Accessibility links

کۆشکی سپی: ئیسرائیل ڕەزامەندی دەربڕیوە بۆ ماوەی 4 کاتژمێر شەڕەکەی لەگەڵ حەماسدا ڕابگرێت


کۆشکی سپی ڕایگەیاند ئیسرائیل ڕەزامەندی دەربڕیوە لە ڕۆژی پێنجشەممەوە ئۆپەراسیۆنەکانی لە باکووری غەززە بۆ ماوەی چوار کاتژمێر لە ڕۆژێکدا ڕابگرێت، ئەمەش یەکەم ڕاگرتنی کاتیی ئەو شەڕەیە کە دوای هێرشەکەی 7ی مانگی دەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل دەستیپێکرد و تا ئیستا هەزاران کەس تێیدا کۆژراون.

جان کربی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی کۆشکی سپی ڕایگەیاند، وەستانی شەڕەکە ڕێگە بە خەڵک دەدات لە ڕێگەی دوو ڕێڕەوی مرۆییەوە هەڵبێن و گوتیشی هەنگاوێکی بەرچاو و گرنگ بووە.

کربی گوتی "لەلایەن ئیسرائیلییەکانەوە پێمان وتراوە کە لە ماوەی وەستانەکەدا هیچ ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی لەو ناوچانە ئەنجام نادرێت و ئەم پرۆسەیە لە ئەمڕۆوە دەست پێدەکات."

کربی گوتیشی "وەستانەکان کە سێ کاتژمێر پێشوەختە ڕادەگەیەنرێن، لە ئەنجامی گفتوگۆکانی نێوان بەرپرسانی ئەمەریکا و ئیسرائیل لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بووە، لەوانە گفتوگۆکانی جۆو بایدن سەرۆکی ئەمەریکا لەگەڵ بنیامین نەتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل."

هەواڵی ڕاگرتنی شەڕەکە دوای ئەوە دێت کە هێزەکانی ئیسرائیل ڕۆژی پێنجشەممە،9ی مانگی یازدە لە نێوان باڵەخانە وێرانبووەکانی باکووری کەرتی غەززە لەگەڵ چەکدارانی حەماس شەڕیان کرد و لە دوو نەخۆشخانەی گەورەی ئەو ناوچەیە نزیکبوونەوە.

دانیشتوانی غەزە دەڵێن دوای ئەوەی ئیسرائیل فەرمانی بە فەلەستینییەکانی غەززە کرد بۆ چۆلکردنی ناوچەکە، هەزاران فەلەستینی دیکە لە باکوری غەززەوە بەرەو باشووری غەززە هەڵهاتوون.

بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ڕۆیتەرز، زۆرێک لە فەلەستینیەکان هێشتا لە باکووری غەززە ماونەتەوە و لە دوو نەخۆشخانەی ئەلشەفا و قودس خۆیان حەشارداوە.

ئیسرائیل باس لەوە دەکات کە حەماس نەخۆشخانە و ناوچە مەدەنییەکانی دیکە بۆ چالاکییە سەربازییەکانی بەکاردەهێنێت و خەڵکی مەدەنی وەک "قەڵغانی مرۆیی" دەکاتە قوربانی مەبەستەکانی.

هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە لە وەڵامی کوشتنی نزیکەی هەزار و 400 کەسی ئیسرائیل لە لایەن حەماسەوە دەستیپێکرد و ئیسرائیل دەڵێت ئامانجەکەی لەناوبردنی حەماسە لە غەززە. حەماس لە ڕووی دارایی و سەربازییەوە لە لایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێت.

سەرچاوە/ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG