Accessibility links

ڕەئیسی سەردانی تورکیا دەکات و لەلایەن ئەردۆغانەوە پێشوازی لێدەکرێت


ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆک کۆماری ئێران ڕۆژی چوارشەممە گەیشتە تورکیا بە مەبەستی وتووێژکردن لەگەڵ سەرۆکی تورکیا و کاربەدەستانی وڵاتەک لە هەوڵێکدا بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکی نێوانیان و هەوڵدان بۆ ڕاگرتنی تەشەنەسەندنی شەڕی نێوان ئیسرائیل و گرووپی توندڕەوی حەماس.

لە کاتێکدا کە حەماس لەلایەن ئەمەریکا و یەکێتی ئەوروپاوە وەک گرووپێکی تیرۆریستی ناودێرکراوە، ئێران و تورکیا پشتگیری گرووپەکە دەکەن.

گەشتەکەی ڕەئیسی بۆ تورکیا دووجار دواخرا؛ جارێک لە مانگی یازدەی ساڵی ڕابردوودا بەهۆی تێوەگلانی دیپلۆماتکاران لە دانوستانەکان سەبارەت بە شەڕی غەززە و جارێکیش لە سەرەتای مانگی یەک دوای تەقینەوەکانی کرمانی ئێران لە کاتی ڕێوڕەسمی ساڵڕۆژی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی پێشووی هێزی قودستی سوپای پاسداران.

سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان بە فەڕمی پێشوازی لە ڕەئیسی کرد.

بڕیارە هەشتهەمین کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی باڵای هاوکاریی ئێران و تورکیا بە سەرپەرشتیی هەردوو سەرۆک، دوای کۆبوونەوە تایبەتەکەیان بەڕێوە بچێت.

ئەم گەشتەی ڕەئیسی لە کاتێکدایە کە جگە لە شەڕی نێوان ئیسرائیل و گرووپی حەماس لە غەززە، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و پاکستان لەلایەک و ئێران و عێراقیش لەلایەکی تر گرژی و ئاڵۆزی بەخۆوە بینیوە بەهۆی هێرشی مووشەکی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئێران بۆ سەر ناوچەکە.

ئەمە لە کاتێکیشدایە حوسییەکانی کە ئێران پشتیوانیان لێدەکات لە دەریای سوور بۆ پشتیوانی لە فەلەستینییەکان چەندین ئۆپەراسیۆنی سەربازییان کردووە.

لە چەند هەفتەی ڕابردوودا، ئیسرائیل ئۆپەراسیۆنەکانی لە دژی هێزەکانی سەر بە ئێران یان کۆماری ئیسلامی لە وڵاتانی دراوسێ زیاد کردووە و سەرەتای ئەم هەفتەیە لە هێرشێکدا لە سوریا پێنج ئەندامی سوپای پاسداران کە دوو فەرماندەی باڵای تێدابوو کوژران.

سەرچاوە: رۆیتەرز، ڕادیۆ فەردا

XS
SM
MD
LG