Accessibility links

فەرماندەی باڵای ئەمەریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست: سوپای پاسداران "شان شان بە شانی حوسییەکان" لە یەمەن چالاکی دەکەن


براد کوپێر، فەرماندەی باڵای هێزی دەریایی ئەمەریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕایگەیاند پشتیوانیکردنی ئێران لە حوسییەکان بۆ بەئامانجگرتنی کەشتییە بازرگانییەکان لە دەریای سوور " گرنگە " و سوپای پاسدارانی ئێران لە ناوخۆی یەمەندا ئامادەن بۆ یارمەتیدانی میلیشیاکان.

براد کوپێر، فەرماندەی کەشتیگەلی پێنجەمی هێزی دەریایی ئەمەریکا بە کەناڵی سی بی ئێس نیوزی ڕاگەیاند " سوپای پاسداران لە ناوخۆی یەمەندان و شانبەشانی حوسییەکان کاردەکەن و ئامۆژگارییان دەکەن و زانیارییان پێدەدەن بۆ ئامانجکردنی کەشتییەکان."

دەریاوان کوپێر کە جێگری بەرپرسی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمەریکایە، (CENTCOM)، وتی " ئەم پشتیوانییە لە ماوەی دەیەی ڕابردوودا بەردەوام بووە و کۆماری ئیسلامی ئێران ساڵانێکە هاوکاری حوسییەکان دەکات."

ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لە ناوەڕاستی مانگی یەکی ئەمساڵدا ڕایگەیاند کە حوسییەکان لە 30 ڕۆژی داهاتوودا دەخرێنە نێو لیستی ڕێکخراوە تیرۆریستییە بیانییەکانی حکوومەتی ئەمەریکاوە.

لە پێشهاتێکی دیکەدا، سێنتکام ڕۆژی پێنجشەممە دەستبەسەرداگرتنی کەشتییەکی هەڵگری چەکی ئێرانی بۆ میلیشیاکانی حوسی ڕاگەیاند.

بەگوێرەی بەیاننامەکەی سێنتکام، هێزێکی پاسەوانی کەناراوەکانی ئەمەریکا کە لەو ناوچەیە لەژێر بەرپرسیارێتی سێنتکام جێگیر بووە، لە دەریای عومان، کەشتییەک کە چەکی پێشکەوتووی ئاسایی و هاوکارییە کوشندەکانی دیکەی کۆماری ئیسلامی ئێرانی بۆ ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی حوسییەکان گواستوەتەوە، دەستی بەسەردا گیراوە.

لە ڕاگەیەندراوەکەی سێنتکامدا ئاماژەی بەوەشکردووە، کەشتییە دەستبەسەرداگیراوەکە زیاتر لە 200 پاکێجی تێدابووە کە پڕ بوون لە مووشەکی بالیستیکی مەودای مامناوەند و تەقەمەنی و پارچەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ژێر ئاو و سەر ڕووی زەوی و ئامێری پەیوەندی سەربازی و پارچەی هەڵدانی مووشەکی بالیستیکی ڕێنمایی دژە تانکی و پارچەی دیکەی سەربازیی تێدابووە.

سێنتکام ئاماژەی بەوەدا کە دابینکردن، فرۆشتن یان گواستنەوەی ئەو جۆرە هاوکارییانە پێشێلکردنی بڕیارنامەی 2216 ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانە کە بە بڕیارنامەکانی 2675 و 2707 درێژکراوەتەوە.

جەنەڕاڵ مایک ئێریک کۆریلا، فەرماندەی سێنتکام ، چەکە دەستبەسەرداگیروەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بە " نموونەیەکی دیکەی چالاکییە بەدخوازراوەکان " ی حکوومەتی ئێران لە ناوچەکە ناو برد و گوتی " دابینکردنی بەردەوامی چەکی پێشکەوتوو لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە بۆ حوسییەکان پێشێلکردنی ڕاستەوخۆی یاسا نێودەوڵەتییەکانە " و هەروەها ئاسایشی کەشتیوانی نێودەوڵەتی و ڕۆیشتنی ئازادی بازرگانی تێکدەدات.

لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەی سێنتکامدا هاتووە " ئەمەریکا پاندە بەوەی کە لە ڕێگەی هەموو ڕێگایەکی یاساییەوە، لەوانەش سزاکانی ئەمەریکا و نەتەوە یەکگرتووەکان بە هاوکاری لەگەڵ هاوپەیمانان و هاوبەشەکانی بەرەنگاری گواستنەوەی یارمەتییە کوشندەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ هێزە بە وەکالەتەکانی لە ناوچەکە ببێتەوە."

سەرچاوە/دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG