Accessibility links

یاسادانەرانی یەکێتی ئەوروپا ڕەخنەی توند لە ئێران دەگرن بەهۆی پێشێلکردنی مافەکانی ژنان


پەرلەمانی ئەوروپا ڕۆژی پێنجشەممە، پێشێلکارییەکانی ئێرانی لە دژی ژنان لە نێویاندا "کوشتنی دڕندانە" و دەستبەسەرکردنی هاووڵاتیانی یەکێتیی ئەوروپای شەرمەزار کرد.

بڕیارنامەکە ڕەخنەی توند لە "تێکچوونی ڕەوشی مافی مرۆڤ لە ئێران و کوشتنی دڕندانەی ژنان لە لایەن دەسەڵاتدارانی ئێرانەوە دەگرێت لە نێویاندا ژینا مەهسا ئەمینی براوەی خەڵاتی ساخارۆڤی ساڵی 2023 " ئەو کچە کوردە تەمەن 22 ساڵەی ساڵی ڕابردوو لە دەمی دەستبەسەری پۆلیسدا گیانی لەدەستدا.

هەروەها ئەندامانی پەرلەمانی ئەوروپا داوای ئازادکردنی دەستبەجێی بەرگریکارانی مافی مرۆڤ لە نێویاندا نەرگس محەمەدی براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتییان کرد.

ئەم پێشنیازە بە 516 دەنگی بەڵێ بەرامبەر بە چوار دەنگی نەرێ و 27 دەنگی بێلایەن پەسەند کرا.

پەرلەمانتاران داوایان لە تاران کردووە "دەستبەجێ کۆتایی بە هەموو هەڵاواردنێک لە دژی ژنان و کچان بهێنێت، لەوانەشدا حیجابی زۆرەملێ و هەموو یاساکانی جیاکاری جێندەری."

مردنی ئەمینی ساڵی ڕابردوو بووە هۆی خۆپیشاندانی سەرتاسەری لە ئێران لە دژی دژی حکومەت کە بە شێوەیەکی دڕندانە خۆپیشاندەران لەلایەن هێزە ئاسایشیەکانەوە سەرکوتکران و سەدان کەس کوژراون یان لەسێدارە دران و هەزاران کەسیش دەستگیرکران.

لە مانگی دەی ڕابردوودا پەرلەمانی ئەوروپا خەڵاتی ڕێزلێنانی باڵای مافەکانی یەکێتی ئەوروپای کە خەڵاتی ساخارۆڤە، بەخشییە ژینا و بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی" کە دوای مردنی ژینا سەریهەڵدا.

یاسادانەرانی ئەوروپا جەختیان لەسەر ئەوە کردەوە کە سپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران لە لایەن دەوڵەتانی یەکێتیی ئەورووپاوە وەک "رێکخراوی تیرۆریستی" دەستنیشان بکرێت و سزاکان لەدژی ئایەتوڵڵا خامنەئی ڕێبەری باڵای ئەو وڵاتە و بەرپرسانی باڵای دیکە بە تاوانی پێشێلکرنی مافەکانی مرۆڤ دابنرێت.

هەروەها ئیدانەی "دیپلۆماسیەتی بارمتە"ی ئێرانیان کرد کە لەژێر ئەودا زۆرێک لە بیانییەکان دەستبەسەر دەکرێن بەهۆی ئەوەی حکومەتەکانی ئەوروپا دەڵێن تاکتیکێکە تا شتی زیاتر لە ڕۆژئاوا بەدەستبهێنێت یان ئازادکردنی ئەو ئێرانیانەی لە دەرەوەی وڵات زیندانیکراون مسۆگەر بکات.

سەرچاوە: فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG