Accessibility links

ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی ڕاپۆرتێک سەبارەت بە دەستدرێژی سێکسی هێزەکانی ئێران بۆ سەر خۆپیشاندەران بڵاودەکاتەوە


ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی ڕاپۆرتێکی سەبارەت بە پێشێلکارییەکانی مافەکانی مرۆڤ لە ئێران بۆ ساڵی 2022 لە 120 لاپەڕەدا بڵاودەکاتەوە و دەڵێت لە کاتی ناڕەزایەتییەکانی "ژن، ژیان، ئازادی"دا لەو وڵاتە، هێزەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران "دەستدرێژی و هەموو جۆرە توندوتیژییەکی سێکسی" یان وەک ئامرازێک بۆ سەرکوتکردنی خۆپیشاندەران بەکارهێناوە.

لە ڕاپۆرتەکەی ئەو ڕێکخراوە جیهانییەدا، ئاماژە بە چیرۆکی 45 دەستبەسەرکراوی ناڕەزایەتییەکانی "ژن، ژیان، ئازادی" لە ئێران کراوە، لەوانەش چیرۆکی 26 پیاو، 12 ژن و حەوت منداڵ کە هەرکامەیان بە شێوەیەک لە شیوەکان ڕووبەڕووی توندوتیژی سێکسی تاکەکەسی و بە کۆمەڵ بوونەتەوە.

لێبوردنی نێونەتەوەیی لە ڕاپۆرتەکەیدا ڕایگەیاندووە شەش کەس لەو کەسانەی دەستدرێژییان کراوەتە سەر، چوار ژن و دوو پیاو بوون کە لەلایەن بریکارەکانی پیاوەوە بە کۆمەڵ دەستدرێژییان کراوەتە سەر.

ئەو ڕێکخراوە داکۆکیکارە لە مافەکانی مرۆڤ سەرەڕای دەربڕینی نیگەرانییەکانی خۆی سەبارەت بە ئاستی بەرزی پێشێلکارییەکان لە ئێران، ڕایگەیاندووە ڕەهەندەکانی بەکارهێنانی ئەو جۆرە شێوازانەی سەرکوتکردن لە لایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە، زۆر فراوانترن لەو نموونانەی کە ئەو ڕێکخراوەیە کۆی کردووەتەوە.

ئاگنێس کالامار، سکرتێری گشتی ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی دەڵێت "لێکۆڵینەوەکانمان ئەوە دەردەخەن کە چۆن بریکارەکانی ئاسایشی ئێران دەستدرێژی و توندوتیژی سێکسیان بە مەبەستی ئەشکەنجە، سزادان و گەیاندنی زیانی جەستەیی و دەروونی بۆ خۆپیشاندەران بەکارهێناوە، لەوانەش بۆ سەر منداڵان.

دەشڵێت "توندوتیژی سێکسی چەکێکی سەرەکی لە ئامرازەکانی دەسەڵاتدارانی ئێران بووە بۆ سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییەکان و سەرکوتکردنی ئۆپۆزسیۆن بۆ ئەوەی بە هەر نرخێک بێت بتوانێت لە دەسەڵاتدا بمێنێتەوە."

ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی لە راپۆرتەکەیدا ڕایگەیاندووە کە زۆربەی قوربانییەکان دوای ئازادبوونیان لە زیندان ڕەتیانکردووەتەوە سکاڵا تۆمار بکەن، چونکە نیگەران بوون لەوەی زیاتر زیانیان پێ بگات و دەسەڵاتی دادوەری ئێرانیان وەک دامەزراوەیەکی سەرکوتکار سەیر کردووە تاکو وەک شوێنێک بۆ وەرگرتنی مافەکانیان.

سکرتێری گشتی ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی هەروەها ڕایگەیاندووە "بەهۆی نەبوونی ئاسۆیەک بۆ جێبەجێکردنی دادپەروەری لە ئێران، ئەرکی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە کە لە پاڵ قوربانییەکاندا بوەستێت و بەدوای جێبەجێکردنی دادپەروەریدا بێت بۆ وەرگرتنی مافەکانیان."

گیان لەدەستدانی ژینا ئەمینی لە ژێر دەستی پۆلیسی ئاکاری ئێراندا لە کۆتاییەکانی هاوینی ساڵی ڕابردوو، بەربڵاوترین ناڕەزایەتییەکانی لە شارە جیاجیاکانی ئێران لێکەوتەوە کە تێیاندا سەدان کەس کوژران و هەزاران برینداربوون.

سەرچاوەکان/فرانس پرێس/رادیۆ فەردا

XS
SM
MD
LG