Accessibility links

ڕۆیتەرز: سوپای پاسدارانی ئێران بەشێک لە فەرماندەکانی لە سوریا دوای هێرشەکانی ئیسرائیل دەکشێنێتەوە


ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز بە پشتبەستن بە پێنج سەرچاوەی ئاگادار ڕایدەگەیەنێت سوپای پاسدارانی ئێران لە دوای هێرشە کوشندەکانی ئیسرائیل بۆ سەر سوریا، جێگیرکردنی فەرماندە باڵاکانی لەو وڵاتە کەمکردووەتەوە و بۆ پاراستنی بەرژەوەندی و کاریگەرییەکانی خۆی لەو وڵاتە زیاتر پشت بە میلیشیا بە وەکالەتەکانی دەبەستێت.

ڕۆیتەرز لە زاری سێ لەو سەرچاوانە نووسیویەتی "لە بەرامبەر کەسانی توندڕەوی تاران کە پێداگری لەسەر ڕێوشوێنی تۆڵەسەندنەوە دەکەن، هۆکاری بڕیارەکەی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ کشانەوەی فەرماندەکانی لە سوریا دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە نایەوێت بە شێوەی ڕاستەوخۆ لە ململانێکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەراستدا بەشدار بێت."

ئەو سەرچاوانە بە ئاژانسی ڕۆیتەرزیان ڕاگەیاندووە کە پلانی سوپای پاسدارانی ئێران ئەوەیە ئامادەبوونی خۆی لە سوریا لە "دوورەوە" بەڕێوەببات و بڕیارە حیزبوڵڵای لوبنان کە یەکێک لە هێزەکانی ژێردەستی ئێرانە، هاوکات لەو کارەدا هاوکاری سوپای پاسداران بکات.

هەرچەندە میلیشیا شیعەکان کە کۆماری ئیسلامی ئێران پاڵپشتیان دەکات لە لوبنان، یەمەن، عێراق و سوریا چوونەتە ناو ململانێکانی ناوچەکە و بە بەردەوامی هێرش دەکەنە سەر سەر پێگەکانی ئەمەریکا و ئیسرائیل، بەڵام حکومەتی ئێران خۆی لە چوونە ناو ململانێکانەوە بە شێوەی ڕاستەوخۆ بەدوور گرتووە.

یەکێک لە سەرچاوەکانی ئاژانسی ڕۆیتەرز کە یەکێکە لە بەرپرسانی باڵای ئەمنیی ناوچەکە، لە زاری بەرپرسانی کۆماری ئیسلامییەوە ڕایگەیاندووە، فەرماندە باڵاکانی سوپای پاسداران لەگەڵ دەیان ئەفسەری پلە مامناوەند سوریایان بەجێهێشتووە.

ڕاپۆرتەکەی ڕۆیتەرز سەبارەت بە جموجۆڵی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی لە سوریا کە وڵاتێکی هاوسنوورە لەگەڵ ئیسرائیل لەکاتێکدایە کە لەماوەی ڕابردوودا لانیکەم سێ بەرپرسی باڵای سوپای قودس (لقی دەرەوەی فەیلەقی سوپای پاسدارانی ئینقلابی ئیسلامی) لە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر سوریا کوژراون.

ئیسرائیل کە لەگەڵ هێزەکانی گرووپی حەماس لە غەززە خەریکی شەڕی شەقام بە شەقامە، تا ئێستا بە فەرمی بەرپرسیارێتی خۆی لە هێرشەکان بۆ سەر سوریا ڕانەگەیاندووە، بەڵام هەموو سەرچاوە و میدیاکان هێرشە کوشندەکانی سەر هێزەکانی کۆماری ئیسلامی لە سووریا بۆ ئیسرائیل دەگەڕێننەوە.

لە کاتی دەستپێکردنی شەڕی ناوخۆی سوریا، کۆماری ئیسلامی ئێران هەزاران چەکداری بۆ پشتیوانی لە بەشار ئەسەد ناردە ئەو وڵاتە و جگە لە هێزەکانی سوپای پاسداران کە بە گوتەی کۆماری ئیسلامی ڕۆڵی "ڕاوێژکاری" لە سووریا دەگێڕن، هەزاران میلیشیای شیعەی لە وڵاتانی ناوچەکە ڕەوانەی سووریا کردن.

ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز لە زاری بەرپرسێکی ناوچەیی نزیک لە کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە ئاماژەی بەوەکردووە، ئەو سەربازانەی لە سووریا ماون، نووسینگەکانی خۆیان بەجێهێشتووە و خۆیان شاردووەتەوە. بە وتەی ئەو سەرچاوەیە سوپای پاسداران سوریا بەجێناهێڵێت، بەڵام زۆر بوون و جموجۆڵەکانی لەم وڵاتەدا کەمدەکاتەوە.

بەگوێرەی سەرچاوەکانی ڕۆیتەرز، ئەم کەمبوونەوەی ئامادەبوونەی هێزەکانی ئێران کاریگەری لەسەر ئۆپەراسیۆنەکانی سوپای پاسداران لە سوریا نەبووە و نابێت و تەنها یارمەتیدەری سوپای پاسداران دەبێت بۆ ئەوەی خۆی لە شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماسدا بەدوور بگرێت.

سەرچاوە/ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG