ڕەشنووسی بەیاننامەی کۆبوونەوەی هەفتەی داهاتووی ڕێبەرانی یەکێتی ئەوروپا ئەوە نیشان دەدات کە ئەندامانی ئەو یەکێتییە بە دوای ڕێوشوێنەکانی دژ بە ئێراندان بە هۆی ئەگەری گواستنەوەی مووشەک لە لایەن ئەو وڵاتەوە بۆ ڕووسیا.
بەگوێرەی هەواڵێکی ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز، دوای بڵاوبوونەوەی ئەو هەواڵانەی کە باس لەوە دەکەن ئێران ڕەنگە مووشەکی بالیستیکی بگوازێتەوە بۆ ڕووسیا بۆ بەکارهێنان لە شەڕی ئۆکرانیا، یەکێتی ئەوروپا خۆی ئامادە کردووە بۆ ئەوەی لە ڕێگەی رێوشوێنی نوێی و یەکلاکەرەوەوە وەڵامی ئەو کارەی کۆماری ئیسلامی ئێران بداتەوە.
لە دەقی ڕەشنووسەکەی ڕێبەرانی یەکێتی ئەورووپاد هاتووە "ئەنجومەنی ئەوروپا داوا لە وڵاتانی سێیەم دەکات دەستبەجێ پاڵپشتی ماددی خۆیان بۆ شەڕی دەستدرێژکارانەی ڕووسیا دژی ئۆکرانیا ڕابگرن".
شەش سەرچاوە بە ئاژانسی ڕۆیتەرزیان ڕاگەیاندووە ئێران ژمارەیەکی زۆر لە مووشەکی بالیستیکی بەهێزی داوەتە ڕووسیا، ئەمەش یارمەتیدەرە بۆ قووڵکردنەوەی هاوکارییە سەربازییەکانی نێوان هەردوو وڵات کە هەردووکیان لە ژێر سزاکانی ئەمەریکادان.
لە ڕەشنووسی بەیاننامەی ڕێبەرانی یەکێتی ئەوروپا ئاماژە بەوە کراوە "ئەو ڕاپۆرتانەی باس لەوە دەکەن کە ئێران ڕەنگە مووشەکی بالیستیک و تەکنەلۆژیای پەیوەندیدار بگوازێتەوە بۆ ڕووسیا بۆ بەکارهێنان لە دژی ئۆکرانیا، زۆر جێگەی نیگەرانییە و یەکێتی ئەوروپا بە هەماهەنگی لەگەڵ هاوبەشە نێودەوڵەتییەکان ئامادەیە بۆ وەڵامدانەوەی خێرا، لەوانەش گرتنەبەری ڕێوشوێنی نوێی و یەکلاکەرەوە دژ بە ئێران".
هەروەها لە دەقەکەدا هاتووە سەرکردەکانی یەکێتی ئەوروپا داوا لە جۆزێپ بۆرێل، بەرپرسی باڵای سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا و کۆمیسیۆنی ئەوروپا دەکەن سزای زیاتر بۆ سەر بیلاڕووس، کۆریای باکور و ئێران ئامادە بکەن.
فەرەنسا، ئەڵمانیا و بەریتانیا لە مانگی نۆی ساڵی ڕابردوودا سزاکانی پەیوەست بە مووشەکی بالیستیک و بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمییان لە دژی ئێران وەک خۆی هێشتەوە کە بڕیاربوو لە مانگی دەی ساڵی ڕابردوو بەپێی ڕێککەوتنی ئەتۆمی ئێران لە ساڵی 2015 کۆتایی پێبێت.
بەرپرسان لەو کاتەدا ڕایانگەیاندبوو کە ئەو بڕیارە بە شێوەیەکی بەرچاو بەهۆی بەکارهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئێرانی لەلایەن ڕووسیا لە دژی ئۆکرانیا و ئەگەری گواستنەوەی مووشەکی بالیستی ئێران بۆ ڕووسیا دراوە.
گرەنت شەپس، وەزیری بەرگری بەریتانیا لە سەرەتای ئەم مانگەدا لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ گۆڤاری سیاسی "هاوس مەگەزین" ڕایگەیاند لەندەن زانیاری لەبارەی گەیاندنی مووشەکی بالیستیک لەلایەن ئێرانەوە بۆ ڕووسیا هەیە.
وەزیری بەرگری بەریتانیا لەو چاوپێکەوتنەدا وتی "جا مەسەلەی مووشەکی بالیستیک بێت یان ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانانەی "شاهید" کە بۆ ڕووسیایان دابین کردووە، هەمیشە بینیومانە لە هەر شوێنێکدا جیهان لە ململانێکان تێوەگلابێت، ئێران یان زۆرجار ئەو ململانێیانەی وروژاندووە یان لانیکەم لە دابینکردنی چەک و تەقەمەنی سەربازیدا ڕۆڵی گێڕاوە."
هەر لەم چوارچێوەیەدا دامەزراوەی نێودەوڵەتیی توێژینەوەی ئاشتی ستۆکهۆڵم لە نوێترین ڕاپۆرتی خۆی سەبارەت بە کڕین و فرۆشتنی چەک لە جیهاندا ڕایگەیاندووە "هەناردەکردنی چەک لەلایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە بە شێوەیەکی بەرچاو بەرز بووەتەوە."
بە پێی ڕاپۆرتەکەی ئەو دامەزراوەیە لە موەی پێنج ساڵی ڕابردوودا کۆماری ئیسلامی ئێران بە بەراورد لەگەڵ هەمان ماوەی پێشووتر 276% هەناردەکردنی چەکی زیادی کردووه .
سەرچاوە/ڕۆیتەرز