Accessibility links

ئێران پەنجەکانی زیندانییەک بە تۆمەتی "دزینی پێنج مەڕ" دەبرێتەوە


پەنجە بڕین (ئەرشیف)
پەنجە بڕین (ئەرشیف)

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران ڕایدەگەیەنێت سزای بڕینی پەنجەکانی زیندانییەک لە زیندانی ناوەندی شاری قوم بە تۆمەتی "دزینی پێنج مەڕ" جێبەجێ کراوە.

ئەو ڕێکخراوەیە ڕۆژی پێنجشەممە، 8ی مانگی دوو ڕایگەیاند بە پێی هەندێ زانیاری نوێ کە دەستیکەوتووە، ماوەیەک پیش ئێستا سزای بڕینی چوار پەنجەی زیندانییەک بە ناوی یوسف.ت کە تەمەنی 35 ساڵە، جێبەجێ کراوە.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە نووسیویەتی، یوسف لە ئاژەڵدارییەک کە خاوەنەکەی ئەندامێکی سوپای پاسدارانی ئینقلابی ئیسلامی بووە، خەریکی دروستکردنی ژوورێک بووە و لەماوەی ئەو 13 مانگەی کە زیندانی بووە، پێداگری لەسەر بێتاوانی خۆی کردووە و تۆمەتی دزی ڕەتکردوەتەوە.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران سزاکەی بە سزایەکی دەڕەندانە ناوبردووە و داوای فشارە نێودەوڵەتییەکانی کردووە بۆ لابردنی ئەو جۆرە سزانە لە یاساکانی ئێراندا.

مەحمود ئەمیری موقەدەم بەڕێوەبەری ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ڕایگەیاندووە "بڕینی پەنجەی پیاوێک بە تۆمەتی دزینی چەند مەڕێک، لەلایەن سیستەمێکی گەندەڵەوە کە بەرپرسەکانی لە دزیکردنی ملیارەها دۆلار و و گەندەڵیکردندا ناوبانگیان دەکردووە، پیشاندەری دڕندەیی و بێ ئەخلاقی ئەم سیستەمەیە."

گوتەبێژی نووسینگەی مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان لە مانگی حەوتی ساڵی 2022 لە بەیاننامەیەکدا هۆشداری دابوو سەبارەت بە مەترسی جێبەجێکردنی سزای بڕینی پەنجەی 8 کەس لە ئێران.

ڕاڤینا شەمداسانی، گوتەبێژی کۆمیساریای باڵای مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندبوو "داوا لە ئێران دەکەین بەپێی پابەندبوونەکانی بە یاسای نێودەوڵەتی مافەکانی مرۆڤ و بە پێی ڕاسپاردەکانی مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان پێداچوونە بکات بە سزا جەستەییەکانیدا لە یاسای وڵاتەکەی، لەوانەش سزاکانی وەک بڕینی جەستە، لێدانی قامچی و بەردبارانکردن."

لە بەشێکی دیکەی ئەو بەیاننامەیەدا باس لەوە کرا کە ڕێکخراوە مەدەنییەکانی ئێران ڕاپۆرتیان داوە کە لانیکەم 237 کەس کە زۆربەیان لە چین و توێژە هەژارەکانی کۆمەڵگە بوون، لە نێوان ساڵی 2000 تا 2020 سزای بڕینی جەستەیان بەسەردا سەپێندراوە کە لانیکەم 129 لەو سزایانە جێبەجێ کراون.

بەپێی ڕاپۆرتی نووسینگەی مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئێران یەکێکە لە وڵاتانی ئەندامی پەیماننامەی نێودەوڵەتی مافە مەدەنی و سیاسییەکان کە ماددەی حەوتەمی ئەو پەیماننامەیە، ئەشکەنجەدان، سزای دڕندە و نامرۆڤانە قەدەغە دەکات.

نووسینەگەکە لە درێژەدا ئاماژەی بەوەداوە کە لیژنەی مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان کە سەرپەرشتی جێبەجێکردنی پەیماننامەکە دەکات، بە ڕوونی ڕایگەیاندووە کە قەدەغەکردنی ئەشکەنجە، یان مامەڵەکردنی خراپ و سزای دڕندانە و نامرۆڤانە یان ڕیسواکردن، هەموو جۆرەکانی سزای جەستەیی دەگرێتەوە.

سەرچاوە/دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG