Accessibility links

عێراق، ئەمەریکا بە هۆکاری پەرەسەندنی گرژییەکانی ناوچەکە تۆمەتبار دەکات


عێراق، ئەمەریکا تۆمەتبار دەکات بەوەی بەشدارە لە پەرەسەندنی توندوتیژییەکان لە ناوچەکەدا، دوای ئەوەی ڕۆژی چوارشەممە هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمەریکا گروپەکانی سەر بە ئێرانیان کردە ئامانج.

هێرشەکە لە کاتێکدایە کە گرژییەکانی ناوچەکە بەهۆی شەڕی نێوان ئیسرائیلی هاوپەیمانی واشنتن و گروپی ئیسلامی حەماس کە لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێت زیادیان کردووە.

لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگری ئەمەریکا ڕایگەیاند، هێزەکانی ئەمەریکا "هێرشی پێویست و ڕێژەیی" یان دژی سێ دامەزراوە ئەنجامداوە کە لەلایەن گروپی میلیشیاکانی کەتایب حزبوڵڵای سەر بە ئێران (لیواکانی حزبوڵڵا) و گرووپەکانی دیکەی سەر بە ئێران لە عێراق بەکارهێنراون".

ئوستن ئاماژەی بە هاوپەیمانی دژ بە داعش بە سەرکردایەتی ئەمەریکا کرد وتی: ئەم هێرشانە لە وەڵامی ڕاستەوخۆی زنجیرەیەک هێرشی پەرەسەندووی چەکداریە بۆ سەر هێزەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانان لە عێراق و سوریا لەلایەن میلیشیاکانی سەر بە ئێرانەوە.

لە ناوەڕاستی مانگی دەی ڕابردووەوە هێزەکانی هاوپەیمانان بە سەرۆکایەتی ئەمەریکا لە عێراق و سوریا زیاتر لە 150 هێرشیان کراوەتە سەر، زۆرێک لەو هێرشانە لەلایەن گروپی ناسراو بە مقاوەمەی ئیسلامی بانگەشەی بۆ کراوە، کە هاوپەیمانییەکی نزیکی گرووپەکانی پەیوەست بە ئێرانەوەن و دژی پشتیوانی ئەمەریکان بۆ ئیسرائیل لە شەڕی غەززە.

هێزەکانی ئەمەریکا ژمارەیەک هێرشی ئاسمانییان بۆ سەر ئەو گرووپانە ئەنجامداوە که بەرپرسیارن لە هێرشەکانی دەکرێنە سەر هێزەکانی ئەمەریکا، ئەمەش کاردانەوەی عێراقی لێکەوتووەتەوە، کە داوای کشانەوەی ئەو هێزانە دەکات کە هاوپەیمانی عێراقن لە وڵاتەکە.

وتەبێژی سەرۆک وەزیرانی عێراق محەمەد شیاع ئەلسودانی ڕایگەیاند؛ "ئەم کارە جێگای قبوڵکردن نیە و سەروەری عێراق پێشێل دەکات، هاوکات بەشدارە لە پەرەسەندنی بێباکانەی گرژییەکان، لە کاتێکدا ناوچەکە لەگەڵ مەترسی پەرەسەندنی ناکۆکیەکاندا دەجەنگێت".

یەحیا ڕەسوڵ، وتەبێژی کاروباری سەربازی عێراق گوتی: "ئێمە وەک کردەوەی دەستدرێژیکارانە مامەڵە لەگەڵ ئەو ئۆپەراسیۆنانە دەکەین و ڕێوشوێنی پێویست دەگرینەبەر بۆ پاراستنی ژیان و کەرامەتی عێراقییەکان".

سەرچاوە: فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG