پەیامنێری بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا عارف ئەسلان ڕۆژی سێشەممە لە ماڵەکەی خۆی لە شاری وان دەستگیرکرا.
سەرلەبەیانی ڕۆژی سێشەممە هێزە ئاسایشییەکان هەڵیانکوتایە سەر ماڵی سێ ڕۆژنامەنووس بە ناوەکانی لوقمان گەزگین، ئۆکتای جەندەمیر و عارف ئەسلان کە لە شاری وان کاریان دەکرد.
دوابەدوای گەڕان و پشکنین لە ماڵەکانیاندا دەستبەسەر کران و بران بۆ بنکەی پۆلیسی هەرێمی.
هەتا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە هیچ زانیارییەک لەسەر هۆکاری دەستبەسەرکردنی ئەو ڕۆژنامەنووسانە بەدەست نەگەیشتووە.
هاوکارێکی پێشووی عارف ئەسڵان کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت دەستگیرکردنی ئەسڵان و ڕۆژنامەوانەکانی تری بۆ بەشی کوردی پشتڕاست کردەوە و گوتی " ئەمە بەشێکە لە هەڵمەتێکی فراوانتری حکومەت بۆ سەرکوتکردنی ڕۆژنامەوانان پێش هەڵبژاردنە خۆجێهییەکان لە تورکیا."
کۆمەڵەی ڕۆژنامەنووسانی دیجلە فیرات لە سۆشیال میدیادا دەستبەسەرکردنی هەر سێ ڕۆژنامەوانەکەی ڕاگەیاندووە و دەڵێت "ڕۆژنامەنووس عارف ئەسلان و ئۆکتای جاندەمیر لە کاتی هەڵکوتانە سەر ماڵەکەیان لە بەرەبەیانی ڕۆژی سێشەممە دەستبەسەر کران".
دەنگی ئەمەریکا لە هەوڵی وەرگرتنی زانیاری زیاتردایە لەسەر دەستگیرکردنی پەیامنێرمان عار ئەسڵان.
ماوەیەکی کەم بەر لە هەڵبژاردنە گشتییەکانی ساڵی ڕابردوو، دوو ئۆپەراسیۆنی جیاواز لە دژی ڕۆژنامەنووسان ئەنجامدرا. لە یەکەم ئۆپەراسیۆندا 143 کەس دەستگیرکران کە ژمارەیەکی زۆری ڕۆژنامەنووسیان تێدابوو.
لە ئۆپەراسیۆنی دووهەمدا کە بنکەکەی لە ئانکەرە بوو ژمارەیەکی تر دەستگیرکران.