Accessibility links

باڵیۆزی ئەمەریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان: ئێمە دژی ئەوەین کە فەلەستینییەکان لە هەر شوێنێکی تر جگە لە غەززە نیشتەجێ بکرێن


باڵیۆزی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان لە وەڵامی لێدوانی وەزیران و یاسادانەرانی ئیسرائیلدا کە دەڵێن پێویستە فەلەستینییەکان لە خاکێکی دیکە جگە لە غەززە نیشتەجێ ببن، گوتی ئەمەریکا بە توندی دژایەتی ئەو پێشنیار و بیرۆکەیە دەکات.

لیندا تۆماس گرینفیڵد ڕۆژی هەینی لە کۆبوونەوەیەکی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکاندا سەبارەت بە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، گوتی " نابێ فشار بخرێتە سەر خەڵکی مەدەنی بۆ ئەوەی غەززە بەجێبهێڵن و ئەم پێشنیارانە و لێدوانەکانی لەم شێوەیەی هەندێک لە بەرپرسانی ئیسرائیلی کە خوازیاری لەناوبردنی غەززەن، نابەرپرسیارانە و وروژێنەرن."

باڵیۆزی ئەمەریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان وێڕای جەختکردنەوە لەسەر پێویستی پاراستنی خەڵکی مەدەنی غەززە، گوتیشی " جێگای پرسیارە کە بۆچی تا ئێستا هەندێک لە ئەندامانی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان هێرشەکەی 7ی مانگی دەی حەماسیان شەرمەزار نەکردووە و بۆچی هەندێکیان چیدیکە باسی بارمتە ئیسرائیلییەکان ناکەن کە هێشتا لە غەززەن و لەلایەن حەماسەوە بە بارمتە گیراون؟! "

لە هەمان کاتدا لیندا تۆماس گرینفیڵد بە ڕەخنەگرتن لە بڵاوبوونەوەی توندوتیژی لە کەناری ڕۆژئاوا ڕایگەیاند لە ماوەی سێ مانگی ڕابردوودا لانیکەم 340 فەلەستینی لە کەناری ڕۆژئاوا لەلایەن ئیسرائیلییەکانەوە کوژراون و گوتی ئەمەریکا ئەم هێرشانە شەرمەزار دەکات و داوای کۆتایی هێنان بەم کردەوانە دەکات و لە هەمان کاتدا دەسەڵاتی فەلەستینییەکان کە بەرپرسە لە سەقامگیری کەناری ڕۆژئاوا، دەبێت هەنگاوی بنەڕەتی بنێت بۆ چاکسازی و بوژاندنەوەی هێزەکانی ئاسایشی خۆی.

هەروەها داوای لە ئیسرائیل کرد پارەی بلۆککراوی ئەو ڕێکخراوە خۆبەڕێوەبەرە ئازاد بکات بۆ ئەوەی بتوانێت پارەی هێزەکانی ئاسایشی خۆی دابین بکات.

لە 10ی مانگی یەکدا وەزیری دارایی ئیسڕائیل، داوایەکی وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکنی بۆ ئازادکردنی داهاتی باج کە لەلایەن دەسەڵاتی فەڵەستینەوە کۆکراوەتەوە، ڕەتکردەوە و گوتی " بەڕاستی پشتگیرییەکانی ئەمەریکا بۆ ئیسرائیل بەرز دەنرخێنین، بەڵام ئەگەر بڕیارە ئەو پارەیە بڕوات بۆ خێزانی نازییەکان لە غەززە، ئەوا ئەو پارەیەیان بۆ ئازاد ناکەین."

XS
SM
MD
LG