Accessibility links

تەرمی ئەلێکسی ناڤاڵنی ڕادەستی دایکی دەکرێت


گوتەبێژی ئەلێکسی ناڤالنی ڕایگەیاند تەرمی ئەو نەیارە دیارەی حکومەتی ڕووسیا کە لە زینداندا گیانی لەدەست دا، ڕادەستی دایکی کراوە.

کیرا یارمیش ڕۆژی شەممە 24ی مانگی دوو ئەم هەواڵەی لە کەناڵی ئێکس (تویتەری پێشوو) ڕاگەیاند و سوپاسی هەموو ئەو کەسانەی کرد کە داوای گەڕاندنەوە و ڕادەستکردنەوەی تەرمی ناڤاڵنییان کردووە.

دەسەڵاتدارانی ڕووسیا تەرمی ئەم سەرکردەی ئۆپۆزسیۆنی ڕووسیایان تا 9 ڕۆژ دوای گیانلەدەستدانی لای خۆیان هێشتەوە و ئامادە نەبوون تەرمەکەی ڕادەستی بنەماڵەکەی بکەنەوە.

یولیا ناڤاڵنایا، شارەزای ئابووری و هاوسەری ئەلێکسی ناڤالنی، چەند کاتژمێرێک لەمەوبەر ڕایگەیاندبوو تەرمی ئەو نەیارە ناسراوەی کرێملین بە فەرمانی شەخسی سەرۆکی ڕووسیا ڕادەستی بنەماڵەکەی ناکرێتەوە.

ناوبراو لە پەیامێکی ڤیدیۆیدا کە ڕۆژی شەممە بڵاویکردەوە، ڕایگەیاند "ڤلادیمێر پوتن سەرۆکی ڕووسیا بە شێوەیەکی شەخسی فەرمانی داوە کە تەرمی ڕەخنەگرە دیارەکەی دوای نۆ ڕۆژ لە ڕاگەیاندنی مردنەکەی ڕادەست نەکرێت".

بنەماڵەی ئەلێکسی ناڤاڵنی پێشتر ڕایانگەیاندبوو بۆ ڕادەستکردنی تەرمی کوڕەکەیان فشارێکی زۆریان لەسەرە و هەڕەشەیان لێدەکرێت.

لیودمیلا ناڤاڵنایا، دایکی ئەلێکسی ناڤالنی، پێشتر ڕایگەیاندبوو کە تەرمی بێ گیانی کوڕەکەی بینیوە کاتێک سەردانی زیندانەکەی لە سیبیریا کردووە، بەڵام بەرپرسانی زیندانەکە هەوڵیانداوە بۆ شوێن و کاتی ناشتنەکەی مەرج دابنێن.

دایکی ناڤاڵنی ئاماژەی بەوەشکردبوو بەرپرسانی زیندانەکە هەڕەشەی ئەوەیان کردووە کە ئەگەر لەسەر ناشتنی بێدەنگانەی کوڕەکەی ڕازی نەبێت، ئەوا تەرمی ئەو ڕەخنەگرەی پوتن لە نێو زیندانەکەدا دەنێژن.

بەڵام سەرەڕای ئەو فشارانەش دایکی ناڤاڵنی دەیەوێت پرسەی منداڵەکەی بەشێوەیەکی "گشتی" بەڕێوەببات بۆ ئەوەی لایەنگرانی کوڕەکەی ماڵئاوایی لێبکەن.

هەواڵی گیانلەدەستدانی ئەلێکسی ناڤاڵنی پارێزەر و سیاسەتمەدار و ڕەخنەگری دیاری پوتین لە تەمەنی 47 ساڵیدا لە 16ی مانگی دوو بە فەرمی ڕاگەیەندرا.

XS
SM
MD
LG