وتەبێژی ئاسایشی نیشتمانی کۆشکی سپی جۆن کەربی ڕایگەیاند ئەمەریکا پێداچوونەوە بە ئەگەری گەڕاندنەوەی گرووپی چەکداری حوسییەکانی یەمەن دەکات بۆ لیستی تیرۆر، وەک وەڵامدانەوەیەک بۆ دەستبەسەرداگرتنی کەشتییەکی بارهەڵگر لە دەریای سوور.
ئەم لێدوانەی کەربی بە گرنگییەوە لێی دەڕوانرێت چونکە یەکێک لە هەنگاوەکانی بەڕێوبەرایەتییەکەی سەرۆک بایدن دوای دەستبەکاربوونی لە مانگی یەکی ساڵی 2021،دا دەرهێنانی حوسییەکان بوو لە لیستی تیرۆر، چونکە نیگەرانی هەبوو لەوەی سزاکان قەیرانی مرۆیی لە یەمەن قووڵتربکاتەوە.
حوسییەکانی سەر بە ئێران وەک هاوسۆزی بۆ حەماس فرۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەکی دوور مەودایان بەرەو ئیسرائیل هەڵدا، ڕۆژی یەکشەممەش لە باشووری دەریای سوور دەستیان بەسەر کەشیەکی بارهەڵگردا گرت کە گوایە ئیسرائیل خاوەندارێتی دەکات.
کەربی دەستبەسەرداگرتنی کەشتییەکەی لەلایەن حوسییەکان بە "پێشێلکردنی ئاشکرای یاسا نێودەوڵەتییەکان" ناوبرد کە "ئێران تیایدا هاوبەش و هاوکارە ".
کەربی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە کۆشکی سپی وتی" لە ژێر ڕۆشنایی ئەمەدا دەستمان بە پێداچوونەوە بە ئەگەری دەستنیشانکردنەوەی ئەو گرووپە وەک تیرۆریست کردووە و هەروەها لەگەڵ هاوپەیمانان و هاوبەشەکانماندا بژاردەی دیکەش لەبەرچاو دەگرین."
هەروەها داوای ئازادکردنی دەستبەجێی کەشتییەکە و تیمە نێودەوڵەتییەکەی کرد.
سەرچاوە: ڕۆیتەرز