Accessibility links

هەشت هاووڵاتی کورد لەلایەن دەزگای دادوەری کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە سزای زیندانی درێژدەم دەدرێن


لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا هەشت هاووڵاتی کوردی خەڵکی شارەکانی ئاودانان، دێلوڕان و دەڕەشار لەلایەن دەزگای دادوەری کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە سزای زیندانیان بەسەردا سەپێندراوە و ژمارەیەکیشان سزاکەیان بریتییە لە دووخستنەوە بۆ گرتووخانەکانی زاهیدان، مەشهەد و کرمان.

ڕێکخراوەی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ دەڵێت ڕۆژی دووشەممە سێ هەووڵاتی خەڵکی ئاودانان، ناسر ڕەزایی، وەحید چاوەران و محەممەد حەسەن حاسڵی لەلایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی شاری ئیلامەوە هەریەکەو سزای 12 ساڵ زیندانیکردنیان بەسەردا سەپێندراوە و بەپێی سزاکەیان دوور خراونەتەوە بۆ بەندیخانەکانی کرمان، زاهیدان و مەشهەد.

هاوکات دوو هاووڵاتی تری خەڵکی دێلوڕان بە ناوی عەزیم یادگاری و سەعدوڵڵا ئایینی سزای 10 ساڵ زیندانی کردنیان بەسەردا سەپێندراوە. سێ هاووڵاتی تریش، حوسێن باپیروەند و فەرشاد ئایینی کە هەردووکاین خەڵکی دێلوڕانن و دکتۆر بەختیار محەمەدیش کە خەڵکی دەڕەشارە هەریەکەو سزای دووساڵ زیندانی کردنیان بەسەردا سەپێندراوە.

هەنگاو دەڵێت هەموو سزادراوەکان بێجگە لە چاوەران، ساڵی ڕابردوو هاوکاتی خۆپیشاندانەکانی دژ بە مەرگی ژینا ئەمینی، لەلایەن هێزە ئاسایشییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دەستگیرکرابوون. چاوەرانیش لە مانگی 4ی ئەمساڵ لە کاتی هەوڵی ڕۆشتنە دەرەوە لە ئێران دەستگیرکرابوو.

هەنگاو دەشڵێت ئەو هەشت کەسەی کە سزا دراون ئێستا سیانیان، وەحید چاوەران، ناسر ڕەزایی و محەمەد حەسەن حاسڵی، لە بەندیخانەی ناوەندیی ئیلام ڕاگیراون ئەوانی تر بە کەفالەت بە شێوەیەکی کاتیی ئازادکراون.

XS
SM
MD
LG