Accessibility links

لە تورکیا 33 کەس بە تۆمەتی سیخوڕیکردن بۆ ئیسرائیل دەستگیر دەکرێن


تورکیا ڕۆژی سێشەممە دەستگیرکردنی 33 کەسی ڕاگەیاند بە گومانی پلانی ڕفاندن و سیخوڕیکردن بۆ دەزگای هەواڵگری مۆسادی ئیسرائیلی.

عەلی یەرلیکایا وەزیری ناوخۆی تورکیا ڕایگەیاند، تۆمەتباران لە هەڵمەتێکدا لە سەرانسەری هەشت پارێزگا لە ئەستەنبوڵ و دەوروبەری دەستگیرکراون.

هەتا ئامادەکردنی ئەم هەوالە ڕانەگەیەندراوە کە ئایا ئەوانەی دەستگیرکراون خەڵکی ئیسرائیلن یان خەڵکی ناوچەکەن گوایە لەگەڵ مۆساددا کاردەکەن.

یەرلیکایا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا ڕایگەیاندووە "ئێمە هەرگیز ڕێگە نادەین چالاکیی سیخوڕی لە دژی یەکێتی نەتەوەیی و هاوسۆزی وڵاتەکەمان ئەنجام بدرێت."

نووسینگەی یەرلیکایا گرتەیەکی ڤیدیۆیی بڵاوکرووەتەوە کە تیایدا نیشان دەدرێت ئەندامەکانی هێزەکانی ئاسایش بە چەکەوە دەرگاکان دەشکێنن و تۆمەتباران لە ماڵەکانیاندا قۆڵبەست دەکەن.

داواکاری گشتی ئەستەنبوڵ ڕایگەیاند، 13 تۆمەتباری دیکەش هەن کە هێشتا دەستگیر نەکراون.

پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و ئیسرائیل بەهۆی سەرهەڵدانی شەڕی ئیسرائیل و حەماس لە نزیکەی سێ مانگ لەمەوبەرەوە تێکچووە.

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا بووە بە یەکێک لە توندترین ڕەخنەگرانی بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، لە جیهاندا.

ئەردۆغان لە هەفتەی ڕابردوو نەتانیاهۆی بەراورد کرد بە ئەدۆلف هیتلەر و داوای کرد هاوپەیمانە ڕۆژئاواییەکانی ئیسرائیل کۆتایی بە پشتیوانی خۆیان بۆ "تیرۆر"، کە لەلایەن سەربازانی ئیسرائیلەوە بەڕێوەدەچێت، بهێنن.

ئەردۆغان هەروەها نوێنەری ئانکەرەی لە تەلئەبیب بانگهێشت کردووەتەوە و داوای دادگاییکردنی سەرکردە سەربازی و سیاسییەکانی ئیسرائیل دەکات لە دادگای باڵای نێودەوڵەتی لاهای.

نەتانیاهۆ ش وەلامی قسەکانی داواتەوە و دەڵێت "پێویستە سەرۆک کۆماری تورکیا دوا کەس بێت ئیسرائیل نەسیحەت بکات."

نەتانیاهۆ لە بەیاننامەیەکدا دەڵێت "ئەردۆغان کە جینۆساید لە دژی کورد ئەنجام دەدات، خاوەنی ژمارەی پێوانەیی جیهانییە لە زیندانیکردنی ئەو ڕۆژنامەنووسانەی دژایەتی دەسەڵاتەکەی دەکەن، دوا کەسە کە بتوانێت باسی ئەخلاق بۆ ئێمە بکات."

بەشێک لە زانیارییەکان لە فرانس پرێس وەرگیراوە

XS
SM
MD
LG