێک حکومەتی بەریتانیا دەخوازێت هەزاران کەس بنێرێت بۆ ڕواندا، بەڵام دادگای باڵای وڵاتەکە ساڵی ڕابردوو دژی ئەو پلانە بڕیاریدا و ڕایگەیاند کە ئەوە ڕێوشوێنێکی نایاساییە، چونکە یاساکانی مافی مرۆڤی بەریتانیا و نێودەوڵەتی پێشێل دەکات.

بەڕێوبەرایەتییەکەی ڕیشی سوناک بۆ تێپەڕاندنی دژایەتی دادگاکان سەبارەت بە ناردنی پەنابەران بۆ ڕواندا، لە هەوڵدایە بە ڕاگەیاندنی ڕواندا وەک وڵاتێکی سەلامەت و پارێزراو بۆ پەناخوازان، لە ڕێگەی پەرلەمانەوە یاسایەک دەربکات کە ڕێگری لە دژایەتییەکان بکات کە لە ڕووی یاساییەوە بەرنگاری ئەو پلانەی حکومەت دەبنەوە.

سوناک ڕایگەیاندووە کە دەیەوێت یەکەم گەشتی دەرکردنی پەنابەران لە چەند مانگی داهاتوودا دەستپێبکات، واتە پێش هەڵبژاردنی نیشتمانی وڵاتەکە کە چاوەڕوان دەکرێت لە نیوەی دووەمی ئەمساڵدا ئەنجام بدرێت.

سەرچاوە/ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG