Accessibility links

لە هێرشێکدا لە پاکستان 10 ئەندامی یەک خێزان لە ماڵەکەی خۆیاندا دەکوژرێن


پۆلیسی پاکستان ڕۆژی چوارشەممە ڕایگەیاند، لە هێرشێکی دڕندانەی درەنگانی شەودا لە باکووری ڕۆژئاوای وڵاتەکە 10 ئەندامی یەک خێزان کوژراون بە منداڵێکی تەمەن دوو ساڵانیشەوە.

شەوی سێشەممە لەسەر چوارشەممە لە ناوچەیەکی سەر هەرێمی خەیبەر پەختونخوا دوو برا و هاوسەرەکانیان و شەش منداڵی تەمەن 12 ساڵ و کەمتر لەگەڵ میوانێکیان کوژراون.

تاریق حەبیب، بەڕێوەبەری پۆلیسی ناوچەی لاکی مەروات بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاندووە، لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان هیچ شتێکیان نەخستووەتە ڕوو کە دەریبخات ئەم کردارە پەیوەندی بە هێرشی تیرۆرستییەوە هەبێت.

کێشەی نێوان خێزانەکان لە پاکستان بە گشتی باو و ئاساییە، بەڵام لە لەو ناوچەیەی باکووری ڕۆژئاوای وڵاتەکە کە کۆمەڵگاکان پابەندن بە نەریتە تەقلیدییەکانی شەرەفەوە، زۆربەی جار کێشەی خێزانیی توندوتیژی زۆری لێدەکەوێتەوە و بۆ چەندین نەوەش بەردەوام دەبێت.

ماموور شا، بەرپرسێکی پۆلیسی ناوچەکە بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاند "ناتوانین ئەگەری تۆڵەسەندنەوەی دوژمنداری ڕەت بکەینەوە، لەکاتێکدا لێکۆڵینەوەی زیاتر لە ڕووداوەکە دەکەین".

گوتیشی "بە کەرەستی لێوار تیژ کوژراون و هەندێکیشیان بە گولـلە لێیان دراوە".

ڕووداوەکە لەلایەن دراوسێکانی ئەو خێزانە بە پۆلیس ڕاگەیەندراوە.

لە مانگی سێی ساڵی ڕابردوودا لە هەمان پارێزگا، 11 کەس لەنێویاندا سیاسەتمەدارێکی بەناوبانگی ناوخۆیی لە بۆسەیەکدا کوژران کە بەهۆی تۆڵەسەندنەوەیەکی دەیان ساڵەی نێوان خێزانەکانەوە تۆمەتبارکرابوو.

و لە مانگی پێنجیشدا لە ماوەی چەند خولەکێک لە پارێزگاکەدا شانزە کەس کوژران، بەهۆی کێشەی دوو هۆز لەسەر زەوی و زار کە دەیان ساڵە ڕوویداوە.

سەرچاوە: فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG