Accessibility links

هەنتەر بایدن لە کۆنگرێس ئامادە دەبێت و پرۆسەی یاسایی لێکۆڵینەوە لە تۆمەتەکانی بەردەوام دەبێت


کۆمارییەکان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا ڕۆژی چوارشەممە دوای چەند کاتژمێرێک لە ئامادەبوونی چاوەڕواننەکراوی هەنتەر بایدنی کوڕی سەرۆکی ئەمەریکا لە کۆنگرێس، کەوتنە جموجۆڵ بە ئاڕاستەی دەستپێکردنی پرۆسەیەکی یاسایی دژی هەنتەر بایدن بە تۆمەتی "سوکایەتیکردن" بە کۆنگرێس.

یاسادانەرانی کۆماری لە هەردوو لیژنەی چاودێری و دادوەری لە ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا دەنگدانێکیان ئەنجام دا پاش ئەوەی مانگی ڕابردوو هەنتەر بایدن ڕەتیکردەوە ئامادەی دانیشتنێکی لێکۆڵینەوە بێت لە پشت دەرگای داخراوەوە، وە گوتبوی لە بری دانیشتنی داخراو لە دانیشتنی ئاشکرا ئامادە دەبێت، ئەمەش لەلایەن کۆمارییەکانەوە ڕەتکرایەوە.

چەند کاتژمێرێک پێش دەستپێکردنی کۆبوونەوەی ئەندامانی ئەو دوو لیژنەیە سەبارەت بە هەنتەر بایدن، ناوبراو لە هەنگاوێکی چاوەڕواننەکراودا لە کۆنگرێس ئامادە بوو.

لیژنەکان پێشتر بانگهێشتی هەنتەر بایدنیان کردبوو بۆ ئەوەی شایەتی بدات وەک بەشێک لە لێکۆڵینەوەکانی لێپێچینەوە لە جۆو بایدن و تۆمەتباریان کردبوو بە وەڵامنەدانەوەی بانگهێشتنامەکە.

کۆمارییەکان جۆو بایدنیان بەوە تۆمەتبار کردووە کە "بەشدار بووە" یان "لە ڕووی داراییەوە سوودمەند بووە" لە گرێبەستە دەرەکییەکانی کوڕەکەی.

ئامادەبوونی هەنتەر بایدن بۆ وەڵامدانەوەی پرسیارەکان سەبارەت بەو تۆمەتانە، لە ڕوانگەی نوێنەرانی کۆمارییەکانەوە گرنگە.

کەناڵەکانی ئەمەریکا بڵاویانکردەوە کە دەرکەوتنی لەناکاوی هەنتەر بایدن و تیمی یاسایی یاوەری لە کۆبوونەوەی لیژنەی چاودێری مشتومڕێکی زۆری بەدوای خۆیدا هێناوە و لەو دە خولەکەدا کە لە کۆبوونەوەکەدا بووە، هەندێک لە نوێنەرانی کۆمارییەکان ڕەخنەیان لێگرتوە.

بەردەوامبوونی پرۆسەی یاسایی لە کۆنگرێس دژی هەنتەر بایدن پێویستی بە دەنگی کۆتایی ئەنجومەنی نوێنەران هەیە و دوای ئەوە دەبێت وەزارەتی داد دیاری بکات کە ئایا هەنتەر بایدن دەتوانرێت دادگایی بکرێت بەهۆی "خۆدزینەوە" لە بانگهێشتنامەی کۆنگرێس یان نا.

سووکایەتیکردن بە کۆنگرێس بۆی هەیە سزاکەی بگاتە غەرامەکردنی هەتا 100 هەزار دۆلار و زیندانیکردن بۆ ماوەی یەک هەتا 12 مانگ هەیە.

تیمی یاسایی هەنتەر بایدن لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە "ئێمە پێشنیارمان کردووە لەگەڵ لیژنەکانی ئەنجومەنی نوێنەران کاربکەین بۆ ئەوەی بزانین چۆن دەتوانرێت زانیاری پەیوەندیدار بۆ هەر لێکۆڵینەوەیەکی ڕەوا پێشکەش بکرێت، بەڵام ئەوان پێنج پێشنیاری یەکەمی ئێمەیان پشتگوێخستوە و پاشان لە مانگی یازدەدا بانگهێشتنامەیەکیان بۆ دانیشتنی دادگا لە پشت دەرگا داخراوەکانەوە دەرکرد، تاکتیکێک کە کۆمارییەکان چەندین جار لە جەنگە سیاسییەکانیاندا بە خراپ بەکاریان هێناوە بۆ ئەوەی زانیارییەکان بە شێوەیەکی هەڵبژێردراو و هەڵە بە مەبەستی خراپ بەکارهێنانیان دابین بکەن."

هەنتەر بایدن پێشتر ڕووبەڕووی دوو تۆمەت بووەتەوە، لەوانە خۆدزینەوە لە باج، کە ئەگەری هەیە سزای زیندانی درێژخایەنی بەسەردا بسەپێنرێت.

ناوبراو بڕیارە ڕۆژی پێنجشەممە لە دادگای فیدراڵی لۆس ئەنجلێس ئامادەبێت و ڕووبەڕووی تۆمەتی تاوانکاری بێتەوە بەهۆی نەدانی یەک ملیۆن و 400 هەزار دۆلار وەک باج. هەروەها لە ویلایەتی دێلاوێر تۆمەتبار کراوە بە درۆکردن سەبارەت بە بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکانی لە کاتی کڕینی دەمانچەی دەستی.

جۆو بایدن پرۆسەی لێپرسینەوە لە کۆنگرێس و بەشداریکردنی کوڕەکەی بە بەشێک لە هەوڵی کۆمارییەکان بۆ زیانگەیاندن بە بانگەشەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی لە هەڵبژاردنەکانی پاییزی داهاتوودا دەزانێت.

سەرچاوە/ بەشێک لە زانیارییەکان لە ڕۆیتەرزەوە وەرگیراون.

XS
SM
MD
LG