سەرۆکی دەزگای دادی کرمان ڕۆژی شەممە 17ی مانگی دوو ڕایگەیاند لە شاری فاریاب لە باشووری ئەو پارێزگایە، کەسێک 12 ئەندامی بنەماڵەکەی لە نێویاندا باوک و برا و هاوسەری براکەی کوشتووە و پاڵنەری تەقەکردنەکەشی بۆ ناکۆکی خێزانی گێڕاوەتەوە.
ئیبراهیم حەمیدی، سەرۆکی دادی پارێزگای کرمان، لە وتووێژێکدا لەگەڵ میدیاکان تاوانەکەی بە ترسناک ناو برد و وتی سەرلەبەیانی ڕۆژی شەممە گەنجێکی تەمەن 30 ساڵ بە چەکی کڵاشینکۆف 12 ئەندامی بنەماڵەکەی لە گوندێکی شاری فاریاب کوشتووە.
چەند کاتژمێرێک دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵەکە، فەرماندەی پۆلیسی پارێزگای کرمان ڕایگەیاند کە ئەنجامدەری تاوانەکە کوژراوە. گوتیشی " ئەو گەنجە کە هەڵاتبوو، دواجار لە شەڕێکی چەکداریدا لەگەڵ ئەفسەرانی پۆلیسی فریاب کوژراوە."
بەرپرسانی پۆلیسی کرمان دەڵێن چوار منداڵ لە نێو کوژراوەکاندا بوون و هەروەها باس لەوە دەکرێت کە 3 کەسی دیکەش بریندار بوون.
هێشتا وردەکاری زیاتر لەسەر ئەم هەواڵە بڵاونەکراوەتەوە.
سەرچاوە/AP/ڕادیۆ فەردا