Accessibility links

ئێران ڕاپەرێک دوای زیاتر لە ساڵێک زیندانیکردن ئازاد دەکات


میدیا ناوخۆییەکانی ئێران بڵاویان کردەوە؛ دەسەڵاتدارانی ئێران ڕاپەرێکی بەناوبانگی ئێرانیان بە کەفالەت ئازاد کرد کە بۆ ماوەی زیاتر لە ساڵێک بوو زیندانی کرابوو، بەهۆی پشتیوانی لە ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکانی وڵاتەکە، ئەو ناڕەزایەتیانەی کە لە دوای گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینیەوە بەرپابوو.

توماج ساڵحی تەمەن 32 ساڵ، لە مانگی 10 ی ساڵی 2022 دوای ئەوەی بە ئاشکرا پشتگیری لە شەپۆلی خۆپیشاندانەکان کرد لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئێرانەوە زیندانی کرا.

لە مانگی 7 دا توماج ساڵحی بە تۆمەتی بەرپاکردنی "گەندەڵی لەسەر زەوی" سزای شەش ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێندرا، کە یەکێکە لە تاوانە قورسەکانی ئێران کە دەگاتە بەرزترین سزا کە سزای لەسێدارەدانە.

ئەمیر ڕەئیسیان، پارێزەری ئەو گۆڕانیبێژە ڕاپەڕە، درەنگانێکی ڕۆژی شەممە، بە ڕۆژنامەی (شەرق)ی ڕیفۆرمخوازی ئێرانی ڕاگەیاندووە، لە کاتی تانەدان لە بڕیارەکە، دادگای باڵا " کەموکوڕی لە سزای سەرەتاییدا" دۆزیوەتەوە و بڕیاریدا "توماج ساڵحی بە کەفالەت لە زیندان ئازاد بکرێت".

هەر ئەو شەوە لە هەژماری فەرمی ساڵحی وێنەیەک لە ئینستاگرام بڵاوکراوەتەوە، دەردەکەوێت کە لە زیندان دەرچووە و چەپکێک گوڵی سپی بەدەستەوەیە.

تۆمەتەکانی دژ بە ساڵحی بریتی بوون لە بڵاوکردنەوەی "درۆ لە ئینتەرنێت" و "پڕوپاگەندە دژی دەوڵەت" و هەروەها هاندانی خەڵک بۆ توندوتیژی و "دروستکردن و بەڕێوەبردنی گروپی نایاسایی بە ئامانجی تێکدانی ئاسایش بە هاوکاری لەگەڵ حکومەتێکی دوژمنکار" دژی ئێران.

کاربەدەستانی ئێران ناڕەزایەتییەکانی ساڵی ڕابردوویان بە "ئاژاوەگێڕی" ناوزەد کردووە و دوژمنە دەرەکییەکانی تارانیان بە وروژاندنی نائارامییەکان تۆمەتبار کردووە.

لەلایەکی دیکەوە؛ ئەکتەری دیار هانیە تەوەسولی کە یەکێکە لەو دەیان ئەکتەرەی کە بەم دواییانە بەهۆی پابەندنەبوون بە ڕێساکانی پۆشینی باڵاپۆشی و لەسەرنەکردن حیجاب کارکردنی لێ قەدەغەکرا و زیندانیکرا. ئەمەش بەپێی لێدەوانی پارێزەرەکەی کە ڕۆژی یەکشەممە ڕایگەیاندووە.

بەپێی ڕۆژنامەی شەرق، پارێزەر مریەم کیانێرسی، بەبێ ئەوەی وردەکاری زیاتر بخاتەڕوو، ڕایگەیاندووە؛ دادگای ئێران سزای شەش مانگ زیندانیکردن و سزای دارایی بە بڕی 150 ملیۆن ڕیاڵ کە دەکاتە (300 دۆلار)ی بۆ هانیە تەوەسۆلی تەمەن 44 ساڵ داوە کە بە تومەتی "بڵاوکردنەوەی بابەتی چەواشەکاریی بە ئامانجی بێزارکردنی خەڵک" زیندانی کرابوو.

چەند مانگێک خۆپیشاندان دوای گیان لەدەستدانی ژینا ئەمینی لە 16ی مانگی 9 ی ساڵی 2022 سەدان کەس بەدەستی هێزە ئەمنیەکانی ئێران کوژران و دەیان کارمەندی ئەمنیش کوژران و هەزارانی دیکەش دەستگیرکران.

لەو سەروەختەوە تا ئێستا حەوت پیاو لە دۆسیەکانی پەیوەست بە ناڕەزایەتی دەربڕین کە بریتی بوون لە کوشتن و توندوتیژی دیکە لە دژی هێزە ئەمنییەکانی ئێران لە سێدارە دراون.

ڕۆژی دووشەممە دادگای باڵای ئێران حوکمی لەسێدارەدانی لەسەر کوشتنی ئەفسەرێکی سوپای پاسداران لە کاتی ناڕەزایەتییەکان پشتڕاست کردەوە، بەپێی دەزگای دادوەری کە ناسنامەی کەسە مەحکومکراوەکەی بڵاونەکردۆتەوە.

سەرچاوە: فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG