پێدەچێت ئاگربەستە چوار ڕۆژەکەی نێوان ئیسرائیل و حەماس بۆ ئازادکردنی دەیان بارمتەی ئیسرائیلی کە لەلایەن حەماسەوە دەستبەسەرکراون و زیاتر لە سەد فەلەستینی کە لە زیندانەکانی ئیسرائیلدان، لە کۆتا ساتدا دووچاری گرفت بووبێت.
بەرپرسێکی باڵای ئیسرائیل ڕایگەیاند تا ڕۆژی هەینی ئاگربەستە کاتییەکە ناچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، ئەمەش ڕۆژێک درەنگترە لەوەی لەسەرەتاوە باسی لێوەکرابوو.
ئەم پێشکەوتنە دیپلۆماسییە بەڵێنی دەستەبەرکردنی بەشێک لە هاوکارییە مرۆییەکانی داوە بۆ دوو ملیۆن و 300 هەزار فەلەستینی لە غەززە کە بەرگەی چەندین هەفتە لە بۆردومانەکانی ئیسرائیلیان گرتووە، هەروەها ئەو خێزانانەی ئیسرائیل کە کەسوکاریان لەلایەن چەکدارانی حەماسەوە بە بارمتە گیراون ترسیان لە چارەنووسی خۆشەویستەکانیان هەیە.
ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ئیسرائیل لە درەنگانی ڕۆژی چوارشەممە بەبێ ئاماژەدان بە هۆکارەکەی، دواکەوتنی ئاگربەستەکەی ڕاگەیاند. بە گوتەی مەجید ئەلئەنساری وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر کە ڕۆڵێکی سەرەکی لە نێوەندگیری لەگەڵ حەماسدا هەبووە، هێشتا دانوستانکاران کاردەکەن بۆ خوڵقاندنی هەلومەرجێکی گونجاو بۆ ئاگربەست و ئاڵوگۆڕکردنەکە.
قەتەر سەرلەبەیانی ڕۆژی پێنجشەممە ڕایگەیاند کاتێکی نوێ بۆ جێبەجێ کردنی ڕێککەوتنەکە لە چەند کاتژمێری داهاتوودا ڕادەگەیەنرێت. لە کاتێکدا بڕیار بوو لە کاتژمێرەکانی سەرەتای ڕۆژی پێنجشەممەوە دەست پێبکات، هاوکات ئەمەریکا و میسر یارمەتیدەر بوون لە گەیشتن بە ئاگربەستەکە.
سەرچاوە: ئەسۆشیەتید پرێس