ڕێبەری گرووپی چەکداری حەماس ڕۆژی چوارشەممە سەردانی میسری کرد لەکاتێکدا هیواکان سەبارەت بە ئەگەری هەنگاوێکی دیکەی ئیسرائیل و حەماس بەرەو ئاگربەست بۆ ئازادکردنی بارمتەکان زیاتر بوون.
گروپی حەماس لە ڕاگەیەندراوێکدا دەڵێت، ئیسماعیل هەنیە، سەرکردەی حەماس بنکە لە قەتەر، گەیشتووەتە قاهیرە بۆ گفتوگۆکردن سەبارەت بە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە و پرسەکانی دیکە.
سەرچاوەیەکی نزیک لە گروپی حەماس بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕایگەیاند بڕیارە ئیسماعیل هەنیە لەگەڵ سەرۆکی دەزگای سیخوڕی میسر کۆببێتەوە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ئاگربەستێک بە مەبەستی ئامادەکاری بۆ ڕێکەوتنێک بۆ ئازادکردنی بارمتەکان.
سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەشکرد ئیسماعیل هەنیە کە پێشتر لە قەتەر چاوی بە حسێن ئەمیر عەبدوڵاهیان وەزیری دەرەوەی ئێران کەوتبوو، سەرۆکایەتی شاندێکی باڵا دەکات بۆ میسر، ئەو وڵاتەی کە بەردەوام نێوەندگیری لە نێوان ئیسرائیل و فەلەستینییەکاندا دەکات.
بنیامین ناتانیاهو، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل درەنگانێکی ڕۆژی سێشەممە بە کەسوکاری بارمتەکانی ڕاگەیاند کە خودی خۆی دووجار سەرۆکی دەزگای سیخوڕی ڕەوانەی ئەوروپا کردووە لە هەوڵەکانیدا بۆ ئازادکردنی بارمتە ئیسرائیلییەکان .
سەرچاوە: فرانس پرێس