Accessibility links

ڕۆژێک دوای ئازادکردنیان لە زیندان، دۆسێی حیجابی زۆرە ملێ لە دژی دوو ڕۆژنامەوان لە ئێران دەکرێتەوە


دەزگای دادوەریی ئێران ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند، ڕێوشوێنی نوێی لە دژی دوو ڕۆژنامەنووس گرتووەتەبەر بەهۆی ئەوەی لە کاتی ئازادکردنیاندا، دوای زیاتر لە ساڵێک زیندانیکردنیان بەبێ حیجابی زۆرەملێ وێنەیان بڵاوکردووەتەوە.

نیلوفەر حامیدی و ئیلاهێ محەمەدی ڕۆژی یەکشەممە لە زیندانی ئێڤینی تاران ئازاد کران، کە بەهۆی ڕووماڵکردنی مەرگی ژینا ئەمینی لە ژێر دەستی پۆلیسی ئاکار لە مانگی 9 ی ساڵی 2022، دەستگیرکرابوون.

مەرگی ژینا ئەمینی کچە کوردی خەڵکی سەقز، لە کاتێکدا لەلایەن پۆلیسی ئاکارەوە بەهۆی گوایە ڕەچاونەکردنی حیجابی زۆرەملێ دەستبەسەرکرابوو، بووە هۆی خۆپیشاندانی ناڕەزایەتی لە سەرتاسەری ئێران.

وێنەی ئەو دوو ڕۆژنامەنووسە پاش ئازادبوونیان لە دەرەوەی زیندان بە پێکەنینەوە و دەستی یەکتریان گرتبوو لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بە شێوەیکی فراوان بڵاو بووەوە.

ماڵپەڕی "میزان ئۆنلاین"ی سەر بە دەزگای دادوەری ئێران ئاماژەی بەوە کردووە کە لە وێنەکاندا "ژنانی بێ حیجاب" پیشان دراوە، کە ماوەیەکی کورت پاش شۆڕشی ئیسلامی ئێران لە ساڵی 1979وە لە شوێنە گشتییەکاندا دەبێت ژنان بە زۆرەملێ حیجاب ڕەچاوبگرن.

میزان وتی لە ئەنجامی ئەو وێنەیەدا "دۆسیەیەکی نوێ لەسەر تۆمەتباران تۆمارکراوە".

میزان لە ڕۆژی ڕایگەیاند، مەرجەکانی ئازادکردنی ئەو ڕۆژنامەنووسانە بە کەفالەت ڕێگری لە گەشتکردنیان بۆ دەرەوەی وڵات دەکات.

لە مانگی دەی ڕابردوودا، دەزگای دادوەری ئێران ڕایگەیاند، ئەو ڕۆژنامەوانانە بە تاوانی هاوکاری لەگەڵ دوژمنی سەرەکی ئێران ئەمەریکا، پیلانگێڕی دژی ئاسایشی دەوڵەت و "پڕوپاگەندە" دژی کۆماری ئیسلامی، تاوانبار کراون.

ڕۆژی یەکشەممە دەزگای دادوەری ئێران ڕایگەیاند " دوای بەسەربردنی 17 مانگ لە زینداندا، دوو ڕۆژنامەنووسەکە بە شێوەیەکی کاتی دوای پێدانی کەفالەت ئازاد کراون و چاوەڕێی بڕیاری دادگای پێداچوونەوە دەکەن و قەدەغەکراوە لەسەرییان وڵاتەکە جێبهێڵن."

لەو کاتەوە ئەو دوو کەسە تانەیان لە سزاکانیان داوە و ئاژانسی هەواڵی تەسنیم ڕایگەیاندووە "لە دەرەوەی زیندان دەمێننەوە تا دادگای تێهەڵچوونەوە بڕیارێک دەدات".

حامیدی دوای کەمتر لە هەفتەیەک لە کۆچی دوایی ژینا ئەمینی دەستگیرکرا، کاتێک چووە ئەو نەخۆشخانەیەی کە ئەمینی تیایدا چارەسەری بۆ دەکرا و وێنەیەکی خێزانە خەمگینەکەی لە سۆشیال میدیا بڵاوکردەوە.

محەمەدیش دوای ئەوەی بە مەبەستی ڕووماڵکردنی پرسەکەی چووە شاری سەقز زێدی ئەمینی، دەستبەسەر کرا.

سەرچاوە: رۆیتەرز

XS
SM
MD
LG