ڤلادیمێر پوتن سەرۆکی ڕووسیا ڕۆژی پێنجشەممە ڕایگەیاند، کاتێک ئامانجەکانی وڵاتەکەی بەدیبێن، ئەو کاتە ئاشتی لە ئۆکرانیا دروست دەبێت و ئەو ئامانجانەش هیچ نەگۆڕاون.
لە کاتێکدا دوو مانگ ماوە بۆ تێپەڕبوونی دوو ساڵ بەسەر هێرشە داگیرکارییەکەی ڕووسیا لە ئۆکرانیا، پوتن لە وتاری کۆتایی ساڵدا، دووپاتیکردەوە ڕووسیا هەوڵی " داماڵینی نازی و داماڵینی سەربازی و پێگەیەکی بێلایەن" لە ئۆکرانیا دەدات.
ڕووسیا جەختی لەوە کردەوە کە حکومەتی ئۆکرانیا بە توندی لە ژێر کاریگەری گروپە ناسیۆنالیست و نیۆ-نازییە توندڕەوەکاندایە. ئۆکرانیا و هاوپەیمانە ڕۆژئاواییەکانی وەک بیانوویەکی بێ بنەما بۆ لەشکرکێشییەکە لە قەڵەمیان داو و ڕەتیان کردەوە.
پوتن هەروەها داوای کرد ئۆکرانیا نەچێتە ناو هاوپەیمانی ناتۆوە. ناتۆ چەندین جار ڕایگەیاندووە، بڕیاردان لەسەر ئەوەی کە ئایا دەیانەوێت بەشداری بکەن یان نا، پەیوەستە بە وڵاتەکانەوە، نەک ڕووسیا.
هێرشەکانی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا بووە هۆی ئەوەی دوو وڵات، سوید و فینلاند، داوای ئەندامێتی ناتۆ بکەن. فینلاند لە مانگی چواردا داواکارییەکەی پەسەند کرا لە کاتێکدا پەیوەستبوونی سوید چاوەڕوانی ڕەزامەندی کۆتایی تورکیا و هەنگاریا دەکات.
ینس ستۆڵتنبێرگ سکرتێری گشتی ناتۆ ئەمڕۆ پێنجشەممە لە هەمان کاتی کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەی پوتن پوتن قسەی کرد. ئەو لە برۆکسل بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند، سەرۆکی ڕووسیا هیچ نیشانەیەکی بۆ ئامادەکاری بۆ ئاشتی نیشان نەداوە.
ستۆڵتنبێرگ ئاماژەی بەوەشکرد، تاکە ڕێگە بۆ گەیشتن بە ئاشتییەکی دادپەروەرانە و بەردەوام لە ئۆکرانیا ئەوەیە کە پوتن قەناعەت بکات کە لە بەرەکانی شەڕدا سەرناکەوێت، هاوپەیمانەکانیش بەردەوام بن لە پشتیوانیکردنی ئۆکرانیا.
ستۆڵتنبێرگ گوتیشی "ئەگەر پوتن لە ئۆکرانیا سەرکەوتن بەدەست بهێنێت، مەترسی ڕاستەقینە هەیە کە دەستدرێژییەکەی تەنها لەوێ کۆتایی نەیات."
سەرۆکی ناتۆ پێشوازی کرد لە "پابەندبوونی ڕوونی جۆو بایدن"ی سەرۆکی ئەمەریکا بە پشتیوانی کردن لە ئۆکرانیا و فشارخستنە سەر بەڕێوەبەرایەتییەکەی بۆ پێشکەشکردنی یارمەتییە زۆر پێویستەکان بۆ ئۆکرانیا.
بایدن پێشنیازی پاکێجێکی ئاسایشی کرد کە 61 ملیار دۆلار هاوکاری بۆ ئۆکرانیا لەخۆدەگرێت، بەڵام ئەو ڕێوشوێنە لەلایەن هەندێک لە کۆمارییەکانی کۆنگرێسەوە ڕێگری لێکراوە پێداگری لەسەر کۆچبەران و کردەوەی ئاسایشی سنوورەکان دەکەن.
ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی سەرۆکی ئۆکرانیا ئەم هەفتەیە گەشتێکی بۆ واشنتن کرد تا ڕاستەوخۆ دۆسێکە بخاتە بەردەم سەرۆک و یاسادانەران کە ئەو هاوکارییانە بۆ هەوڵەکانی جەنگی ئۆکرانیا زۆر گرنگن.