ئەمڕۆ یەکشەممە تاهیر دەمیرتاش باوکی سەلاحەدین دەمیرتاش، لە تەمەنی 75 ساڵیدا لە ئامەد کۆچی دوایی کرد.
و هەر ڕۆژی یەکشەممە لە گۆڕستانی دەریێ مێردینێ لە ئامەد بە خاک دەسپێردرێت.
زنار کاراڤیل ڕاوێژکاری دەمیرتاش دەنگی ئەمەریکای ئاگادار کردەوە کە سەلاحەدین دەمیرتاش لە ڕێگەی پارێزەرەکانییەوە ڕایگەیاندووە کە بەشداری لە ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنی باوکی ناکات "چونکە دەڵێت، ئەو زیندانی سیاسییە، پێویست ناکات بەهۆی بارودۆخێکی مرۆڤایەتییەوە داوای مۆڵەت بکات.''
هەروەها پارتی DEP پەیامێکی سەرەخۆشی بەبۆنەی کۆچی دوایی باوکی سەلاحەدین دەمیرتاش بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، " بەڕێز دەمیرتاش دیلێکی سیاسییە، بەشداری دوا ڕێوڕەسمەکانی باوکی نابێت. ڕایگەیاند کە بە تەنیا لە ژووری زیندانەکەیدا ماتەمینی دەگێڕێت. هیچ ئارەزووی بەشداریکردنی لە پرسەکەدا نییە."
کاتێک تاهیر دەمیرتاش لە 12ی مانگی 11ی ساڵی ڕابردوودا توشی جەڵدەی دڵ بوو، لەو کاتەدا سەلاحەدین دەمیرتاش داوای لە وەزارەتی داد کرد بۆ ئەوەی سەردانی باوکی بکات. بۆ ماوەی کاتژمێرێک مۆڵەتیان دا و سەلاحەدین دەمیرتاش لە زیندانەوە برا بۆ نەخۆشخانەی غازی یاشارگیل و لەوێ چاوی بە باوکی کەوت.
سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپە، لە ساڵی 2016 وە بە تۆمەتەکانی پەیوەست بە تیرۆرەوە لە زینداندایە.