Accessibility links

فەرماندەیی ناوەندیی لەشکری ئەمەریکا: مووشەکێکی کروزی دیزاینی ئێران لە عێراق دۆزراوەتەوە


فەرماندەیی ناوەندیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا(Centcom) ڕایگەیاند پۆلیسی عێراق مووشەکێکی کروزی دیزاینی ئێرانی دۆزیوەتەوە.

سێنتکام ڕۆژی هەینی، 5ی مانگی یەک، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس (تویتەری پێشوو) ڕایگەیاند کە پۆلیسی عێراق لە 3ی مانگی یەک لە پارێزگای بابل مووشەکێکی کروزی دیزاینکراوی ئێرانی دۆزیوەتەوە.

بەگوێرەی هەواڵەکەی سێنتکام ، تاقمە تیرۆریستییەکان لە عێراق و سوریا بە کەڵک وەرگرتن لە چەک و تەقەمەنی دروستکراوی ئێران، هێزەکانی هاوپەیمانان و دانیشتووانی ناوچەکە دەخەنە بەر مەترسییەوە.

فەرماندەیی ناوەندی ئەمەریکا لە پەیامەکەیدا سوپاسی هەوڵی هێزەکانی ئاسایش لە عێراق کرد لە هەوڵەکانیان بۆ پێشگرتن لە ڕوودانی هێرش لە داهاتوودا.

سێنتکام پێشتر ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند هێزەکانی ئەمەریکا هێرشیان کردووەتە سەر پێگەکانی گرووپە چەکدارەکانی سەر بە ئێران لە عێراق.

سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن ئامانجی ئەو هێرشەی بۆ ڕاگرتنی کۆماری ئیسلامی ئێران و گرووپەکانی سەر بەو وڵاتە ڕاگەیاند.

پێشتریش لە هێرشێکی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان بۆ سەر شوێنی هێزەکانی هاوپەیمانان لە هەولێر، چەند سەربازێکی هاوپەیمانان برینداربوون.

دوابەدوای دەستپێکردنی شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماس لە غەززە لە 7ی مانگی دەی ساڵی ڕابردووەوە، گروپە میلیشیاکان کە لەلایەن حکومەتی ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێن لە ناوچەکە، هێرشەکانیان دژی بەرژەوەندییەکانی ئیسرائیل و ئەمەریکا لە ناوچە جۆربەجۆرەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست زیادکردووە.

XS
SM
MD
LG